سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار ، کە بریارە سبەی لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەرێوە بچێت ، ئەگەر بڕیارە ، بیر لەپێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز بکرێتەوە ، لۆژیک لەکوێیە؟
ئەوەی دوێنی لەسەنگەری بەرگری لەسیستمی عیراقی نوێ و تێکشکاندنی پاشماوەی بەعسیەکان و تیرۆریستانی قاعیدەو داعش ، بووە پێی بڵێت برۆ ببە بە ئۆپۆزسیۆن.
لەبەر نەبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانیی سەربازی لەسەرانسەری وڵات و بوونی گروپی جیا جیا ، هێشتا پێکهاتەکانی عیراق پێویستیان بەتەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیرکردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتیەکان.
بۆیە دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز ، کە دەنگی هەمووانی تێدا بێت و وڵامدەرەوەی هەموو ئالنگارییەکانی سەر پرۆسەی سیاسی عیراق بێت، هێشتا پێویستیمان بەپرەنسیپی سازانە.
ئەو بیرکردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیکی نیە ، ئەی ئەمە چ جۆرە بیرکردنەوەو چ لۆژیكێکە ، هێشتا حکومەتی هەرێم کۆمەڵێك کێشەی چارەسەرنەکراوی دەستوری و قانونی هەیە لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی ، کە گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستورو دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگە ، باسی حکومەتێکی زۆرینە بکات کە بەدەنگی کورد هیچ پرۆژە یاسایەك ، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان ، بەڵکو لەئەنجومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەرنابێت.
کەواتە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بکەینە قوربانی دەستکەوتی چەند کەسێك کە هیچ بەهایەك بۆ قوربانیەکانی گەلەکەمان دانانێت و بەدوای دروشمێك کەوتوون ، کەهیچ باوەڕیان بەمافی کوردو پێکهاتەکانی دیکەی عیراقیش نیە.
بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لە پێناوی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەکی باشتر نییە بۆ گەلانی عیراق ، بەڵکو هەندێ لایەن ، بەپێ بەرژەوەندی تایبەت و تێروانینی نا ڕاست ، لە ئاوی لێڵ مەلە دەکەن.
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، کەوەك بەرپرسیارو پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان و پارێزەری یەکڕیزی پێکهاتەکان و خاکی عیراق ، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لەدانیشتنی سبەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشدار نابین.