بڵێسە جەبار فەرمان

نەتەوەکان چۆن کەلتوورو دابونەریتەکانیان دەپارێزن؟ پەیوەندی نێوان نەتەوەو کەلتوور چییە؟

  2022-03-20 09:04      261 جار بینراوە        کۆمێنت

لە دێر زەمانەوە ھەندێک ھێمای شادی و دڵخۆشی لە ئاھەنگەکاندا بەکارھێنراوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ژێردەستەیی لە یادچوونەتەوە.

ھەروەھا چەندەھا رێوڕەسمی کەلتوری وجودیان ھەبووە.

ھەموو نەتەوەیەک خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی. نەتەوە ژێردەستەکان کەلتورەکەشیان دزراوە یان ھەوڵدراوە بگۆڕدرێ و موتۆربە بکرێ بەکەلتوری نەتەوەی زاڵ یا سەردەست.

کورد دێرینە و کەلتورێکی دێرینی ھەیە.

دوژمنەکان ھەوڵی زۆریان داوە بۆ لەناوبردنی و سەپاندنی کولتوری خۆیان.

نمونەیەک کە شایەنییەتی دایمە باس بکرێت، بەھۆی سەدان ساڵ ژێردەستەیی و قەدەغەکردنی جەژنی نەورۆزەوە، بەشێکی زۆری ئەو دابونەریتانە لە یادکراون، تەنانەت کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە یادکرا بەھۆی رێگری و کۆسپ دروستکردنەوە. پیرەمێردی شاعیر و منەوەر بە کردنەوەی ئاگر لە مامەیارە ئەو نەریتەی ھێنایەوە باشووری کوردستان.

ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە زۆرێکی تری ئەو داب و نەریت و ھیمایانە زیندوو بکرێنەوە و پەرەیان پێبدرێت.

زۆرێک لە وڵاتان کە خاوەنی کەلتورێکی دێرین نین لە ھەوڵی دروستکردنی نەریت و کەلتوری تایبەت بە خۆیاندان و تێیدا سەرکەوتوو بوون.

بۆ نموونە ئەمرێکا کە لەسەر دەستی کۆچەری نەتەوە جیاوازەکان دروست بووە ھەوڵیاندا داب و نەریت و جەژنی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و بەو ھۆیەشەوە بە چەندەھا جەژن و بۆنەیان دروستکرد. رۆژێکیان ناو نا ‘سانکس گڤین‌ وە کردیان بە دەستپێکی ئاشتەوایی نێوان سپی پێست و سوورپێستەکان. ئەم جەژنە چەندەھا نەریتی جیاوازی بۆ زیادکرا و ساڵانە یاد دەکرێتەوە.

ھەروەھا دروستکردنی جەژنێک بە ناوی ‘ھێلەوین‌ کە تێیدا روخساری خۆیان رەنگ و بۆیە دەکەن و ھەوڵی ترساندنی یەکتری دەدەن و رۆژی ‘ڤالانتاین‌ کە تێیدا خۆشەویستەکان گوڵ و دیاری دەبەخشنە یەکتری.

ئەمریکای چەندھا دەیە پێش ئێستا خاوەنی ھیچ مێژوو کەلتور و داب و نەریتێک نەبوو ھەربۆیە چەندەھا ئەفسانە و قارەمان و جەژنی تایبەت بە خۆی و کەلتورێکی تایبەت بە خۆی دروستکرد. ئێستا ئەو کەلتور و جەژنانەی ئەوان لە تێکڕای جیھان بڵاوبۆتەوە.
گەلی کورد پێویستی بە داتاشین و دۆزینەوە و دروستکردنی ھیچ داب و نەریت و جەژنێک نییە.

مێژووی ھەزاران ساڵەی ئێمە پڕە لە داب و نەریتی ناوازە.

ئەوەی لەسەر ئێمەیە دووبارە زیندووکردنەوە و بەرز راگرتیانە.

لە داب و نەریتی کوردەواریدا لە بری گوڵی سوور، سێوی مێخەکڕێژ لە نێو خۆشەویستاندا پێشکەش بە یەک کراوە.

سێو لە ھەموو کەلتور و ئاینزاکاندا ھێمای تەندروستی و خۆشەویستییە.

مێخەک بەدەر لەوەی بۆنێکی خۆشی ھەیە لە زۆربواری تەندروستی وەک چارەسەری کوردەواری بەکاردەھێنرێت.

زیندووکردنەوەی ئەم نەریتە جوانە ئەرکێکی نەتەوەییە.

بەداخەوە کە دەبینین لە زۆرێک لە ئاھەنگی زەماوەندی ئێستادا لاسایی کردنەوە و کۆپیکردنی کەلتوری تورکی و عەرەبی بەدیدەکرێت کە مایەی نیگەرانییە. ئەمەش بەھۆی ئەو فیلمە دۆبلاجکراوانەوەیە کە شەوانە میوانی ھەموو ماڵێکی باشووری کوردستانن. داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای ئەم فیلمانەوە کەلتوری خۆیان دەخزێننە ناو مێشک و ھەڵسوکەوتمانەوە. ئەوەتا دەبینین لە ئاھەنگی زەماوەند دا بووک پشتێنی سووری بۆ دەبەسترێت لە لایەن براکەیەوە وەک ھێمایەک بۆ کچێنی بوونی، کە ئەم نەریتە نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و نەریتێکی تورکییە.

کەلتوری میللەتی کورد زۆر لە کەلتوری میلەتەکانی دەوروبەرمان دێرین تر و دەوڵەمەندترە.

لە کەلتوری ئێمەدا تارایەکی سوور دراوە بەسەر بووکدا و ئاوێنە و جامێک ئاو و قورئانی لە پێش دانراوە و شەکر یان برنج کراوە بەسەر ھاوسەرەکاندا کە ئەمانەش ھێمای تایبەتیان ھەبووە.

ئاوێنە ھێمای پاکی و بێگەردییە

ئاو ھێمای روون و رەوانییە

قورئان پیرۆزە و لە ھەموو بۆنەیەکدا ھەبووە وەک ئاماژەیەک بۆ خواپەرەستی و پارێزراوبوون.

شەکر و برنج ھیمای رزق بوون بۆ ھەردوو ھاوسەری نوێ.

بێگومان نەریتی کوردەواری زۆرمان ھەیە بەڵام من لێرەدا ئەمەوێت ئاماژە بە جەژنی نەورۆز و زیندووکردنەوەی ئەو ھێمایانە بدەم کە سەدان ساڵ پێش ئێستا لەسەر سفرەی کوردی ھەبوون.

لە ھەموو جەژنێکدا کۆمەڵێک خۆراک ھەن کە سفرەی پێ دەڕازێنرێتەوە. لە چەژنی رەمەزاندا خواردنی شلەی قەیسی یەکێکە لەو نەریتانە لە نەورۆزیشدا سماق، سرکە، مۆم، سیر، سەوزە، سێو، ماسی رەنگاورەنگ، ھێلکەی بۆیەکراو، ئاوێنە، شیرینی و پارە و زۆرێکی تر لە سەر سفرەی جەژنی نەوڕۆز دانراون و ماڵەکانیان پێ رازێنراوەتەوە. ھەریەک لەم شتانە ھێما و سیمبولێک بووە بۆ بابەتێک.

یەکەم ڕۆژی بەھار لای ئێمە رۆژی نەورۆزە لە تێکڕای جیھاندا بە دەستپێکی ژیان دادەنرێت. ئەم یەکەم رۆژی دەستپێکە ھەر نەتەوەو بە شێوەیەک جەژن دەگێڕێت. بەڵام تێکڕای نەتەوەکان ھێما و سیمبول بەکاردەھێنن بۆ ئەوەی ساڵی نوێیان بەشێوەیەکی باش دەستپێبکەن و ئاواتەکانیان لە ساڵی تازەدا بێتە دی.



ھێمای ئەو خۆراکانەی سفرەی نەورۆز و ماڵەکانی پێ رازێنراوەتەوە..
سماق واتا تام و چێژی ژیان
سرکە واتا ئۆقرەگرتن و کامڵبوون
سیر بۆ پارێزراو بوون لە وزەی نەرێنی
سەوزە وەک دەستپێکی ژیانێکی نوێ
ماسی ھەمیشە ھێمای سەروەت و سامان بووە
ھێلکە ھێمای وەچەی زۆرە
ئاوێنە ھیمای پاکی و بێگەردی
ئاو ھێمای روونی
مۆم و رووناکی ئاگر وەک بەگژداچوونەوەی تاریکی

ھەموو ئەمانە ئێستاش بەشێوەی جیاواز لە بۆنەکاندا بەکار دەھێنرێن، بەڵام لەسەر سفرەی نەورۆز و رازاندنەوەی ماڵەکان نین.

ئاھەنگی نەورۆز بێجگە لە کردنەوەی ئاگر و گێڕانی ئاھەنگ بەدەوریدا دەبێت ھاوکات بێت لەگەڵ رازاندنەوەی ماڵەکان و سفری نەورۆز.

کورد دەبێت شانازی بە مێژوو و کەلتوری ھەزاران ساڵەیەوە بکات و خۆی لە کولتوری دوژمنانمان بەدوور بگرێت.

لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنانەدا دەرفەتی زیاتر ھەیە بۆ گشتاندنی کەلتوری کوردی و ناساندنی بەھەموو تاکێک و رزگاربوونی یەکجارەکی لە فەوتان و نەجات بوون لە دەستی داگیرکەران.

تازەکردنەوە و ناساندنی بە تازە پێگەیشتوان و ئەو نەوەیەی دوور بووە لە ژیانی لادێ و گوندەکان چونکە زۆربەی کات لەناو گوندەکاندا رەسەنایەتی زۆرتر پارێزراو بووە ھاتنە شارو تێکەڵبوون بە کەلتوری شار ئەو بۆنەو نەریتانە ون بون.

بەخێرایی گواستنەوە و سەیڤکردن ھۆکاری گرنگن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە بپارێزرێن و نەک بەس بە خۆمان ئاشنا بکرێنەوە لەپاڵ ئەوەدا بە بیانی و نەتەوەکانی تریش بناسرێن وەک کەلتوری کورد.

لێرەدا زۆر مەبەستم بوو ئەوە روونتر بکەمەوە کە کورد پێویستی بە دروستکردنی وەھمی کەلتور نییە، زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی کەلتور و دابونەریتی دێرینی خۆی بەسیەتی بۆ ناساندن و ئامادەبوونی لەناو کەلتوری ناوچەکەو جیھاندا.

وتاری زیاتر






راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      145 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      174 جار بینراوە





کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      144 جار بینراوە















نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-03-08 21:28      260 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو