پرۆسه‌ی ناشیرینكردنی حزب و پێناسەكردنی وەك دامەزراوەیەك لە شێوه‌ی دێوه‌زمه، كه له هه‌موو جۆره‌كانی پێویستی سیاسی و چڤاكی بهتاڵئهكرێتهوه، ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و بوغزاندنه میللییه‌ی كه رقلێبوونه‌وه له نوخبەی سیاسی وا له رای گشتی ده‌كات خودی حزب وه‌ك ئۆرگانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌تبكاته‌وه، دیارده‌یه‌كی ناوچه‌یی نییه و ته‌نها له ئەنجامی شكستی هێز و بزاوته سیاسییه‌كان له كوردستان دروست نەبووە، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش به هۆی شكستی ئه‌زموونی حزب و دابه‌شبوونی ئه‌و رێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تیانه به‌سه‌ر ته‌وژمه ئایدیۆلۆژییه‌كان رۆڵ و كاریگه‌رییان به‌ره‌و پوكانه‌وه و لاوازی چووه، روحی تێڕوانینه‌كه‌ی (گرامشی)ش له زەرورەتی نوێكردنه‌وه و خۆگونجاندنی حزب له‌گه‌ڵ قۆناغ و وێستگه مێژووییه‌كان، پێشمه‌رجی مانه‌وه‌ی حزب و پارتی سیاسییه له پێشڕه‌وی و سه‌ركردایه‌تیكردنی چڤاك و پرۆسه سیاسییه‌كه‌ی، بە هەمان شێوە مه‌رجی گۆڕینی تێڕوانینی خه‌ڵك و هاووڵاتییە به‌رامبه‌ر حزب و پارته سیاسییه‌كان.
مه‌رگی هێواشی حزب و زەرورەتی به‌ها و بنه‌ماكان
له راستیدا مه‌رگی هێواش و له‌سه‌رخۆی پارتی سیاسی و رەتكردنەوەی لە لایەن رای گشتیەوە، زۆرێك له جوگرافیای جیهانی گرتۆته‌وه، به جۆرێك رۆژنامه‌ی (تایمز)ی به‌ریتانی له ناوه‌ڕاستی (2013) له وتارێكدا له ژێر ناونیشانی «هێواش مردنی سیاسه‌ت» مژدانەی به‌سه‌رچوونی مۆدێلی زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كانی داوە، ئه‌گه‌رچی جوگرافیای به نمونە وەرگیراوی ئه‌و بۆچوونە له دیوی دەرەوەدا (به‌ریتانیا) یه، به‌ڵام سروشتی مایه‌پوچبوونی حزب و به‌سه‌رچوونی مۆدێلهكەی دنیای خۆرئاوا و جیهانیشی گرتۆته‌وه، خودی ئه‌و ره‌تكردنه‌وه و بێزرانه جڤاكیهش پەیوەندیی بە وه‌ستانه‌وه‌ی خه‌ڵك هەیە دژی حزب نه‌ك كۆی پرۆسه‌ی سیاسی وه‌ك هه‌وڵی تاك بۆ هه‌ڵبژاردن و رێكخستنی جۆری په‌یوه‌ندی خۆی به كۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵاته‌وه.
له سۆنگه‌ی ئه‌و مه‌رگه هێواشه‌ی پارتی سیاسی موبتەلای بووە، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی له‌سه‌ر خودی حزب جێنەهێشتووە، به‌ڵكو ژیانی دیموكراسی و ههڵبژاردنهكانیشی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه و له سایه‌ی ده‌ركه‌وتنی ته‌وژمی پۆپۆلیستی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران دەرفەتی ده‌ركه‌وتنی هێز و كه‌سایه‌تی نەشیاو و لاوازیشی ره‌خساندووه.
پرۆسه‌ی دیموكراسی كوردستان ده‌مێكه له سایه‌ی شكستی حزبە سیاسییه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی قوڵی جه‌وهه‌ری و له‌ده‌ستچوونی مانا و به‌ها بۆته‌وه، ئەمەش په‌یوه‌سته به دووركه‌وتنه‌وه‌ی حزب له بنه‌ما و پره‌نسیبه باڵاكان، چونكه بنه‌ماكان ئه‌سڵی مانه‌وه و گه‌شه‌كردنن، كاتێكیش بونیاد و په‌یكه‌ری حزب و سه‌رخانی فكری ساغ و ته‌ندروست بێت، به دڵنیاییه‌وه قۆناغی گه‌شه‌كردن وه‌ك پرۆسەیەكی هه‌میشه‌یی به‌رده‌وام ئەبێت، ئیدیۆمه‌كه‌ی (مام جه‌لال) «گهشهكردنو مانه‌وه‌مان به‌نده به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه«، چه‌ند دروشمێكی وزه‌به‌خش و ئومێدبەخشی حزبیی بێت، زیاتر لەوە ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌هێزی و پڕ بنه‌مایی یه‌كێتی بووه له‌و قۆناغه مێژووییه‌ی مام جه‌لال سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد.
دیداری یه‌كێتی، گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ما و به‌ها
دیداری یه‌كێتی، كه وابڕیاره له مانگی مایسی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌رنه‌ڤاڵێكی دیموكراسییه و یەكێتی له رێگه‌ی وێستگه‌یه‌كی ترەوە چوارچێوه‌ی گشتی روئیای سیاسی و ئایدیۆلۆژی و فكری خۆی رێكده‌خاته‌وه به پابه‌ندبوون و خۆگرێدانهوهی به بنه‌ماكانه‌وه رێگه له‌و مه‌رگه هێواشه ئه‌گرێت كه كۆی حزبه‌كان و له ناویشیاندا یه‌كێتی رووبه‌ڕووی بونەتەوە. ئه‌م مۆدێله له ئاپدەیت و خۆنوێكردنه‌وه له ژیانی سیاسی ته‌قلیدی و له ناو فۆڕمه كلاسیكه‌كه‌ی حزبدا به كۆنفڕانس و پلینۆم و كۆنگره سه‌رپێ ئه‌خرێت، له كاتێكدا شێوازی كۆنفڕانس و كۆنگره‌كان هەمیشە ئامانج لێی به‌ده‌ستهێنان و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی پله و پۆست و كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ده‌نگده‌رانی حزب، نەك له پێناوی نوێكردنه‌وه‌ی جه‌سته و فكر‌و ئایدیۆلۆژیا، ئه‌م رێگۆڕكێیه له ئامانجی كۆنگره‌كان له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی هێزی ئه‌رێنی له ژیانی حزبدا، ئه‌بێت بە به‌ڵایه‌كی تری پهرتەواز كردن و مایه‌پوچبوونی سیاسی و به‌ریه‌ككه‌وتن و دابڕانه‌كان زۆرتر و فراوانتر ئه‌كات. ئه‌سڵی بیركردنه‌وه له وێستگه‌یه‌كی تر‌و گه‌ڕان به دوای ئه‌لته‌رناتیفێكی تردا تا له رێگه‌یه‌وه ژیانی حزبی ریفۆڕمی راسته‌قینه‌ی تێدا بكرێت، ته‌نها ئه‌م جۆره دیدار و گفتوگۆ كراوانه‌یه، كه هه‌مووان به یه‌ك ئامانج، كه ئامانجی ریفۆڕمه هاوبه‌شی ئه‌كه‌ن و به به‌رپرسیاریه‌تی و دوور له نمایش گفتوگۆ ئه‌كه‌ن.
گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ما و به‌هاكان له ژیانی حزبدا زەڕورە، به تایبه‌ت كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مجۆره دیداره هاوچه‌رخانه، بۆ ئه‌وه‌یه نوخبه‌ی رۆشنبیریی حزب له‌سه‌ر بنه‌مای (هه‌ڤاڵێتی) و دوور له پله‌به‌ندی ئۆرگانی هه‌مووان له‌سه‌ر داهاتووی یه‌كێتی و دنیابینینی له‌سه‌ر كۆی سێكته‌ر و بواره‌كان گفتوگۆیەكی به‌رهه‌مدار بكه‌ن، سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه به رڕوئیای یه‌كێتی بۆ سیاسه‌ت، ئایین، ئابووری، دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بكه‌ن، تێگه‌یشتنی یه‌كێتی بۆ پرسی ژنان و ئازادییه‌كان، سكۆلاریزم و لێبورده‌یی ئایینیی، هه‌روه‌ك پلورالیزم و یه‌كتر قبو كردن سه‌رله‌نوێ ئه‌پده‌یت بكه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ش له ئان و ساتێك‌دا به‌رجه‌سته ئه‌بێت كه ژینگه‌یه‌كی هه‌ڤاڵانه لە شێوەی دیداری یه‌كێتی ده‌سته‌به‌ری ئه‌كات.
دیداری ناوەكی و دوركەوتنەوە لە نمایش
بایه‌خی دیدار له مێژووی نوێی یه‌كێتی له‌وه‌دا دەردەكەوێت، كه چیتر ریفۆڕمی حزبی و نوێكردنه‌وه‌ی شاده‌ماره‌كانی بیر و سیاسەت له دۆخی شڵه‌قاو و شڵەژاوی ناو سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، وه‌ك چۆن لەرابڕدوودا گفتوگۆی ژیانی حزبی له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌بری ئه‌وه‌ی هاوكار و هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی بكات، به‌رده‌وام سه‌رئێشه و به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتری خوڵقاندووە. ده‌ربازكردنی ئه‌و ئاپدەیتە و نەقڵكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سهكۆكان و پێدانەوەی به خودی حزب تا له پرۆسه‌یه‌كی ناوخۆییدا له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڤاڵێتی گفتوگۆی پڕ سوود و نهخشهڕێیەك دابڕێژرێ بۆ كۆی بواره‌كان، دیارده‌یه‌كی نوێ و به كه‌ڵك ئەبێت.
له راستیدا هه‌موو رێگایه‌كی ناوخۆیی و ته‌واوی گفتوگۆ ناوه‌كییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی دەلاقەیەك له پێناوی ریفۆڕمی سیاسی و رێكخراوه‌یی، یه‌كێتی ئه‌كات به هێزێكی خاوه‌ن بیر و ستراتیژێكی دوورمه‌ودای ههمهجۆر، لە هەمان كاتدا لە مردنی هێواشیش رزگاری ئه‌كات، چونكه مێژوو سه‌لماندویه‌تی نه مێژوو، نه قوربانی و رابردوو، نه قورسایی جه‌ماوه‌ری هێزێك له مردن و پاشه‌كشه رزگار ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی عومری درێژ به پارتی سیاسی ئهبەخشێت، ته‌نها خۆنوێكردنه‌وه و ریفۆڕم و خۆگونجاندنە له‌گه‌ڵ سەردەم و گۆڕانكارییەكاندا.