چاوخشاندنێک بە مێژوی مرۆڤایەتیدا، بۆمان روون دەبێتەوە، چەند ھەوڵ بدرێت راستییەکان بشاردرێنەوە و لەناو رووداوەکاندا ونیان بکەن، بەڵام رۆژێک دێت دەربکەون و خەڵک لێیان ئاگاداربێتەوە. وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی رۆلێکی بەرچاویان ھەبووە و ھەیە لە شاردنەوەی راستییەکان لەبارەی ھەڵسوکەوتیان لە جیھان و تەنانەت لە خەڵکی وڵاتەکەی خۆشیان، ئەویش لە رێی ئەو مەکینە میدیاییە جۆراوجۆرەی ھەیانە و توانای ئەو میدیایە لە ئاوەژوو کردنەوەی راستییەکان یا خستنە رووی رووداوەکان بە قازانجی خۆیان بە شێوازی تر. بۆ نموونە، لە شەڕی داگیرکاری فەرەنسای ئازادییەکان و مافی مرۆڤ لەگەڵ جەزائیر، سوپای فەرەنسا تاونبارکرا بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتومی لە ناوچەی بیابانی جەزائیر و تیاچوون و برینداربوونی خەڵکێکی زۆری ئەو ناوچانە بەو ھۆیەوە.
ئەو کاتە حکومەتی فەرەنسا نکۆڵی لەو تۆمەتر کرد وخۆی لێ بێبەری کرد، بەڵام پاش چەند دەیەیەک دەرکەوت بەڵێ فەرەنسا تەقینەوەی ئەتۆمی لە جەزائیر کردووە لە نێوان ساڵەکانی 1960-1966 و ھەر لەسەرەتاوە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەوسای فەرەنسا شارل دیگۆل بووە و خەلکێکی زۆریش بوونەتە قوربانی، میدیا و رێکخراوە مرۆییەکانی فەرەنسا ئێستا گرنگی زۆر بەم مەسەلەیە دەدەن. نزیکەی 40 ساڵ بەر لەئێستا، ھێزە سەربازییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا، بە بیانووی پاراستنی حکومەتە کۆمۆنیستەکەی ئەفغانستان لە حزب و گروپە ئیسلامییەکان، وڵاتەکەیان داگیرکرد.
لە بەرامبەردا ئەمریکا و ئەوروپا بە توندی دژی ئەم کارەی سۆڤیەت وەستانەوە و ئەمریکا بووە داکۆکیکار لە گروپ و حزبە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمە کە میدیای عەرەبی و خۆرئاوا ناویان نان – مجاھدین – و ئەمریکا ھەموو توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ھاوکارییان.
ئەمریکا بە رێگای جیاواز بڕێکی زۆر پارە و چەک و تەقەمەنییان بۆ ناردن و سعودییەش ھاوکارییەکی زۆری کردن و ژمارەیەکی زۆر عەرەب روویان کردە ئەفغانستان بە ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەشەوە، لە دژی سوپای سۆڤیەت، دواتر ئەو چەکدارانەی شەڕی روسیایان دەکرد بوونە کێشەی گەورە بۆ جیھان بە ئێستاشەوە.
پاش 20 ساڵ لە ناونانی ئەو چەکدارانەی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە بە مجاھدین و پاش رووداوی 11 ی سێپتەمبەر، مجاھدین لە دیدی ئەمریکاوە بوونە تیرۆریست و جەنگێکی بیست ساڵەی دژی ئەفغانستان ھەڵگیرساند کە بەدەیان ھەزار کەسی لە ھەردوو لا تیادا کوژرا. ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنی، ئەمریکا لە خۆشەویستی گەلی ئەفغانستان نەبوو ھاوکاری کردن، بەڵکو لەدژایەتی کردنی سۆڤیەت بوو.
لە ھەڵگیرساندنی نائارامییەکانی سوریا و دروستبوونی دەیان گروپی چەکداری توندڕە و بە داعشیشەوە، بۆ شەڕی دژی سوریا، ئاژانسەکان کەوتنە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی بە رێکەوتنی دەیان توندڕەوی ئیسلامی لە ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی ترەوە بۆ سوریا و پەیوەندی کردن بە گروپە توندڕەوەکان و داعشەوە، ئەم مەسەلەیە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا خۆیان لێ نائاگا کرد ونزیکەی 10 ھەزار چەکداری ئەوروپی و ئەمریکی چوونە سوریا.
ئێستا کە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا ھەڵگیرساوە، جگە لە ھاوکاری سیاسی و میدیایی و سەربازیی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، ھەموویان ھاوکاری ناردنی شەڕکەریش بۆ ئۆکرانیا دەکەن و تەنانەت لە زۆر لەو وڵاتانە نووسینگەی ناو نووسین کراوەتەوە و کرێگرتەی کرواتی، ئەڵمانی، کۆسۆڤۆیی، ئەلبانی، گەیشتونەتە ئۆکرانیا و شەڕی روسیا دەکەن.
لەم روەشەوە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ژمارەیەک لە نازییە نوێکانی ئەڵمانیا لە ئۆکرانیا شەڕی ھێزەکانی روسیا دەکەن. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی سەنیگال رەخنەی توندی لە باڵیۆزی ئۆکرانیا لە سەنیگال گرت، بەھۆی ئەوەی باڵیۆز لە پەیجەکەی خۆیدا لە فەیسبووک ئاگادارییەکی بۆ تۆمارکردنی ناوی کرێگرتەی سەنگالی بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا بڵاوکردبۆوە.
ئەم حاڵەتەش لەبارەی بەئاشکرا ناردنی خەڵکی ئەوروپا بۆ شەری روسیا لە ئۆکرانیا و بێ پەردە باسکردنی، ئەو راستییە بێ پەردە و بێگومانە دەسەلمێنێت کە خۆرئاواییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان و لەسەر ئاستێک، چوونی توندڕەوە ئیسلامییەکانیان بۆ سوریا و عیراقیش رێکخستبێ.