بەندە دژی ئەمریکا و خۆرئاوا نیم وەک دوژمنێک، نەخێر، بەندە سەرنج و تێبینی ورەخنە و گلەییم لە کردار و هەڵوێست و ئێستا و مێژوشیان هەیە، کە دیارە رەنگ دارێژەری ئایندەشیانە.
سەردەمی جەنگی سارد
سەردەمی جەنگی سارد هەر کەسێ وابیری بکردایەتەوە، دەیانگوت؛ ئەوە سەر بە بلۆکی خۆرهەڵاتە یان دەیانگوت؛ کۆمۆنیستە. بەڵام ئێستا یەکێتی سۆڤێتیش نەماوە و روسیاش کۆمۆنیست نییە تاکو وەک جاران بگوترێ، بەپێچەوانەوە، روسیاش وەک ئەوانە و وەک ئەوان دەکات وچاویشیان لێدەکات!.
خۆرئاوا، رۆڵی گەورەی گێڕاوە لە پێشخستنی مرۆڤایەتی لەهەموو بوارەکاندا، داهێنەری مافی مرۆڤ و دیموکراسیی و داهێنانە زانستییەکانە، لە هەمان کاتدا، داهێنەری نازییەت و فاشیزم و ئیستعمار بووە.
پورتوگال و ئیسپانیا و هۆڵاندا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و فرنسا و ئەڵمانیا، نیوەی زیاتری وڵاتانی دونیایان داگیرکردبوو بە ئەمریکاشەوە، ئەمریکا شەڕی چەندین وڵاتی کردوە، ئەوانەی چونە ئەمریکا بۆ ئاوەدان کردنەوەی، دەیان هەزار کەسیان لە هیندییە سورەکانی خاوەنی ئەمریکا کوشت. بۆیە بەهۆی ئەو بنەمایەی لەسەری دامەزراون، زۆرجار دەگەڕێنەوە سەر، ئەسڵەکەیان و لەهەندێ تاقیکردنەوەدا دەرناچن!
لەگەرمەی خۆپیشاندانە رێکخراوەکانی بەغدای ساڵی 2020 دا، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر، پەلاماری پەرلەمانی عیراقیان دا و گرتیان و بەشێکی زۆری کەلوپەلیان شکاند. لەدەرنەچونی دۆناڵد ترەمپیشدا لە دوا هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، لایەنگرانی ترەمپ، پەلاماری تەلاری کۆنگرێسیان دا و گرتیان، لەمەدا چ جیاوازییەک هەبوو، لە نێوان ئەمریکایەک کە بە حیساب مەڵبەندی دیموکراسییە و عیراقێک کە لە وانەی یەکەمی دیموکراسیدایە.
وەفدە ئەمریکایی و ئەوروپاییەکان، کاتێک سەردانی ئەم وڵاتە دەکەن و بەتایبەتیش کوردستان، زۆر باس لە دیموکراسی وهەڵبژاردن و مەسەلەی دەستا و دەستی دەسەڵات دەکەن و ئاستی پەیوەندی و هاوکارییەکانیان بە ئاستی پابەندبوونی ئێمەمانانەوە بەو مەسەلانەوە پابەند دەکەن.
باشە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین، لە کوێی ئەم داواکارییانەدان کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دۆستی نزیکیانن؟ بە هەمان شێوە لە مەسەلەی ئازادی رادەربڕین و دەست گەیشتن بە هەواڵ و زانیارییەکان، زۆر تأکیدی لێدەکەنەوە، بۆ پێوە پابەندبوونی ئەم وڵاتانەی ئێمە و بۆ ئەم مەبەستە، هاوکاری و پشتگیری چەندین رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن بۆ چاودێری ئەم مەسەلەیە.
داخستنی سایت و پەیجەکانی روسیا
کەچی ئێستا خۆرئاوا، بەشێکی زۆری کەناڵە میدیاییەکان و سایت و پەیجەکانی روسیای لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا راگرتووە وداخستووە و رێگا نادات خەڵک دیدوبۆچوونی روسیا لەبارەی جەنگەکەوە بزانن، جا هەر چییەک بێ! ئەمریکا و ئەوروپا، هەمیشە گلەیی و گازندەیان هەبوە لەوەی هەندێ وڵات هێز، یان گروپی چەکدار دەنێرن بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکی چەکدارییان تێدایە تا ئاستی بریار لە سزادانی ئەو لایەن وڵاتانەی کاری لەو جۆرە دەکەن، کەچی ئێستا بەئاشکرا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا چەکداری کرێگرتە بە ناوی خۆبەخشەوە دەنێرن بۆ ئۆکرانیا، بۆ شەڕکردن دژ بە سوپای روسیا، تەنانەت ژمارەیەک لە چەکدارە توندڕەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش گەیشتونەتە ئۆکرانیا!
بەپێی راپۆرتە هەواڵی هەندێ پەیامنێری ئاژانس و کەناڵە میدیاییەکان، ئەو ئاوارانەی دەگەنە سەر سنووری ئۆکرانیا و پۆلۆنیا، کە رۆژانە هەزاران کەس دەبن، ئۆکرانییەکانیان و خۆرئاواییەکانی تر، بەزویی بلیتی شەمەندۆفێریان دەدەنێ و بەرەو ناو پۆڵەندا بەڕێیان دەکەن، ئەوانی تر، ئاسیایی و ئەفریکایی و خەڵکانی ئەمریکای لاتین، ئەبێ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن تاکو رێگایان پێ دەدرێ و دەشبێ بە پارەی خۆیان بلیتی سەفەرەکەیان بکڕن!