قادر عەزیز

سەعدی گچكە؛ هەڵۆكەی داستانی دەشتێو

  2022-03-08 13:44      105 جار بینراوە        کۆمێنت

مانگی ئادار، مانگێكی جیاكەرەوە و شوێنێكی دیاری لە مێژووی گەلەكەمان و خەبات و قوربانییەكانیدا هەیە، لەم مانگەدا جگە لە نەورۆز و (8)ی مارس و یادی راپەڕین، دەیان بۆنەی خۆش و ناخۆشی تر هەیە كە هەرگیز لەبیر گەلەكەمان ناچێتەوە، یەكێك لەم بۆنانە كە زیاتر لە چوار دەیەیە بە شكۆ و داخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەمیشە یادی دەكەینەوە، داستانەكەی (دەشتێو) و شەهیدبوونی سەركردەی ئازا و دیاری گەلەكەمان سەعدی عەزیز ناسراو بە «سەعدی گچكە» و 12 لە هەڤاڵەكانێتی، شەڕ و داستانی دەشتێو دەكەوێتە رۆژی (8)ی مارس و ئەمساڵیش 8/3/2022، 44 ساڵ بەسەر ئەو یادەدا تێدەپەڕێت. 44 ساڵ لەمەوبەر لەكاتێكدا شەهید سەعدی گچكە و هێزێكی پێشمەرگە لە هەردوو هەرێمی دەشتی هەولێر و خۆشناوەتی بەرەو سەركردایەتی (نۆكان) بەڕێوەبوون لەگەڵ نەشارەزاییان لە ناوچەكە و نابەرامبەرییەكی زۆر لەگەڵ هێزی دوژمن، دەكەونە شەڕێكی دەستەویەخە لەگەڵ هێزێكی زۆری دوژمن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكەی پێشمەرگە بەهۆی ئازایەتی و لێهاتوویی و شارەزاییان لە شەڕدا، لە ماوەی 12 سەعات شەڕی بەرەیی و دەستەویەخەدا، دەتوانن زەرەر و زیانێكی زۆر گەورە بە هێزەكانی دوژمن بگەیەنن، بۆیە ئەو شەڕە بە یەكێك لە داستانە هەرە گەورەكانی‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گەلەكەمان ئەژمار دەكرێت.

چیرۆکی شەڕی‌ (دەشتێو)
ئەو شەڕە كاتێك روویدا، كە كاك سەعدی‌ بە یاوەری‌ سەید كاكە فەرماندەی‌ هەرێمی‌ خۆشناوەتی‌‌ و ژمارەیەك لە کادر ‌و پێشمەرگەكانی‌ هەردوو‌ هەرێمی‌ دەشتی‌ هەولێر‌ و خۆشناوەتی‌ كە ژمارەیان 42 كەس بوو، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی‌ سەركردایەتیی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ‌و كۆبوونەوەی‌ فراوانی‌ بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان، بەرەو نێوزەنگ ‌و نۆكان، بارەگای‌ سەركردایەتیی‌ شۆڕش بەڕێوەبوو.

پێشمەرگەكانی شەڕی‌ (دەشتێو) بەهۆی‌ پلانی‌ پێشوەختی‌ سوپای‌ رژێم‌ و نەشارەزایی‌ ناوچەكە، لە هەر چوارلاوە گەمارۆدرابوون، شەڕەكەش لەلایەن خودی (ئیسماعیل تایە نعێمی‌) فەرماندەی‌ فیرقەی ‌1ی‌ ئەو كاتەی سوپای‌ عیراق سەرپەرشتی‌ دەكرا، لەو شەڕەدا كە لە بەرەبەیانی‌ ئەو رۆژە تا درەنگانی‌ ئێوارەی‌ خایاند، بە قسەی‌ (ئیسماعیل تایە نعێمی‌)، زیانی‌ دوژمن بریتی بوو لە كوژرانی‌ 160 سەرباز ‌و ئەفسەر ‌و برینداربوونی‌ 250ی‌ تر ‌و پێكانی‌ هەشت هەلیكۆپتەر ‌و كەوتنە خوارەوەی‌ دوانیان لە مەیدانی‌ شەڕەكەدا، بەداخەوە ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە شەهیدبوونی‌ كاك سەعدی‌ خۆی ‌‌و 16 کادر ‌و پێشمەرگەی‌ قارەمان نووسرایەوە كە 12یان لە مەیدانی‌ شەڕەكەدا شەهیدبوون ‌و چواریشیان دوای‌ برینداری ‌‌و بەدیلگیران، دواتر لە سێدارەدران.

گرنگی‌ شەڕی‌ (دەشتێو) لەوەدابوو كە (ئیسماعیل تایە نعێمی‌) دوای‌ شەڕەكە نامیلكەیەكی‌ بە ناوی‌ (بساگ ناجح فی‌ منگقە قلعدزە.. تجربتی‌ مع القیادە) نووسیوە ‌و لە ریزەكانی‌ سوپادا بڵاویكردۆتەوە، لە نامیلكەكەدا هۆشداری دەداتە سوپا كە پێشمەرگە شەڕی‌ لەگەڵ سوپا قۆناغی‌ پارتیزانی‌ تێپەڕاندووە ‌و چۆتە قۆناغی‌ شەڕی‌ گەڕۆك (الحرب المتحركە) كە ئەمەش بۆ سوپا لەمەودوا رووبەڕووبونەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا دژوار دەكات.

ژیاننامەی ״سەعدی گچكە״
شەهید سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچكە، ساڵی 1946 لە دێی (سێبیران)ی نزیك قوشتەپەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی هەژار و نیشتمانپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. ساڵی 1963 ریزی سوپای عیراقی بەجێهێشتووە و پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلولەوە كردووە، سەرەتا لە ناوچەی‌ دەشتی كۆیە‌ و چەمی رێزان ‌و پاشان لە ناوچەی‌ خۆشناوەتی‌ و باڵەكایەتی درێژەی‌ بەكاری پێشمەرگایەتی داوە، بەهۆی ئازایەتی ‌و لێهاتوویی لە شەڕ و نەبەردیەكاندا، هەر زوو پلەی‌ سەرپەل‌ و پاشان سەرلق‌ و دواجاریش فەرماندەی‌ بەتالیۆنی بەدەستهێناوە.

لە زۆربەی‌ شەڕەكانی دەشتی هەولێر، خۆشناوەتی، كۆیە، باڵەكایەتی بەشداری دیار و كاریگەری هەبووە،‌ ساڵی 1974 یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی ماكۆك بووە، دوای سێ مانگ لەبەرگریكردنی بەردەوام بریندار بووە.

هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975، ورەی‌ بە كاك سەعدی بەرنەداوە‌، بەڵكو هەر زوو لەگەڵ بەشێك لە بەشداربووانی شۆڕشەكە، خولیای دروستكردنەوەی‌ مقاوەمەت ‌و سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە مانگەكانی سەرەتای دوای هەرەس، لە مەهاباد ‌و ئورمیە لەگەڵ ژمارەیەك لە کادر ‌و سەركردە تێكۆشەرەكانی‌ شۆڕشی‌ ئەیلول، لە مشوری دروستكردنی رێكخراوێكی تازەدا بووە ‌و بۆ ئەو مەبەستەش، هەموو لایەكیان گەڕاونەتەوە عیراق ‌و دواتر لە بەغدا ئەو رێكخراوەیان بە ناوی‌ (بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) دامەزراندووە.

دوای‌ دامەزراندنی‌ (بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) بە چەند مانگێك، لەسەر راسپاردەی‌ مام جەلال‌ و بە هەماهەنگی‌ و هاوبەشی یەكێتی ‌و بزووتنەوە‌ و كۆمەڵە، بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵگیرسانەوەی‌ شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە رۆژی 8/8/1976 لەگەڵ تێكۆشەران (عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، ملازم تایەری عەلی والی، یاسین قادر، سەید كاكە، قادر عەزیز، جەعفەر ئەسوەد) ‌و چەندین کادر‌ و پێشمەرگەی‌ تری بزووتنەوە، گەیشتوونەتە چیاكانی‌ كوردستان‌ و دەستیان بە دروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی پارتیزانی كردووە، لەدوای چەند مانگێك لە هاتنە دەرەوەی‌ بووە بە فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر و سەركردایەتیی یەكەم مەفرەزەی‌ پارتیزانی بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی ‌و دەشتی هەولێر كردووە ‌و یەكەم چالاكی پێشمەرگانەشی لە 4/1/1977 لە رێگای نێوان (بەستۆرە و مەلا ئۆمەر)ی هەولێر بووە كە بووە هۆی كوشتنی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام (سابیر زێدان) ‌و پارێزەرەكانی ‌و هەر لەو چالاكیەشدا بریندار بووە.

شەهید سەعدی یەكێك بووە لە سەركردە هەرە ئازاو شارەزاكانی شەڕی پارتیزانی‌ و لە ماوەی‌ ساڵێك ‌و حەوت مانگدا لە دەستپێكی هەڵگیرساندنی شۆڕشدا، سەركردایەتیی چەندین شەڕی قارەمانانەی‌ دژ بە رژێمی رەگەزپەرستی بەغدا كردووە، لەناویاندا شەڕەكانی (خانزاد، هەورێ، سەفین، دیدەوان، شیوەشان)، لە شەڕی (حسن موترب)ی بناری‌ دێدەوانیش، جارێكی تر بریندار بووە.

شەهید سەعدی لە رێگەی‌ چوونی بۆ سەركردایەتی، بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی‌ سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی‌ فراوانی‌ بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان لە رۆژی 8/3/1978 لە دیارترین ‌و بەناوبانگترین شەڕی دەستەویەخە كە بە شەڕی (دەشتێو) ناسراوە، لە ناوچەی‌ قەڵادزێ لە تەك 12 کادر‌ و پێشمەرگەی‌ تردا شەهید بووە، بە شەهیدبوونی زەرەر و زیانێكی گەورە لە شۆڕش كەوت.

خوالێخۆشبوو مام جەلال بەبۆنەی ئەو شەڕەوە بەیاننامەیەكی بە زمانی عەرەبی لە ژێر ناونیشانی (معركە بگولیە من الشفق الی‌ الغسق) واتە شەڕێكی قارەمانانە لە كازیوەوە بۆ تاریكی بڵاوكردەوە كە لە دەرەوەی كوردستانیش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.

شەهید سەعدی لە دوای خۆی، ژنێك ‌و چوار منداڵی بە ناوەكانی (هێرش، هێمن، ماكۆك، لەنجە) بەجێهێشتووە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكە و هاوڕێكانی

ناوی شەهیدەكانی شەڕی دەشتێو:
* سەعدی عەزیز، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوە ‌و ئەندامی كۆمیتەی‌ سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر.

* فاروق سدیق، ئەندامی پێشكەوتووی‌ كۆمەڵە ‌و رابەر سیاسی هەرێم (هەولێر-گوندی‌ قوشاعلۆ).

* فەرخ قادر، پێشمەرگە (هەولێر – قەراج).

* فەریق هەمزە، پێشمەرگە (كەركوك – ساڵەیی)

* شاهێن عیزەدین، پێشمەرگە (پردێ).

* تاهیر محەمەد عەلی، پێشمەرگە (هەولێر – قەراج).

* جەبار ئیسماعیل، پێشمەرگە (هەولێر).

* عوسمان باوە، پێشمەرگە (هەولێر).

* سامی عوبێد، پێشمەرگە (هەولێر).

* سەباح جەمیل، پێشمەرگە (هەولێر).

* ئەحمەد محەمەد ئەمین، پێشمەرگە (هەولێر – چەمرگە).

* ئەحمەد محەمەد، پێشمەرگە (هەولێر – پیرەر).

هەروەها لەو شەڕەدا، چوار پێشمەرگە بە برینداری بەدیلگیران كە پاشان لە رۆژی‌ 21/6/1978 لە زیندانی موسڵ لە سێدارەدران، ئەوانیش (جەعفەر مام ئەسوەد كۆیی‌، جەواد كەریم گۆمەشینی‌، كەمال واحید گۆمەشینی‌، حسێن عەبدولڕەحمان گۆمەشینی). هەروەها عەزیز باپیر ناسراو بە سەید عەزیز گۆمەشینی‌، دوای‌ دەستگیركردنی، بە ماوەیەك بەهۆی‌ بچووكی‌ تەمەنیەوە، بە لێبووردنی‌ گشتی‌ ئازاد كرا.

* كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشداربوویەكی شەڕەكە.

وتاری زیاتر

داستانی کۆرێ‬ قادر عەزیز
2020-04-12 14:34      488 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو