جووڵەو هەنگاوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ خوێندکاران بۆتە ئومێدی گەورەی کادر و جەماوەر و گەنجانی زانکۆ و پەیمانگەکان. یەکێتی لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە تا هەنووکە پاڵنەری راستەقینەی گەنجان و خوێندکاران و لاوان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بووە٠
ناڕەزایی دەربڕینی خوێندکاران و داوای ماف و پێداویستییەکانیان و داخوازیەکانیان، کردەیەکی تەندروست و بەجێیە، بەڵام ئەوەی بە پلەی یەکەم لەو دۆخە ئاڵۆز و ناتەندروستە بەرپرسیارە بەرامبەر بە تاک و کۆمەڵگە حکومەتە. بەداخەوە خەمساردیی و بێباکیی حکومەت هێدی هێدی لە برەودایە.
ئەوەی بۆ ئێمەمانان جێگەی شانازییە گوێگرتن و رێزگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خوێندکاران بوو لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە، هەمدیسان بەردەوام بوون و بەدەمەوەچوونی بەڕێزیان بۆ بەرجەستەکردنی خەونە بەدینەهاتووەکانیان و بەخشینی چەندین سەعات بۆ کۆبوونەوەکان و دیالۆگ لەگەڵیاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە لەمپەر لەبەردەم خوێندکاران و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەلی کار و بنبڕکردنی گرفتەکانیان.
خوێندکاران دڵخۆش و شاگەشکە بوون بە بەڵێنەکانی یەکێتی و بینین و دانیشتنی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی و پشتیوانی و پشتگیریی لە هەوڵ و توانستی خوێندکاران لە ئاستی هۆشیاریی و زانستی و ئەکادیمی و جێبەجێکردنی بەرنامە و ئەجێندایەک بۆ خوێندکاران کە لەئاستی تموح و داخوازییەکانی خوێندکاراندابێت.
خوێندکاران بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڕاستی بۆت سەلماندین کە خەمخۆر و پاڵپشت و داینەمۆی کۆمەڵگەی، سەلماندت بە کردار کە بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگە و پاراستنی شکۆی تاک و ئاسایشت نەتەوەیی کۆمەڵگەکەت لەلا پیرۆزتر و گەورەتر و بە نرخترە لە بەرژەوەندییە خودییەکان، سەلماندت بۆمان کە شاسواری ئاوەدانی و پارێزەری راستەقینەی بۆ کۆمەڵگە.
یەکێتی بەکردار چ لە شاخ و چ لەشار پشتیوانیی سەرجەم داخوازییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و هاوکار و پشتیوانی تایبەتی خوێندکاران بووە، چونکە هەمیشە یەکێتی و گەنج و خوێندکاران و لاوان ئاوێتەی یەکتربوون.
لەو سۆنگەیەوە خوێندکارانیش بە شانازییەوە باسی دەستکەوتەکانی یەکێتی و سەرمایەی ئازادیی رادەربڕینی یەکێتی و دیموکراسی و خزمەتکردنی ئەو حزبە سۆشیال دیموکراتە دەکەن، کە بەردەوامە لە خزمەتکردن و ژیاندۆستی و مرۆڤ دۆستی.
جووڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و دانیشتن و گوێگرتن لە خوێندکاران وێنایەکی پڕشنگدار و گەورەی بۆ مێژوو تۆمارکرد، سەرکردەیەک خەمی بەدەمەوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندکاران بوو، کە بەشانازییەوە بەکرار جێبەجێشی کرد.
هەمدیسان یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت خزمەتکردنی خوێندکاران و گەنج و لاوان بە بەرنامە و ستراتیژێکی نوێباو لە ئەولەوییەتی ئەو حزبە مۆدێرنەدایە کە لەگەڵ ئەمڕۆی واقیعی کۆمەڵگەدا بگونجێت، لەو سۆنگەیەشەوە یەکێتی هەر پێشەنگ بووە و هەر بە پێشەنگیش دەمێنێتەوە.