ھاورێ رواندزی

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ وا دەکات؟

  2022-03-06 11:51      323 جار بینراوە        کۆمێنت

خوێندکاران و گەنجان سەرمایەکی گرنگی ئەم وڵاتەن، یەکێتی لەھەموو سەردەمەکاندا پشتگیرو پشتیوانیان بووە، بەڵام ئەوەی لای من و زۆرێک لەھاووڵاتیان سەرنج و تێرامانە ئەوەیە بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ وا دەکات؟ 
رەنگە ئەوەی ئەو پێشەکییە بخوێنتەوە بڵێت دەبێ چی کردبێ؟ لەگەڵ سەرھەڵدانی ناڕەزاییەکانی ئەم دوایەی خوێندکاران لەسنووری سلێمانی، ھەر زوو بافڵ جەلال تاڵەبانی پێش ھەموو کەسێک ھاتە سەرخەت و لەنزیکەوە دیداری لەگەڵ نوێنەری زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان ئەنجامدا، لەنزیکەوە گوێبیستی داوا رەواکانیان بوو، سێ کۆبوونەوەی دوورو درێژی لەگەڵ بەستن، دەستی کرد بەجێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ھەر لەنۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆکان و دابینکردنی پێداویستییەکان و گەڕانەوەی دەرماڵە بۆیان، ھەر بەوەش نەوەستا بۆ ئەوەی دواڕۆژی خوێندکاران و گەنجان گەش بێت بەڵێنی ئەوەی پێدان لەسەر ئەرکی یەکێتی ژمارەیەک پرۆژەی زانستی ئەنجامبدرێت لەپێناو باشترکردنی ئاستی زانکۆکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ پێشخستنی خوێندن و دۆزینەوەی ھەلی کارو ئامادەکردنی خوێندکاران بەپێی پێویستی رۆژ، ئەو مۆدێلە بەلای من لەژیانی حزبایەتی نوێیەو حزب دەیەوێ یان باشتر بڵێن بافڵ جەلال تاڵەبانی دەیەوێ حزب ببێتەوە ئامراز بۆ خزمەتکردن نەوەک بار بەسەر شانی گەنجان و خوێندکاران.
دیارە گەنجێکی وشیار میلەتێکی وشیاری لێبەرھەم دێت، گەنجان و خوێندکارانیش شادەماری ئەو کۆمەڵگایەن گرنگی پێدانیان بەمجۆرەو کۆبوونەوەی لەگەڵیان بەچەندان سەعات دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێ دانەبرێت لە بەگەنج مانەوەی، ئەوەی لەدوورەوە لەڕێگای ھەواڵەکان لەبارەی کۆبوونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ خوێندکاران دەیبینم مایەی دڵخۆشییە ، بەدیوێکی تر دڵخۆشییەکەم زیاتر ئەوەیە راستەوخۆ خۆی دەیانبینێت نەوەک لەڕێگای نوێنەرو کەسانی ترەوە، ئەمڕۆ خوێندکاران و گەنجان ھی سەردەمی راپەرین و پێش راپەرینیش نین ئەوان ژیانێکی شایستەیان بۆخۆیان دەوێت مافی رەوای خۆشیانە، کەمافەکەیان بۆ دەستەبەر کرا ئەوانیش رێز لەخەبات و ماندووبوون و قوربانییەکان دەگرن، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخۆیندکاران و گەنجان دەڵێت سەرمایەی نیشتمانیی لای یەکێتی نەوت و غاز و داھات و پارە نییە، بەڵکو بۆ یەکێتی سەرمایەی نیشتمانی گەنجان و خوێندکارانی ئەو وڵاتەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەی واقعی ئەمڕۆی کۆمەڵگەیە ، پەروەردەکردنی گەنجان و خوێندکارانە بۆ دوارۆژێکی گەش، پێشکەشکردنی ئەو ھەستە کردارییەیە کەبافڵ جەلال تاڵەبانی بەخوێندکارانی دا، ھەر حزبێک خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنیت و لەدروشمەوە بیکاتە کردار، ئەوا ئەو حزبە سەردەکەوێ، ھەر حزبێکیش گەنج و خوێندکارانی لەگەڵ بوو ئەوا ھەرگیز ناکەوێ.
لەکۆبوونەوەکانی لەگەڵ خوێندکاراندا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشنیارو سەرنجی خوێندکاران وەردەگرێت لەبارەی چۆنێتی کارکردنی داھاتووی یەکێتی، لەبارەی پێویستی ئەمڕۆی خەڵک، داواکانی شەقام، پێویستی رێکخراوە خوێندکارییەکان و کارکردن لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی خوێندنی باڵا، ئەمەش بۆ یەکێتی ھەم بەرچاو روونیی دەبێت کەئیستا خەڵک چی دەوێت و چی پێویستە، بەمەش خەڵک رووی لەیەکێتی دەبێت بۆ داھاتوویەکی باشترو خۆشگوزەران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەی من تێگەیشتووم بەم کارانەی دەیەوێ بڵێت بارەگاو دامودەزگاکانی یەکێتی ئەو قۆناغەی تێپەڕاند تەنیا شوێنی حزبایەتی تەقلیدی بێت، ئێستا بارەگا گرنگەکانی حزب بۆ خزمەتکردنی گشتییە، نەوەک تەنیا بۆ ئەندامان و لایەنگران، بەمەش بافڵ جەلال تاڵەبانی تەکانێکی خێرای بەڕۆحی حزبایەتی دا.
کاک بافڵ کەدەڵێم بۆ وا دەکەی؟ زیاترو زیاتریش بکە بۆ دواڕۆژێکی گەش بۆ یەکێتی و گەشتریش بۆ کۆمەڵگە، خۆیندکاران سەرەتا بوون چاومان لەزیاترە، سەرۆک مام جەلال کەسی بێ بەش نەدەکرد لەخزمەتکردن، ھەر بەردەوامبن، بەڵام وەک خوێندکاران و گەنجان ئەوانی تریش ببینە ژیانی حزبایەتی دەگەشێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتر.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو