جەنگ ھۆکارەکەی ھەرچی بێ، کاولکاریی و کوشت و کوشتاری لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ھۆکارکانی ھەڵگیرسانی، بەرلە دەستپێکردنی، چارەسەر بکرێن زۆر باشترە، گەر ھەڵیشگیرسا، ئەوا تا زوو بوەستێ، زەرەر کەمتر دەبێ. بەندە وەک مرۆڤێک و وەک کوردێکیش جگە لەوەی دژی جەنگم و نەھامەتییەکانیشم دیوە، بەڵام دەمەوێت ھەندێک سەرنج و تێبینی و پرسیار لەبارەی ئەوەی ئێستا لە جەنگی ئۆکرانیا دەگوزەری بخەمەڕوو.
مێژووی نێوان روسیا و ئۆکرانیا
مێژووی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھەزار ساڵێک بەرلە ئێستا، روسیاییەکانی ئەو سەردەمە پێیان دەگوترا روسکێڤا، یان روسکێڤ، یانی روسەکانی کیێڤ. ھەروەھا کیێڤی ئێستا پایتەختی ئەوسای روسیا بوو. ئۆکرانیا لە پاش شۆڕشی ئوکتۆبەر دروستبووە، دوو بەش بووە، دواتر بۆتە یەک بەش، لە سەردەمی سەرۆکی ئەوسای یەکێتی سۆڤییەتدا نیکێتا خرۆچۆڤ، کرێما – قرمیشی خراوەتە سەر لەبەرئەوەی خۆی خەڵکی ئەوێ بووە. لە ساڵی 1941 دا کاتێک سوپای ئەڵمانیای نازی پەلاماری یەکێتی سۆڤیەتی دا و یەکەم شوێن ئۆکرانیای ئێستا و کێڤی داگیرکرد، ئۆکرانییە شۆڤێنییەکان چوونە پاڵ ھیتلەر بۆ شەڕی یەکێتی سۆڤیەت. لە پاش ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆکرانیاش جیابووەوە و زۆربەی کات کێشەی لەگەڵ روسیا ھەبووە و بەگوتەی روسیا، بەردەوام حکومەتی ئۆکرانیا روسەکانی ئۆکرانیای چەوساندۆتەوە قسەکردنی بە زمانی خۆیان لێ قەدەغەکردوون. سەرەنجام لە ساڵی 2014 دوو ناوچەی روسیایینشین بڕیاری جیابوونەوەیان دا و لە ریفراندۆمێکیشدا زۆرینەی خەڵکی کریما، دەنگیان بۆ چوونە سەر روسیا دا و روسیای فیدراڵیش رەزامەندی دەربڕی و کێشەیەکی گەورەی لێکەوتەوە و ئۆکرانیا ھێزی لەبەرامبەر ناوچەی دومباس کە دوو کۆماری لێ راگەیەنرابوو بەکارھێنا و لەوساوە ھەزاران کەس لەو ناوچەیە کوژراون.
چارەسەرنەکردنی کێشەکان
لەمبارەیەوە روسیا ھەوڵی زۆریدا لەگەڵ ئۆکرانیا تاکو کێشەی ئەو ناوچەیە چارەسەر بکرێت و ئاڵۆزتر نەبێت. لەبەرامبەر ھەوڵەکانی روسیا، لەناو ئۆکرانیا ئەو لایەنانەی دژی روسیا بوون ھەوڵیان دا ئەوانەی لایەنگری روسیان لە دەسەڵات دووریان بخەنەوە و ھەرواش بوو. دواتر و لە توندبوونی ناکۆکی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئۆکرانیا ھەموو ھەوڵی خۆی خستەگەڕ، تاکو ھەم ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ھەم ناتۆش. ئەمەش ترسی روسیای زیاترکرد و داوای لە ئەمریکا کرد ھەوڵی ئەوە نەدەن و لە ھەمانکاتیشدا داوای زامنکردنی ئاسایشی روسیای لە ئەوروپا و ئەمریکا کرد و بەقسەی روسیا نە وەڵامی لە ئەمریکا و ئەوروپا وەرگرت نە لە ئۆکرانیاش و بەپێی ئەمەش روسیا رایگەیاند. ترسمان لەوە ھەیە، ناتۆ پەل بکێشێ بۆ ناو ئۆکرانیا و ببێتە ئەندامی ناتۆ و بەوەش ئاسایشی روسیا دەکەوێتە مەترسییەوە بەتایبەتیش، وەک روسیا دەڵێت، ئێستا نازییە نوێیەکان لە دەسەڵاتدان.
شۆرڕشی پرتەقاڵی
لەدوای ئەو رووداوانەی ساڵی 2004 کە ناویان نا شۆرڕشی پرتەقاڵی، روسیا دەڵێت، ئەمریکا دەسەڵاتی خۆی لە رێی دەزگای ھەواڵگرییەوە لە ئۆکرانیادا چەسپاندووە بەمەبەستی دژایەتی روسیا. ھەموو ئەو ھۆکارانە و بەقسەی روسیا بوونی نازییە نوێکان و ھەوڵی ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ و جەنگی ئۆکرانیا دژی ھەرێمی دونباس و ھەوڵی حکومەتی ئۆکرانیا بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆم، روسیا بڕیاری داپەلاماری ئۆکرانیا بدات.
هۆکاری جەنگەکە
ئێستا جەنگەکە بەردەوامە، بەڵام ئایا ئەمە جەنگی روسیا و ئۆکرانیایە؟ نەخێر، بەڕای بەندە، جەنگی روسیا و ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسییە کە لە بنەڕەتدا لە دژی سۆڤیەتی جاران دروست بووە! بۆ ! چونکە:
یەکەم: زۆربەی زۆری ئەندامی ئەو ھاوپەیمانێتییە سزای جۆراوجۆریان بەسەر روسیادا سەپاند.
دووەم: ئاسمانی وڵاتەکانیان بەرووی فڕۆکەکانیدا داخست.
سێیەم: زۆربەیان بڕیاریاندا چەک و تەقەمەنی بنێرن بە فڕۆکەشەوە لە جۆری میک 29 و 25 و موشەک و چەکی دژە فڕۆکەش.
چوارەم: زۆربەیان بڕیاریاندا نووسینگەی ناونووسین بکەنەوە بۆ ناونووسینی ئەوانەی دەیانەوێ بچن بۆ شەڕ دژی روسیا لە ئۆکرانیا و بەپێی تازەترین ھەوڵیش ژمارەیەک خانەنشینی ھێزی تایبەتی بەریتانیا بەڕێکەوتوون بۆ ئەوێ و ھەروەھا ژمارەیەک چەکداری توندڕەویش کە دژی سوریا و روسیان لە نێو سوریا شەڕیان دەکرد بریاریان دا بچنە ئۆکرانیا.
پێنجەم: زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانە، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و ئاژانسەکانی ھەواڵی روسیایان لە وڵاتەکانیان راگرت. یوتیوپ و فەیسبووک و ئینستاگرام وگۆگڵ ھەرچییەک پەیوەندیی بە روسیا و کەناڵەکانی راگەیاندنییەوە ھەبێ، رایانگرتووە و زۆر کەم ھەواڵی جەنگ و دیدی روسیا دەگاتە خەڵکی ئەوروپا.
شەشەم: بەشێک لەو وڵاتانە بەندەرەکانیان بەڕووی کەشتییەکانی روسیادا داخستوە و تورکیاش ھەردوو گەرووی بسفۆر و دەردەنیلی بەڕووی کەشتی جەنگیدا داخستووە.
حەوتەم: زۆربەی زۆری یەکێتییە وەرزشییە ئەوروپایی و جیھانییەکان، ئەندامێتی روسیایان ھەڵپەسارد و زۆربەی ئەو وڵاتانەش بڕیاریان داوە لە ھیچ چالاکییەکی وەرزشی لە بەرامبەر روسیا، بەشداری نەکەن.
هەشتەم: ھەڵپەساردنی ئەندامێتی روسیا لە چەند ھاوپەیمانی و یەکێتیەکدا ھەڵپەسارد.
نۆیەم: ھەرچی میدیای ئەمریکا و ئەوروپایە، دژی روسیا خراوەتە کار.
دەیەم : ھەم ئەمریکا و ھەم ئەوروپا، بڕێکی زۆر پارەیان بۆ ھاوکاری ئۆکرانیا تەرخان کردووە. لەوانەیە ھەبێت بڵێت، خۆ ئەمریکا و ئەوروپا خۆیان نەچوونەتە جەنگەکەوە.
دەرەنجام
باشە ناردنی چەک بە چەکی قورسیشەوە وتەرخان کردنی پارەو ناردنی شەڕکەر و سەپاندنی سزاو کپکردنی دەنگ و رێگرتنی جموجۆڵ و ناردنی ھێزی تایبەت و داخستنی رێگەی دەریایی، بەشداری جەنگ نەبێ ئەی چییە؟ھەموو ئەو سزایانەش لە کاتێکدایە کە چەندین نموونەی تری دەست وەردانی سەربازی لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە لەلایەن وڵاتانی ترەوە روویداوە و قوربانی و زەرەر و زیانی زۆریشی ھەبووە، ھیچ وڵاتێکیش لەوانەی ئێستا بەرامبەر روسیا ئەو ھەڵوێستانەیان وەرگرتووە، ھیچیان نەکردووە، بۆ نموونە: جەنگی کۆریا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، جەنگی فەرەنسا و ڤێتنام، جەنگی ئەمریکا و ڤێتنام، جەنگی عیراق دژی ئێران، جەنگی بەریتانیا بەرامبەر ئەرجەنتین، جەنگی ئەمریکا بەرامبەر پەنەما، جەنگی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژی یۆگۆسلاڤیا لەناو چەقی ئەوروپادا، جەنگی ئەمریکا دژی ئەفغانستان بەبەشداری ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا کە بیست ساڵی خایاند، جەنگی خۆرئاوا و ئەمریکا دژی لیبیا بە بیانووی ئەوەی ناونرا بەھاری عەرەبی، جەنگی خۆرئاوا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی کەنداو دژی سوریا بەھەمان بیانوو، جەنگی ھاوپەیمانی عەرەبی بەسەرپەرشتی عەرەبستانی سعودیی و ھاوکاری ئەمریکا و خۆرئاوا دژی حوسییەکان و بەشێک لە یەمەنییەکان لە یەمەن… ھتد.
ئەوەی بەندە ئاماژەم پێداوە، بۆ پشتگیری روسیا نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بڵێم، ئەمریکا و خۆرئاوا چۆنیان بوێ، بارودۆخەکە بە ھەوای خۆیان دەجووڵێنن. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە؛ ئایا ئەمجارە بۆیان دەچێتە سەر؟