سەركردایەتی یەكێتی لە پێناوی نوێكردنەوەی دید و سیاسەتەكانی یەكێتی، سەبارەت بە بوار و سێكتەرەكانی كۆمەڵگە و حكومڕانی و حزبایەتی، بڕیارێكی واقیعی و ژیرانەی بۆ بەستنی (دیداری یەكێتی) دا، تا لە رێی ئەم نوێكردنەوەیەوە، توانای ئەم حزبە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان فراوانتر و قووڵتر بكات. ئاشكرایە كاریگەرییەكانی ئەم نوێبوونەوەیە رەهەندی ناوخۆیی و دەرەكیشی دەبێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی حزبدا، دیارە بڕیاردان لەسەر بەستنی ئەم دیدارە لە قۆناغێكی زۆر هەستیاری یەكێتیدا گەڵاڵە بووە. پاش چەندین ساڵ لە لاوازبوونی بەها سیاسی و كۆمەڵگەییەكان، ئێستا یەكێتی بڕیار و هەوڵی نوێكردنەوەی دید و دنیابینینی خۆی داوە، رەنگە بۆ بەشێك لە پارتە سیاسییەكان كە لەبەر چەندین هۆكاری جیاواز و پراكتیكی ساڵانێكە لەم دۆخەی دەژین ئاسایی بێت، بەڵام بۆ یەكێتی كە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای فیكری ئایدۆلۆجی بەهێزی كۆمەڵە دامەزراو پاشان سۆسیال دیموكراتی كردە ناسنامە فیكری و سیاسی خۆی، ئاسایی نەبێ لە قۆناغێكی مێژووییدا ناسنامە و جیاوازییە فیكرییەكان لەدەستبدات و لە هەمان كاتیشدا پێشبینی ئەوە بكات سەركەوتوانە سیاسەت بەڕێوەببات.
هەرچەندە ماوەی چەندین ساڵە یەكێتی گیرۆدەی لاوازبوونی ناسنامەی فیكری و نەبوونی دید و سیاسەتی روون لەمەڕ كێشەكان بووە، بەڵام وادیارە لەپاش بەستنی كۆنگرەی چوارە، كە هەوڵدرا كۆنگرەی نوێبوونەوە بێت، ئەم كێشەیە بەتینێكی جیاوازەوە رووبەڕووی یەكێتییەكان بۆتەوە و پرسیاری جدی لایان دروست كردووە. بوونی سەركردایەتییەكی نوێی یەكێتی كە بە ئاشكرا هەوڵی گۆڕانكاریی و نوێبوونەوە دەدا لە ئێستادا، هۆكارێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی خواستەكانی چاكسازی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا. بەم شێوەیە گرنگە دیداری یەكێتی قسە لەسەر شێوازی نوێكردنەوەی دامەزراوە و ئۆرگانە حزبییەكانمان بكات كە تاچەند سەردەمیانە و ئامانج بەخشە؟
چۆن و تا چەند لە توانایدایە ئەرك و ئامانجە دوور و نزیكەكانی یەكێتییەكەمان و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵك بەدی بێنێت؟ چۆن بتوانین داڕشتن و پێناسەی نوێ بەپێی رۆح و پێداویستییەكانی ئەمڕۆ بۆ ڕێبازی مامی گەورە گەڵاڵە بكەین؟ تا چەند هۆشیاریی حزبیمان لە ئاست گۆڕانكارییەكانی سەردەم و حزبێكی پێشڕەوی وەك یەكێتییە و چی بكرێت بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی و توانای هەڤاڵانمان؟ …هتد.
بەم شێوەیە سەرلەنوێ پێناسەكردنی فیكر و سیاسەتەكانی یەكێتی لەلایەن كادره چالاك و دڵسۆزەكانی حزب لەڕێی دیبەیتی فراوان و هەڤاڵانەوە، تەوژمێك و توانایەكی بەهێز دەبەخشێتە دامودەزگا سەرەكییەكانی یەكێتی و رۆڵی سەرەكیش دەگێڕێت لە بوژاندنەوەی ژیانی سیاسی و حزبی و دیموكراسی بۆ ئۆرگانە سەرەكییەكان، كە بێگومان سەرەنجام كاریگەریی راستەخۆ لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی حكومڕانی باش و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان جێ دەهێڵێت.
سەبارەت بە ئاستی دەرەوەی یەكێتیش، بۆ ئەوەی ئەم حزبە ببێتەوە بە پێشەنگی گۆڕانكارییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، لە پێناوی بەڕێوەبردنی دەسپێشخەریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، پێویستە یەكێتی پێداچوونەوەی قووڵ و سەردەمیانە بە سەرجەم سیاسەت و ستراتیژەەكانی خۆیدا بكاتەوە، بەرنامە و پڕۆژەی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی وەك ناوچە جێناكۆكەكان، سیستمی سیاسی هەرێم، ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و وڵاتانی دەرەوە، چۆنێتی بەهێزكردنی پێگەكانی حوكمی باش و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابڕێژێت. هەروەها بەهۆی گۆڕانكارییە خێراو فراوانەكانی گۆڕەپانی كوردستان وعیڕاق و ناوچەكەوە پێویستە بە بەردەوامی خوێندنەوەی نوێ و جیاوازی یەكێتیانەمان هەبێت، گرنگە دیداری یەكێتی هەم ئەم خوێندن و دنیابینییە نوێیە فەراهەم و دەستەبەر بكات، هەم لەلایەكی ترەوە شێواز و میكانیزمی نوێ و داهێنەرانە بۆ بەئاگابوون و خۆگونجاندنی بەردەوام لەگەڵ گۆڕانكارییە هەمەلایەكان دەستەبەر بكات.
با دیداری یەكێتی بكەینە وێستگەیەكی راستەقینەی نوێبوونەوە و بنیاتنانی یەكێتی، جۆشدانی كچان و كوڕانمان بە بیروباوەڕی ژیاندۆستی، كوردستان دۆستی و مرۆڤ دۆستی و خزمەتی گشتی. هەر نوێبوونەوەكی سەردەمیانە كە ئەمڕۆ یەكێتی ئەنجامی بدات، كاریگەریی ئەرێنی بەهێزی لەسەر گەشەكردنی كۆمەڵگە و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسیی هەرێم دەبێت، بەم شێوەیە سەرمایەی راستەقینەی كوردستان كە هاووڵاتی كوردستانە دەبێتەوە بە چەقی قورسایی حزبی و حكومڕانی و سیاسی لە هەرێمەكەمان.
*سەرپەرشتیاری دەستەی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی