02/03/2022
کاتی دیداری یەکێتی دیاریکرا بۆ مانگی ئایاری داهاتوو، کە بە بەشێک لەهەنگاوە نوێگەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەزانین. زۆر جار وا رۆیشتووە زۆرێک لە کێشەکان لەناو ئۆرگانێکی حزبیدا کەڵەکە بوون و دەستیان بۆ نەبراوە و وتراوە چاوەڕوانی کۆنگرەین و لەوێدا چاک دەکرێن، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی کۆنگرەکەوە یان کۆنفرانسەکەوە کێشەکەش نەک چارەسەر نەکراوە بەڵکو قووڵتر بۆتەوە.
یەکێتی لە گەرمەی هەنگاونان و نوێبوونەوەدایە، پێشنیاری دیداری یەکێتییش بەردێکی ترە دەخرێتە سەر بەردەکانی تر بۆ بنیاتنانی قەڵای پتەوی ئەم حزبە.
بەشێکی گرنگی چاکسازیی و نوێبوونەوە و بوژانەوە لە حزبدا بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانییەتی تا لە نزیکەوە و پێکەوە لەسەر هەموو گرفتەکان کار بکەن و هەر لەوێشدا نەخشەڕێی داهاتوو بکێشن و هەموو پێشنیار و سەرنجەکان بخەنە ناو یەک سەبەتەی کارکردنەوە.
دیداری یەکێتییانە لە مانگی ئایار پێمان دەڵێت کە یەکێتی لەخەمی رێکخستنەکاندایە و دەیەوێت لەسەر شێوازی نوێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، چیدی بیر و بۆچوون و سیاسەتی یەکێتی هەمە جۆر نابن لەسەر چەمکێک، سەرکردەکانی یەکێتی لەرێگەی ئەم دیدارانەوە یەکڕا و یەک دەنگ دەبن.
دیداریی یەکێتی نابێت رامانبگرێت و بمانخاتە قۆناغی چاوەڕوانییەوە و هەنگاوەکانمان رابگرێت بۆ ئەنجامەکانی دوای دیدارەکە، چونکە دیدارەکە بەردەوامیدانە بە هەنگاوەکانی ئێستا و پتەوتر کردنییەتی نەک گۆڕینی سەرلەبەری پڕۆسەکەی ئێستا.
دیداری یەکێتی لە خاڵی بەهێزییەوە دەبەسترێت نەک لاوازی، ئەمە بۆ هەستانەوە نییە، بەڵکو بۆ برەودانە، خۆئامادەکردنی زیاترە بۆ پێشهاتەکانی بەردەم حزب و خەڵکی هەرێم.
پێویستە دڵسۆزانی یەکێتی، لەوانەی کە دەمێکە گیرۆدەی دەستی بڕیارەکانی ناو دیوارە داخراوەکانی هەرێمن، دەست بە باڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بگرن و پشتگیریی لە هەنگاوەکانی بکەن و ببنە هاوپشتیان تا هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستاندا بگەڕێتەوە و رێگریی بکرێت لەو رووداوانەی لە پڕێکدا و لە ئەنجامی کەڵەکە بوونی نادادپەروەریی و گەندەڵیی ئیداریی دەتەقنەوە و رێگریی لێیان ئاسان نابێت.
هەرێمی کوردستان و عیراق لە دۆخێکی باشدا نییە، ناوچەکە و جیهانیش بەستراونەتەوە بە کێشە جیهانییەکانەوە، جەنگی روسیا و ئوکرانیا، یەکلانەبوونەوەی رێکەوتنی ئیران و ئەمریکا، هەڕەشەکانی ئیسرائیل، پێداگرییەکانی تورکیا لەسەر هەرێم و سەفقە نەوتییەکان، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عیراق سەبارەت بە نایاسایی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، مەترسیی داعش و هاوشێوەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، هەموو ئەمانە خۆئامادەکردنی دەوێت، دانانی پلانی روبەڕوبوونەوەی دەوێت.
دەبێت ئەنجامی پۆزەتیڤی دیداری یەکێتی کاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر رەوتی رووداوەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق، یەک هەڵوێستیی یەکێتی لەبەرامبەر لایەنە عیراقییەکان، خۆشکردنی زەمینە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵیان و بەستنەوەی بە هەر پێشهاتێک بۆ هۆی رووداوە جیهانییەکانەوە.
ئەمڕۆ دەستەواژەی شەڕی جیهانیی سێیەم کەوتۆتە سەرزاری سەرکردە جیهانییەکان، ئەمە پەیامێکی مەترسیدارە، خۆئامادەکردنی دەوێت، دەبێت یەکێتی و خەڵکی یەکێتی پێکەوە سەنگەری خەبات و هەوڵدانیان لە پێداگریی و هەڵەشەییەوە بگوازنەوە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندیی بەهێزیی هاونیشتمانییانەی کوردستانیانە و عیراقییانە.
با کارتە بەهێزەکانمان لەکاتی خۆیدا بەکاربهێنین، خۆکۆکردنەوەمان نیشاندەری بوونمانە بە یەکگرتوویی، خەڵک هیوای زۆری بە یەکێتی ماوە بەتایبەتی توێژی سیاسیی و رۆشنبیر، دەزانن کە راستکردنەوەی باری لاری هەرێم تەنها بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت، ئەو یەکێتییەی کە لەکاتی رابەرایەتی کردنی شۆڕشی نوێدا هیوای گەڕاندەوە بۆ خەڵک و ترسی خستەوە دڵی دوژمن و لەگەڵیدا هات تا راپەڕین و بەدەستهێنانی ئەمڕۆ.
یەکێتییەکی وەها هێندە گرنگە لای خەڵک، دەبێت هەنگاوی گرنگ و دیار بنێت تا هەموو توێژەکانی خەڵک هیوای لەسەر هەڵچنن، کاری بەردەوام، پڕۆژەی خزمەتگوازایی، باشکردنی گوزەرانی خەڵک لە رووی ئابوورییەوە، رزگارکردنیان لە دڵەڕاوکێی مووچەی مانگانە، هەموو ئەمانە هەوڵی جدییان بۆ بدرێت تا دەگەینە رۆژی دیدارەکە و بەسەر بەرزییەوە باس لە دەستکەوتە هەنووکەییەکان دەکەین بۆ خەڵک و بەڵێنی بەردەوامییان پێدەدەین.