عادل عەلی

ژیریی سیاسی پێش جەنگی ئۆکرانیا

  2022-03-02 17:13      153 جار بینراوە        کۆمێنت

دوا جار قۆناغی دیپلۆماسی و ھەوڵی روونەدانی جەنگ شکستی خوارد و زلهێزەکانی جیهان سەرەڕای ئامادەییان لەسەر ھێڵی دانوستان، نەیانتوانی جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا دوور بخەنەوە.

خۆرئاوا و ناتۆ لەوە لاوازتر بوون ھەڕەشەکانیان بەر بە داگیرکاری روسیا بگرێت.

بیانووی روسیا بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکان بوو لەسەر ئەمنی ستراتیژی خۆی، لە کاتێکدا ئۆکرانیا وەک ھێزێک کە تەمسیلی وڵاتانی خۆرئاوایی دەکرد و لە گەرمە و سات و سەودادا بوو بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ.

بەر لە دەستپێکی جەنگ، ئۆکرانیا وایدەزانی ھەڕەشەکانی دۆستەکانی، دەتوانێت روسیا رابگرێ و ھەنگاوی داگیرکاری نەنەنێت.

بۆ ھەموو لایەک روون بوو کە جیاوازی باڵانسی ھێزی روسیاو ئۆکرانیا چەندە زۆرە و هاوسەنگ نییە، بەدەر لە لێکدانەوە بابەتییەکان بۆ جەنگ و بەردەوامیی فراوانخوازی زلھێزەکان، بەڵام چەند فاکتەر و پاڵنەرێکی خۆیی و بابەتی ھەیە کە دەتوانن رۆڵی کاریگەر ببینن لەسەر ئاراستەی رووداوەکان.

سەرکردەکانی جیهان لە مێژوودا بە ھەردوو دیوی باش و خراپ رۆڵیان لە جەنگ و ئاشتیدا هەبووە، بەڵام لەمەی روسیا و ئۆکرانیادا، سیاسەتی ژیرانە لەبەرەی ئۆکرانیاوە نەبوو، ئەمەش پاساو نییە بۆ روسیا، کە بەردەوامە لە فراوانخوازیی و بەھێزکردنی قوڵایی ئەمنی ستراتیژی خۆی، بەڵام بەدەر لەوانە هیچ کات سەرکردە و حزبەکان سەربەخۆ نین و رەوتی بیرکردنەوە و بڕیاڕ لەژێر ھەژموونی ھێزەکانی دەرەوەی ئیرادەی نیشتمانییە، بەکورتییەکەی ئەوان دەبنە رۆبۆت.

نمونەی رابردوو زۆرن دەیسەلمێنن ئەم کارەکتەرە کۆنترایانە چۆن ماڵوێرانی بەرھەم دەھێنن و دواجار پاساوی بە تەنھا مانەوە و دەستبڕینی نێودەوڵەتی پەردەپۆشی ھەڵەکانیان دەکەن.

پیادەکردنی ھەڵە و سیاسەتی ماڵوێرانییان لە دەرەوەی بازنەی ئیرادەی خۆیانە، ھەر بۆیە خۆ بە پاڵەوان کردن و دەرکەوتنیان لەچەند گرتەیەکی ڤدێویی و فۆتۆدا دیمەنە گەورەکە ناشارێتەوە کە جەنگە ماڵوێرانکەرەکەیە.

بۆ ئۆکرانیا کە لەناو حەساری روسیادایە و نەیاری پلە یەکی ناتۆیە، بانگەشەی بوونە ئەندامی ناتۆ چ مانایەک دەبەخشێت؟ جگە لە چەندین بیانووی مێژوویی و سیاسیی و ئابووری و تەنانەت مەزھەبیش هەیە بۆ روسیا.

رەنگە لە کوردستانیش لە رابردودا نموونەی لەیەکچوو بە جیاوازیی کات و شوێن پەیڕەوی ئەم سیاسەتە ھەڵانە کرابێت، بەڵام لەم جۆرە ململانێیانەدا ئازایەتی لە دوورخستنەوەی جەنگدایە.

ئێستا پێوەرەکان جەنگ سەرلەبەری گۆڕاوە و یەکلاکردنەوەی باڵانسی ھێز و تەکنەلۆژیای سەربازیی نوێ کەفیلە بۆ ئەو مەبەستە و روسیاش بە ئۆکرانیا بەراورد ناکرێت، شەڕی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵان نە باوی ماوە و نە ئەنجامیشی دەبێت.

ژیریی سیاسی و ئیدارەدانی دیبلۆماسی پراگماتیکیانە، باشترین رێگەی دوورخستنەوەی جەنگە بەسەر خاک و خەڵکەوە.

بەداخەوە دەسەڵاتدارێتی ئۆکرانیا نەیتوانی ئەو فۆرمە لە سیاسەت پەیڕەو بکات، ئەمانە و چەندین ھۆکاریی تر هەن بۆ هەڵگیرسانی ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی کە بەسەر ئۆکرانییەکاندا ھاتووە و ئاسۆی نزیکیش بۆ کۆتایی ھاتنی هێشتا نادیارە.

وتاری زیاتر








دەنگ بدەن بەلیستی 162‬ عادل عەلی
2018-05-10 20:49      360 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو