شرۆڤەی: جەمال ئارێز
لەوەتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە بە سەرۆک کۆماری تورکیا و بەتایبەتیش لەدوای هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکەی سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، لە چەند بۆنەیەکی جیاجیادا ئەردۆغان دەستەواژەی زیندوکردنەوەی (عەهدی میللی) لە ساڵی 2023 فڕێدەداتە ناو بازاڕی مشتومڕی سیاسییەوە کە بەو پێیەبێت وەک ئەردۆغان و ناسیۆنالیستە تورکەکان دەیخوازن، ئیدی 100 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پەیماننامەی لۆزان -1923 و بە گوێرەی پەیماننامەکە تورکیا دەستی واڵا دەبێت لە زاڵکردنەوەی هەژموونی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەی کە بە میراتی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەژمار دەکرێن، لەناویشیاندا ئەوەی پەیوەندیی بە کورد و کوردستان و عیراق و سوریاوە هەیە، ویلایەتی موسڵ و شام و باکوری ئەفریقا و تاڕادەیەک وڵاتانی قەوقاز و تورک زمانی ناوەڕاستی ئاسیایە.
دەوڵەتی عوسمانی و سۆڤیەت کامیان پێش دەکەون؟
ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی دەکات، ئاشکرایە، ئەگەرچی دیارنییە تاچەند ئەو خەونەی بۆ دێتەدی، بەڵام هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەردۆغاندا ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیای فیدراڵ تا چەند رۆژێک لەمەوبەر بە قسە شتێکی وای نەدەوت کە گوایە بەنیازە هەژموونی خۆی بەسەر عەرش و میراتیی یەکێتیی سۆڤیەتی جاراندا بسەپێنێتەوە، بەڵام لە دوا وتاریدا و لە بەشێک لە هەنگاوەکانیدا ئەوە بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی ئەمریکای رکابەرە تەقلیدییەکەی کە لە 2008 بەدواوە لەگەڵ ئەوروپادا تووشی قەیرانە ئابوورییەکە بوون و تا 2010 درێژەی کێشا و لە ئەفغانستان و عیراقیش گیرۆدی جەنگی دژبە تیرۆر بوو، روسیا بە پەنهانی لە کێشەی هەردوو کۆماری ئەبخازیا و ئۆسیتیادا دەستوەردانی لە دژی جۆرجیا کرد و دواتریش دوورگەی کریمیای لە ساڵی 2014دا لە ئۆکرانیا داماڵی و هێزی خۆی لەو ناوچەیە جێگیرکرد، ئەوە سەرباری ئەوەی روسیای سەردەمی پوتین لە کێشە ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکییەکانی ئۆزبەگستان و تاجیکستان و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و تورکمانستان و بێلاڕوسیا و هەموو ئەو وڵاتانەی پێشتر لە سنووری یەکێتی سۆڤیەدا بوون، قسەی خۆی هەیە و پشکی شێر لە دانانی نەخشە رێگەی چارەسەری ئەو کێشانە بەر پوتین و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا دەکەوێت، وەک ئەوەی هێشتا یەکێتیی سۆڤیەت لەکایەکەدا بێت، ئەگەرچی لە دوا وتاریدا پوتین ئۆباڵی هەندێک لەم کێشانەی ئێستای خستە ئەستۆی ڤلادیمێر لینین و جۆزێف ستالین بەوەی کە لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 خاکی روسیای قەیسەرییان خستۆتە سەر ئەو وڵاتانەی لە دوای 1991 سەربەخۆیی خۆیان لە روسیا راگەیاند.
ئەوەی زیاتریش دەستی روسەکانی واڵاکردووە لەو وڵاتانەدا، بوونی کەمینەی روسی زمان و ئەو حزبە سیاسییانەیە کە لەو وڵات و هەرێمە هاوسنوورانەی روسیادان و لە دوای 31 ساڵ لە جیابوونەوە و سەربەخۆییان لە سەردەمی هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتەوە ئومێدێیان بە ئەمریکا و ئەوروپا نەماوە و بەچەندین هۆکار، جگەلەوەش بەشی زۆری دەنگدەری ئەو حزبانە لە روسی زمانەکانی ئەو وڵاتانەن.
ئۆکرانیا کارتی گوشارە
ئۆکرانیا بە گوێرەی مێژوو و قسەکانی پوتین-یش بێت بەدەر نییە لەو وڵاتانە و پوتین نەیشاردەوە کە هەردوو هەرێمی دۆنیتسك و لۆهانسكی خاکی دێرینی روسیان و کاتی خۆی ستالین و حزبی کۆمۆنیست ئەو دوو هەرێمەیان خستۆتە سەر ئۆکرانیا و ئێستا ئێمە دان بە سەربەخۆیی ئەو دوو هەرێمەدا دەنێین.
ئەگەرچی لەدوای رووخانی سۆڤیەتەوە سیستمی سیاسیی جیهان بە رووکەش بووە سیستمێکی تاک جەمسەری بەوپێیەی رووخانی سۆڤیەتی رکابەری تەقلیدی ئەمریکا زۆربەی وڵاتانی سەربە بلۆکی سۆشیالیستی تووشی هێدمە و شۆک کردبوو، چین-یش وەک زلهێزێکی ئابووری و وەک ئێستا لە مەیدانەکەدا بەو هێز و هەژموونە نەرمبڕە ئابوورییەوە بازاڕی کاڵای جیهانی بە خودی ئەمریکاشەوە کۆنترۆڵ نەکردبوو، روسیای سەردەمی بۆریس یەڵسن-یش بەهۆی تەنگژەی ئابووریی و نەبوونی نەخشەڕێگایەک بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی ململانێکان، توانای بەڕێوەبردنی روسیا فیدراڵەکەی نەمابوو، چجای دەستڕاگەیشتن و براگەورەیی کردن بۆ کۆمارە پەرتەوازەکانی. بۆیە روسیای ئێستا لە پاش جێگیرکردنەوەی پایە لەقبووەکانی سۆڤیەت، دەیەوێت عەرشەکەی سۆڤیەت لە خاک و ئاوو و ئابووری وەربگرێتەوە و بیخاتەوە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیەوە ئەگەر بە بەڕێوەبردنی بەوەکالەتیش بێت لەلایەن کەمینە روسی زمانەکان و ئەو سیاسەتمەدارانەشەوە کە لە خولگەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی هێز و هەژموونی سۆڤیەتدا دەخولێنەوە.
تورکیا لە قۆناغێکی سەختدا
بەشێک لەو وڵاتانەی کە دەچنە چوارچێوەی خەیاڵدانی سیاسیی سەرۆک ئەردۆغان و ئەوانەوە کە هاوکارین بۆ بەدیهێنانەوەی عەرشی عوسمانلی سەرەڕای راگەیاندنی بەرنامەکەیان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەون و خەیاڵە ناسیۆنالیستییە، تیاماون لەوەی ئەوە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیای ئێستا سەردەگرێت یان نا؟ چونکە:
*تورکیا لەنێوان دوو بەرداشدایە، لەلایەک ئەندامێکی کارای پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە و خوازیاری بوون بە ئەندامە لە یەکێتیی ئەوروپادا.
*یەکێک لەو پاساوانەی کە روسیا ئەم دۆخەی لێ خوڵقاندووە، مەترسییەکانی مۆسکۆیە لەوەی گوایە ئۆکرانیا داوایکردووە ببێتە ئەندامی ناتۆ، کە ئەگەرچی پەیمانی وارشۆ (هاوپەیمانیی سەربازیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵاتی جاران) نەماوە، بەڵام روسیای سەردەمی پوتین هێشتا ناتۆ وەک رکابەری خۆی دەبینێت بۆیە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئۆکرانیا لە ناتۆ بکرێتە ئەندام جەنگ هەڵدەگیرسێت.
*تورکیا بۆخۆی لە کێشەی لێکتێنەگەیشتندایە لەگەڵ ناتۆدا سەبارەت بە کڕینی موشەکی ئێس -400-ی روسیا، لەولاشەوە لە لێکتێنەگەیشتندایە لەگەڵ روسیا سەبارەت بە کێشەی دوورگەی کریمیا کە تورکیا بەشێک لە هاووڵاتییەکانی ئەو دورگەیە کە تورک زمانن یان موسڵمان بە دۆستی خۆی دەزانێت کە پێیان دەوترێت (تەتارەکانی کریمیا)، بۆیە لەلایەک سەودای چەک و هاریکاریی تەکنیکی سەربازیی لەگەڵ روسیا دەکات کە ئەمە ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریکای ناڕەحەت کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە درۆنی دەستکردی تورکیا بە ئۆکرانیا دەفرۆشێت کە بەمەشیان مۆسکۆی ناڕەحەت کردووە.
*بەشێک لەو وڵاتانەی کە تورکیا بەنیازە و لەبەرنامەیدایە وەک عەرشی عوسمانی بیانخاتەوە ژێر هەژموونی خۆی، هەمان ئەو وڵات و هەرێم و ناوچانەن کە روسیاش بە میراتی عەرشی سۆڤیەتی دەزانێت و دەیەوێت لەڕێی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیشەوە بێت بیانخاتەوە ناو بازنەی هەژموونی خۆیەوە بەتایبەتی شام و باکووری ئەفریقا، چونکە ئەگەرچی خەونەکەی تورکیا لە ناوەڕاستی دەیەی رابردوودا لە رێی شۆڕشەکانی «بەهاری عەرەبی»یەوە لە میسر و تونس و لیبیا و سوریا روو لە هاتنەدی بوو، بەڵام لەدوای رووخان یان کودەتا سەربازییەکان یاخود پاشەکشەی ئیخوانەکان لەو وڵاتانە هاتنەدیی ئەو خەونە لەو وڵاتانە بووە سەراب و سەبارەت بە سوریاش حکومەتی دیمەشق بە پاڵپشتیی مۆسکۆ و تاران و پاساوی داعشەوە لەسەرپێی خۆی مایەوە.
خەونی عەرشی سۆڤیەت
ئەگەرچی ئەو خەونەی روسیا دەیبینێت بە بەدەستهێنانەوەی عەرشە میراتییەکەی سۆڤێتیشەوە کارێکی ئاسان نییە بەتایبەتی لەدوای دەرکەوتنی چین-ەوە وەک زلهێزێکی نەرمبڕی ئابووری و پەرەسەندنی بزاوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان لەو وڵاتانە بە پێچەوانەی سەردەمی سۆڤیەت کە بەشی زۆری بزاوتە سیاسییەکان چەپ و کۆمۆنیست و عەلمانی بوون، حکومەتەکانیش بەهۆی مەسەلەی پشتیوانیی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئیسرائیل، لینکی بەهیزی ئابووریی و سەربازییان لەگەڵ سۆڤیەتدا هەبوو، بەڵام خەونێکی زڕیش نییە و ئەگەری هاتنەدیی لە هەندێک وڵات و ناوچەدا هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئیسلامی سیاسی تیایاندا لە پاشەکشەدایە و تاڕادەیەکی زۆر متمانەیان بە ئەمریکا و خۆرئاوا بەگشتی نییە، جگە لەوەش ئەگەری هەیە لەبەر کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران وەک ململانێی مێژوویی (عەرەبی – فارسی) خۆیان لە روسیا نزیک بکەنەوە بەو پێیەی لە پەنا هەژموونی مۆسکۆدا پارێزراوتر دەبن لە هەر هەڕەشەیەک و رەنگە تێچووەکەشی کەمتر بێت بۆیان، چونکە نزیکبوونی زۆر لە ئەمریکا، واتا دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئێران و ئەمەش باجی خۆی هەیە و دۆخەکە ئەوە بەسەریاندا دەسەپێنێت کە چەک و جبەخانەی زۆرتر لە ئەمریکا بکڕن، بەڵام بە لۆژیکی (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) ئێران ئەگەر دۆستی نزیکی روسیاش نەبێت، ئەوا بە دوژمنی خۆی نازانێت و رەنگە لەگەڵ دۆستەکانی مۆسکۆدا ئارامتر بێت و پێی باشتر بێت حکومەتی ئەو وڵاتانە دۆستی مۆسکۆ بن نەک واشنتۆن واش پێدەچێت ئیتر دوای ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەو بابەتە پوتین دەستبەکار بێت لە هێنانەدیی خەونەکەی.