رەوتی سەدر ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە، پێش رووخانی رژێمی سەدام بوونی نەبووە، بەڵام خانەوادەی سەدر، پایەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی گەورەیان ھەبوەو ھەیەو خۆیان بەیەكێك لەمەرجەعەكانی شیعە دەزانن و چەند كەسایەتییەكی باڵای ئایینییان لەسەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا بەدەستی رژێم بوونەتە قوربانی. رەوتەكە رەوتێكی ئایینی سیاسی پۆپۆلیستییە، لەھەڵبژاردنەكانی ٢٠٠٥ەوە تا دوایین ھەڵبژاردن، بەھاوپەیمانی و بەتەنیاش بەشدار بووە. ئەندامی پەرلەمان و پۆستی جۆراوجۆری ھەبووە لەسەرجەم حكومەتەكاندا. یەكەم لایەن بووە كە ھێزی چەكداری ھەبێ كە سەرایای سەلامن و یەكەم میلیشیاش بووە كەدژی دەسەڵاتی دەوڵەت شەڕی كردوەو وەك ئەوەی لەسەردەمی حكومەتەكەی عەلاویدا روویدا لەنەجەف و عەسائیبی ئەھلی حەق لەمان جیابۆتەوە، ئەندامەكانی لەبەشی ھەرە زۆری خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكاندا بەشدارییان كردوەو ھەر ئەوان بوون بۆ یەكەمجار پەلاماری ناوچەی سەوزیانداو پەرلەمانیان داگیركرد. رۆڵێكی بەرچاویان ھەبوو لەو خۆپیشاندانانەی ناونرا خۆپیشاندانەكانی تشرین.
رەوتی سەدر لەگەڵ ئەوەی لەخولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی عیراق لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نیشتمانیی عیراقی و لەخولی سێ بەناوی كوتلەی ئەحرارو لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ حیزبی شیوعی عیراق و لەپێنجەمیش بەناوی خۆیان بەشداربوون و لەھەموو حكومەتەكانیشدا پلەو پۆستی باڵایان ھەبووەو تەنانەت لەحكومەتەكەی كازمی سێ وەزیرو چەندین جێگر وەزیرو سەرۆكی چەند بانكێكی گرنگیان ھەبووە، تەنانەت ھەردوو وەزارەتی كارەباو تەندروستی كە زۆرترین گلەییان لەسەربووە، وەزیرەكانیان سەر بەڕەوتی سەدربوون، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە خۆیان بەئۆپۆزسیۆن پیشانداوەو ھەوڵیانداوە لەوڕێیەوە دەنگی دەنگدەران بەدەستبێنن . ھەر رەوتی سەدریش بوو رۆڵێكی گەورەی گێڕا لەھێنانەكایەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەر ئەم رەوتەشە ئێستا پاشئەوەی براوەی یەكەمی ھەڵبژاردنە پێشوەختەكەبوو ، ھەوڵی سەرەكی بۆ ئەوەیە سازان تێكبدات و لەگەڵ ھاوپەیمانی سیادەو پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنێكیان كردووەو بەقەولی خۆیان بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی.
رەوتی سەدر ھەمیشە وا خۆی دەرخستووە كەدژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە، بەڵام بەشدارێكی بەرچاوی ھەموو حكومەتەكان بووەو وەزارەتی گرنگیشی لەبەردەستدا بووە. ئێستاش لەمەسەلەی نرخی دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی و ئەدای وەزارەتی دارایی و وەزیرەكەی، خۆی وا دەردەخات كە لەگەڵ داوای خەڵكدایە، بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار، تەنانەت پشتئەستوور بەتویت و نامەیەكی سەید مقتدی ئەلسەدر، سەرۆكی رەوتەكە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ، حاكم زاملی داوایەكی لەوەزیری دارایی كرد، ئامادەی پەرلەمان بێ بۆ گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی وەزارەتەكەی و نرخی دینار، ئەو داوایەی وەزیری دارایی لەنامەیەكی درێژدا بۆ سەرۆك وەزیران، رەتی كردەوەو بەداوایەكی حیزبی وەسف كرد نەك داوای پەرلەمان.
ئەم ھەڵایەی رەوتی سەدر لەسەر نرخی دینار دروستی كردووە لەكاتێكدایە كە لەجێگیركردنی نرخی دۆلار لەبودجەی ٢٠٢١دا ، بۆچوونەكەی ھێندە جیاوازی نەبووە لەگەڵ ئەو نرخەی لەبودجەدا جێگیركرا كە ١٥٠٠ دینارە بەرامبەر یەك دۆلار، لەكاتێكدا كوتلەی سائیرون كە بەشی ھەرە ھەرە زۆری رەوتی سەدر بوون داوای نرخی ١٤٥٠ دیناریان كردووە بەرامبەر یەك دۆلارو جیاوازییەكە لەگەڵ ئەوەی بودجە، پەنجا دینارە! ئەمەش زۆر بەڕوونیی لەنامەكەی د.نەسار ئەلروبێعی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی رەوتی سەدر بۆ رەوتەكە لە(17/12/2020)دا ھاتووە، ئەمەش دەقەكەیە بەعەرەبی:

نھێنی و تایبەت و بەپەلە
ژمارە ١٨٥ رۆژ (17/12/2020)
بۆ پەرلەمانتار بەڕێز/ نەبیل ترفی
بابەت / ھێشتنەوەی نرخی سەرف
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، داو لەبەڕێزتان و برایان لەھاوپەیمانی سائیرون دەكەم، سووربن لەسەر ھێشتنەوەی نرخی سەرفی دۆلار بە ١٤٥٠ دینار.
خوا یار بێ
د. نەسار ئەلروبێعی
سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی رەوتی سەدر
17-12-2020