مستەفا محەمەد

بایکۆتی پەرلەمان، هەوڵێک لەپێناوی سازاندا

  2022-02-12 17:01      95 جار بینراوە        کۆمێنت

زۆرینەی کوتلە بەهێزەکانی عیراق بایکۆتی دانیشتنی کۆبونەوەی پەرلەمانیان کرد و لە کۆی «٣٢٨» پەرلەمانتار، تەنها «٥٨»یان ئامادەبوون، بەمەش نەتوانرا سەرۆکێکی نوێ دیاری بکرێ، بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان بەهەر جۆرێک بێت «دەستوریی یا نادەستوریی» جارێکی تر بنەمای تەوافوقی سەلماندەوە و ئەو کوتلانەی دژبەیەک بوون دواجار بەهۆکاری رێکنەکەوتن نەچوونە ناو دانیشتنەکەوە.

ئەو مناوەرە سیاسییەی سەرۆکی رەوتی سەدریش هێشتا دیار نیە پرۆسەی سیاسی و دانوستانی نێو ماڵی شیعە دەگەیەنێتە کوێ و روون نییە کە ئایە خودی سەدر لەسەر هەمان روئیای پێشووی کە «حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی» بوو بەردەوام دەبێ یاخود نا، بەڵام جارێکی تر پەیامێکی بەهێزبوو بۆ هاوبەشە سیاسییەکانی کە لەم قۆناغەدا ئەو بیرۆکەیەی بۆ رەنگڕێژکردنی حکومەت و کابینەکە تەبەنیان کرابوو، ئیمکان نیە جێبەجێ بکرێت، یا دەبێت بەناچاری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تری دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکەیان بگەنە سازان، یاخود هەنگاوەکانیان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون دەست پێ بکەن .

بژاردەکانی بەردەم لایەنەکان بۆ دروستکردنی حکومەتی داهاتووی عیراق زۆرنین، بەڵام بۆ بژاردەی دووەم، پێم وانیە نە سەدر و نە هیچ کام لەلایەنەکانی تریش «بە کورد و سوننەشەوە» مەبەستیان بێت و رووەو ئۆپۆزسیۆن بچن، چونکە هیچ یەکێک لەو قەوارانەی ژمارەی قورسن بەشداری کردنیان لەو کابینەیە نەشاردۆتەوە و دەیانەوێت بە سازان بێ یا زۆرینە بەشداریی بکەن.

لەڕاستیدا هەردوو کوتلەی شیعە «سەدڕ و هەماهەنگی» و تەنانەت کورد و سوننەش کە لە بایکۆتکردنی ئەو دانیشتنەدا هاوڕابوون، یەک ئاراستە و هاوڕابونیان ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هێشتا عێراق پێویستی بە بنەمای لێکتێگەیشتن و تەوافوق و سازانی نیشتمانی ماوە و قۆناغی راگوزەر لە نێوان سیستمێکی داخراو رەوەو بەدیهێنانی بنەما و رەکیزەکانی دیموکراسی لە عیراقێکی پڕ لەکێشە و قەیران ناتوانێت بە مەبدەئی زۆرینە لە پەرلەماندا، کێشەکانی سیستمی حکومڕانی یەکلاکەرەوە بێ، بەڵکو ئەوە هێز و حزبە سیاسییەکانن دەتوانن رووکاری ئەم کابینەیە لە دەرەوەی پەرلەمانەوە ئاراستە و دیاری بکەن، ئەمەش ئاسۆی پێکهاتن و دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەردوو بەرەکەدا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە .

بێگومان دانوستانەکان و گفتوگۆی نێوان لیست و قەوارە سیاسییەکان بۆ بەشداری پێكردنی زۆرینەی لایەنەکان، هەڵوێست و تێڕوانینی کوردیش دەخاتەوە نێو تای تەرازوەکە کە ئاخۆ لە حاڵەتی درێژبوونەوەی قەیرانی پێکنەهاتنی کابینەی نوێ، ئەمانیش هەروەک ئێستا دەرگاکان بەڕووی یەکتردا کڵۆم دەدەن؟ پرسیارێکە بێگومان وڵامەکەی تەنها لای ئاوانەیە کە ئۆباڵی تێکدانی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردیان بۆ لە دایکبوونی کوتلەیەکی یەکگرتووی کوردیی فرە رەنگ بە هۆی عینادی سیاسیی و رێکەوتنی ژێر بەژێرەوە خستۆتە سەر شانی خۆیان کە لە داوی ئەم بایکۆتکردنەوە پێویست و شایەنی بەخۆداچوونەوەن، بەڵام تا ئەو بارەش راست نەکرێتەوە ئەستەمە پێکهاتن و سازان لە هەرێمەوە رووەو بەغدا هەنگاوێک زیاتر بچێتە پێشەوە.

وتاری زیاتر




ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      76 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      112 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو