رزگاركردنی باغۆز له مانگی ئاداری 2019 و راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر داعشدا و له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، قوربانییه‌كانی له راده‌به‌ده‌ربوون، زیاتر له 12 هه‌زار شه‌هید و 25 هه‌زار بریندار، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ش تیرۆر كۆتایی پێ نه‌هات، بگره له رێگه‌ی ده‌یان شانه‌ی نوستووه‌وه به‌رده‌وام بوو، له‌و ناوچانه‌ی له‌بن ده‌ستیاندا مابوون ئایدیۆلۆژیای خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد ئیداره‌ی خۆجێیی رووبه‌ڕووی دیله‌كانی داعش بێته‌وه، كه ژماره‌یان 12 هه‌زار دیل بوو له هه‌ردوو ئۆردوگای هۆل و رۆژ.
ئیداره‌ی خۆجێیی به‌رده‌وام جه‌ختی كردۆته‌وه كه ئه‌م دۆسێ مه‌ترسیدار و ئاڵۆزه، به‌رۆكی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌گرێته‌وه‌و پێویسته به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی خۆجێیی رووبه‌ڕووی بێته‌وه، كێشه‌كه پێویستی به پێكهێنانی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و دیله داعشانه خه‌ڵكی هه‌ر وڵاتێكن، هه‌ر یه‌كه‌یان وڵاته‌كه‌ی خۆی وه‌ری بگرێته‌وه‌و خۆی دادگایی بكات، له‌مه‌شدا ئه‌مریكا هه‌وڵیدا په‌له بكرێت و ئه‌و وڵاتانه هاووڵاتیانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر نه‌بنه بارگرانی بۆ سه‌ر ئیداره‌ی خۆجێیی، به تایبه‌ت له‌م دۆخه پڕ له جه‌نگ و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی ئابووریدا.
دیل و زیندانییه‌كانی داعش به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان به تیرۆره‌وه هه‌بوو، رێكخراوه‌كه‌ش هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی و رزگاركردنی دیله‌كانیشی ده‌دا، به‌تایبه‌تی سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كانیان كه له‌و زیندانه‌دا بوون، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌م دواییه‌یان بۆ سه‌ر زیندانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه، زۆر مه‌ترسیداربوو، له ده‌ره‌وه نه‌خشه‌ی بۆ داڕ‌ێژرابوو، هه‌ڵبه‌ت به‌هاوكاری ناوچه داگیركراوه‌كان و شانه نوستووه‌كانیش ده‌ستیان تێكه‌ڵ بوو، ئامانجیشیان نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌بوو تا داعشه دیله‌كان ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتنیان بۆ بڕه‌خسێ، ئه‌م هه‌وڵه‌شیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تێكیان شكاندن، به‌ڵام قوربانییه‌كی زۆریاندا، به‌خوێنی 121 شه‌هید ته‌واوبوو، ئه‌مه لایه‌نه تاریك و مه‌ترسیداره‌كه‌ی تیرۆره، كه له‌ناوچه‌كه‌دا به ئاره‌زووی خۆیان دێن و ده‌چن و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش هیچ باكی نییه.
سه‌باره‌ت به وڵاته ئیقلیمییه‌كانیش، پێویسته هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیوانیی هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی داعش یان كرد، به سیاسه‌تی خۆیاندا بچنه‌وه‌و له‌وه تێ بگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن تیرۆری پێ ده‌بوژێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و پشتیوانییه له تیرۆر ئاشكرایه‌و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌وه‌تا وڵاتێكی وه‌ك روسیا هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو قوربانییه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و هێرشه غافڵگیرانه‌كه‌ی داعش.
لێره‌دا ده‌پرسین: چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر داعش سه‌ركه‌وتوو بوایه‌و سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كانی له‌زیندانه‌كه ئازاد بكردایه، بێگومان كۆمه‌ڵكوژییان ده‌كرد له حه‌سه‌كه‌دا، ئێستاش ئه‌گه‌ر هه‌یه دوای ئه‌و گورزه كوشندانه‌ی به‌ری كه‌وتووه، جارێكی دی هه‌ستێته‌وه‌و خۆی رێكبخاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه دۆخه‌كه پێویستی به‌چاره‌سه‌ری خێرایه، پێویسته به زووترین كات زیندانێك له چۆڵه‌وانی و دوور له شاره‌كان بۆ ئه‌و زیندانیانه دروست بكرێت، یان ده‌بێ به زووترین كات دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییان بۆ پێك بهێنرێت، له ده‌ره‌وه یان له ناوخۆی رۆژاڤا، یان ئه‌وه‌تا هه‌ر وڵاته‌و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی تێكه‌ڵ به داعش بوون، وه‌ربگرێته‌وه.