مستەفا محەمەد

یەکێتی و پێداگریی لە پرەنسیپی تەوافوق

  2022-02-06 19:35      80 جار بینراوە        کۆمێنت

یەکێتی و پێداگریی لە پرەنسیپی تەوافوق لە عیراقدا

دانوستانەکانی ئەم دوو رۆژەی هێز و لایەنە سیاسییەکان پێمان دەڵێن کە هێشتا بوار بۆ مناوەرەی سیاسی ماوە و رەوتی ململانێکانی نێو ماڵی شیعە خەریکە بە جۆرێکی تر خۆیان نمایش دەکەن، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو قەوارەی گەورەی شیعی «سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی» ئەهوەنتر بوونەوە و واش چاوەڕوان دەکرێت کە سەدر نەخشەڕێی سیاسی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بە جۆرێک لە جۆرەکان بگۆڕێت و کابینەیەکی هاوشێوەی تەوافوقی جێگەی بگرێتەوە.

بۆ کورد وەک پێکهاتەیەکی کەمینە لە عیراقدا هێشتاش پێداگریی لە حکومەتێکی تەوافوقیی، زامن و دەستەبەریی بەشدارییەکی کارایە کە پێویست دەکات هێز و قەوارە کوردییەکان بە جیاوازیی تێڕوانینەکانیشیانەوە نەک دژ بەڵکو لەسەری کۆک بن، چونکە هەر بەو ریتمە دەستووری عیراق نووسراوەتەوە و کوردیش لە دەرەوەی هاوکێشەی تەوافوق و سازان، ستراتیژی خۆی لە عیراقدا وون دەکا و مافەکانیشی دەکەونە خانەی مەترسییەوە.

هەر ئەو نیەتەش بوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە ئاراستەی حکومەتی تەوافوقی هێشتەوە و لەپێناوی دروست کردنی کۆدەنگی نیشتمانی لەعیراقدا رەتیکردەوە کە دەخالەت بکات لەناو ئاڵۆزیەکانی نێو ماڵی شیعیی و بەیەک مەودا لە نێوان هەردوو تەڕەفی ناکۆکدا وەستا!

بەڵێ یەکێتی بوو نەیویست وەک هەندێک لایەن بۆ چوونە ناو هاوپەیمانییەکی کاتی لەگەڵ لایەنێکی شیعە لەسەر حسابی لایەنێکی تر، پەنجەی پەشیمانی بگەزێت و دواجار بە پەلەپڕوزێ بە زیارەتکردنی «حەنانە» و گەیاندنی پەیامێکی گوشاریی روون، هەوڵی راستکردنەوەی ئەو هەڵە و لەزمە سیاسییە بدات کە تێی کەوتووە، ئەو هەڵەیەی کە پێی وتین ئیمکان نییە نێوماڵی سێ پێکهاتەی گرنگی ئەم عیراقە بە تەنها چەند لایەنێک لێک بترازێنرێ و وێران بکرێت!

با ئەو یارییە هەڵەیە بەجۆرێکی تر و لە رەهەندێکی جیاوازترەوە سەیربکەین، خۆ ئەگەر بە موبارەکەکەی پارتی هەردوو رەوتی شیعە بەو بنەمایەی سەدر پێشنیازی کردووە بگەنە رێکەوتن و هەوڵی دروستکردنی «حکومەتی زۆرینە» بدەن، ئەوسا خۆ شیعە خۆیان زۆرینەن و بۆ ئەو حکومەتی زۆرینەیەش چ پێویستیەکیان بە بەشداری کورد دەبێت؟ شیعە خۆی دەتوانێت وەک یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بکات و لەناو ئەنجومەنیشدا گەورەترین کوتلە پێک بهێنێت و چ پرۆژە یاسایەکیش مەبەستیان بێت بێ گەڕانەوە بۆ کورد و سوننە و کەمە نەتەوەییەکانیش تێیبپەڕێنن، کە ئەمە خۆی مەترسییە گەورەکەی دوورکەوتنەوەیە لە بنەمای تەوافوق!

بەلای سەرکردایەتی یەکێتییەوە وەک لە دوایین راگەیەنراویدا ئاماژەی بۆکرا و لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەش جەختی لەسەرکردەوە، پێشێلکردنی پرەنسیپی تەوافوق هەر لایەنێک بیکات هەڵەیە و عیراق رووە و گێژاوی سیاسی گەورە دەبات، بەو مانایەی وەک چۆن بۆ قەوارەی سەدر کارێکی باش نییە لە دژی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشەخسەنەکردنی ململنێکانی، بچێتە رێکەوتن لەگەڵ بەشێکی کورد و ماڵی یەکگرتووی سوننەکان، لە بەرامبەریشدا نێوماڵی خۆی پەرت بکات ، هەمان شێوە و بگرە زیاتریش بۆ لایەنێکی کوردیی وەک پارتی کە گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسی و تێپەڕاندنی سیستمی تەوافوق و چەپڵە و ئافەرین بۆ حکومەتی زۆرینە تەنها بۆ گێڕانەوەی ئیعتیباری سیاسی تاکە کەسێک و تۆڵە سەندنەوە لە یەکێتی دەبینێت، هەنگاوێکە تەواو هەڵەیە و دەکرێت بڵێین ئەگەر ئەم تێڕوانینە سێ قۆڵییە ناکامڵە بچێتە سەر، پێشبینیکراوە کە هەر بەو بنەمایە هەموو دەسکەوتە دەستوورییەکان، دۆزی نەتەوەیی و خاک، ماف و شایستەکان، وە هاوبەشیی سیاسی کورد لە عیراقی تازەدا بکەونە ژێر پرسیارەوە و گۆڕانکاریەکانیش بەئاراستەیەکی خراپ بۆ داهاتووی میللەتی کورد دابڕێژرێنەوە!

وتاری زیاتر




ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      76 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      112 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو