بڵێسە جەبار فەرمان

ئایا کورد مەرجەعی پێویستە؟

  2022-02-05 20:18      199 جار بینراوە        کۆمێنت

مەرجەع بە واتای چی دێت و چ کۆمەڵگا و گروپێک مەرجەعیان هەیە؟ وشەی مەرجەع لە وشەی (یرجع)ەوە سەرچاوە دەگرێت. واتا گەڕانەوە بۆ شوێنێک یاخود کەسێک. بەو چەشنە ئەو شوێنە یاخود ئەو کەسە دەبێتە مەرجەع. وشەی مەرجەع لە لایەنگرانی ئیمامی عەلییەوە سەری هەڵداوە و لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە بەکاردەهێنرێت.

ئەم دەستەواژەیە دوای سەدان ساڵ ئاڵوگوڕی بەسەرداهات و تەنها بۆ ئەهلی بەیت بەکارناهێنرێت، بەڵکو وەکو بەرزترین بڕوانامە تەماشا دەکرێت کاتێک خوێندکاریکی ئاینی لە حەوزەی قوم یا نەجەف بەدەستی بهێنێت.

خوێندن لەم دوو حەوزەیە بەچەندەها قۆناغ و ئاستدا تێدەپەڕێت و بەرزترینیان «‌ئایەتوڵا عوزما» و «حوجەتول ئیسلام».

لە دوای ئەبو قاسم ئەلخوئی کە تا ساڵی 1992مەرجعی شیعەکانی عیراق بوو، عەلی حسێنی سیستانی بوو بە مەرجەعی شیعەکانی ئەهلی بەیت.

عەلی حسێنی سیستانی تەمەنی 90 ساڵی تێپەراندووە و باری تەندروستی ناجێگیرە، هەربۆیە بیر لە قۆناغی دوای سیستانی و جێگرەوەی دەکرێتەوە. ئێستا سیستانی سێ جێگرەوەی هەیە کە هەرسێکیان شهادەی ئایه‌توڵا یان هەیە. ئەوانیش «ئیسحاق ئەلفەیاز» کە بە رەچەڵەک ئەفغانییە. بەشیر ئەلنەجەفی کە بە رەچەڵەک پاکستانیە. محەمەد سەعید ئەلحەکیم کە بە رەچەڵەک عیراقییە. ئەوەی دژی کاندیدکردنی ئەم سیانەیە ئەوەیە کە هەرسێکیان تەمەنیان لە سیستانیەوە نزیکە و بەهەمان شێوەی ئەو باری تەندروستیان جێگیر نییە. ئەمەش وادەکات کە لە بازنەی دووەمدا بەدوای جێگرەوەیەک بگەرێن و کوڕی سیستانی لە جێگرەوەی باوکی نزیک ببێتەوە.

محەمەد رەزا حسێنی سیستانی، کوڕە گەورەی سیستانییە و هەموو ئیش و کارەکانی باوکی رادەپەرێنێت. هەموو کاروباری ئایینی و سیاسی باوکی گرتۆتە ئەستۆ بەو هۆیەشەوە لە ساحەی سیاسی و ئاینی عیراقدا ناسراوە و بە شێوەیەک کاوربارەکانی باوکی گرتۆتە ئەستۆ کە دەوترێت ئەو هەموو بڕیارەکان دەدات.

بەدەر لە محەمەد رەزای سیستانی، دوو خێزانی تری عیراقی لە هەوڵی ئەوەدان ببن بە مەرجەعی شیعەکان. ئەوانیش هەریەک لە ئالی حەکیم و ئالی سەدرە.

عەمار حەکیم کوڕی عەبدولعەزیز حەکیم-ە کە سەرۆکی مەجلیسی باڵای ئیسلامییەکانی عیراق بووە و هەروەها نەوەی ئایەتوڵا موحسین تەباتەبائی حەكیم-ە کە مەرجەعی شیعەکانی عیراق بووە تا ساڵی 1970. هەربۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە ببێت بە مەرجەعی شیعەکانی عیراق و ئەو پایە بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکەی.

موقتەدا سەدر کوری محەمەد محەمەد باقر سەدرە. برازای محەمەد باقر سەدرە کە مەرجعی شیعەکانی عیراق بووە تا ئەو کاتەی لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارە دەدرێت.

موقتەدا سەدر مەرجعیەتی شیعەکان بە مافی خۆی دەزانێت و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەو پلەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.

ئێستا ململانێیەکی زۆر لە نێوان ئەم سێ کەسایەتییە بەدیدەکرێت.

ئەم خێزانانە و شیعە مەزهەبەکانی دوانزە ئیمامی عیراقی مافی خۆیانە باسی مەرجەع و گەڕانەوە بۆ بەرزترین دەسەڵاتی ئایینی بکەن و بۆ شەرعی بوون و نەبوونی هەموو بابەتێک بگەڕێنەوە بۆ ئەو کەسە.

بەڵام پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە ئایا مەرجەعیەت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک و هەرێمێک گونجاوە؟

ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا بەدیدەکرێت هەوڵدانە بۆ دروستکردنی مەرجەعیەتێک، لەکاتێکدا شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلەکەمان بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی بوو، سەرکەوتووترین و تازەگەرترین شێوازی حکومڕانیی لە جیهاندا سیستمی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی گەل و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە.

ئەم سیستمە بریتییە لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن. واتا بریتیە لە پەرلەمان و چەندەها وەزارەت لە هەموو بوارەکاندا. بەرنامەی کاری حکومەت لەلایەن حزبە براوەکانی هەڵبژاردنەوە دەنووسرێتەوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانەوە جێبەجێدەکرێت و پەرلەمانیش چاودێری دەکات.

لە سیستمی دیموکراسیدا شتێک نییە بە ناوی مەرجەعییەت، هەموو یاساکان دیموکراسییانە لەلایەن پەرلەمانەوە دادەرێژرێت و لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێت. بوونی مەرجەع و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکان بۆ شەخسێک دژ بە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی دانەبڕاوی سەدان ساڵەی گەلەکەمانە.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا بەدیدەکرێت سەرباری بوونی چەندەها ئۆرگانی تەنفیزی و تەشریعی بەڵام هەموو هەوڵەکان و چپەچپە ژێر بەژێرەکان بۆ ئەوەن شەخسێک بە مەرجەعی کورد بناسرێت.

ئەم رێکەوتنانەی کە هەوڵدەدرێت بکرێت بۆ چەسپاندنی بودجە و مووچەی کوردستان و مافە دەستورییەکان نییە، بۆ مافی پێشمەرگە و مادەی 140 و گەڕانەوەی خاکی زەوتکراو و هەموو ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە نییە، بەڵکو تەنها لە پای یەک خواستە ئەویش بوونی موقتەدا سەدر بە مەرجەعی شیعەیە، کە لەگەڵ سیستم و دیدی شیعەکان گونجاوە و خواستێکی تەندروستە و بوونی کەسێکی تر بە مەرجەعی کورد و گەڕانەوە بۆ ئەو. لە بوونی مەرجەع و گەڕانەوە بۆ مەرجەع چ پێوستیمان بەم هەموو وەزارەت و وەزیر و پەرلەمانتارانە هەیە؟

مەرجەعی ئایینی بابەتەکان لە رووی ئایین و مەزهەب و شەرعی بوون و نەبوونییەوە هەڵدەسەنگێنێت. مەرجەعی نەتەوەیەک بابەتانە لە چ روویەکەوە دەبێت هەڵبسەنگێنێ؟

هەموو بڕیارێک وابەستە بە میللەتەکەمان و هەرێمەکەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەڵبژێردراوی گەلی کوردستان و حزبەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، نەک کەسێک کە ناوی خۆی ناوە مەرجەع.

وتاری زیاتر









راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      156 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      186 جار بینراوە




کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      158 جار بینراوە















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو