ساڵ بەساڵ روون دەبێتەوە، کورد بەر لە هەموو دوژمن و نەیارەکانی، خۆی دوژمنی سەرسەختی خۆیەتی و ئەوانیش سوود لەو حاڵەتە وەردەگرن بۆ لاوازکردنی و زەفەر پێبردنی.
هەموومان کەم تا زۆر مێژووی نەتەوەکەمان و کوردستان دەزانین، ناکۆکی نێوخۆیی کورد بەشێکی گەورەی ئەو مێژووە داگیر دەکات و هەمیشە دوژمن پشت ئەستوور بەو ناکۆکییانە توانیویانە پیلان و سیاسەتەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەگەر دوورتر نەڕۆین و لە ئیمارەتەکانەوە تەماشا بکەین، هۆکاری هەرە سەرەکی رووخانیان، ناکۆکیییە ناوخۆییەکان بووە.
سەد ساڵ لەمەوبەر کە مەلیک مەحمود دەوڵەتی کوردی راگەیاند، دژەکانی ناوخۆ لە دوژمن و نەیارەکانی دەرەوە زیاتر بوون.
لەم سەردەمەشدا هەمان حاڵەت دووبارە دەبێتەوە، دوژمن و نەیارەکانی کورد، کار لەسەر ناکۆکییەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن و سەرەنجام و لە ئایندەدا بە زیانی کورد دەشکێتەوە.
لەماوەی پاش راپەڕینەوە، هەر کاتێک نێوماڵی کورد پتەو بووبێت، بارودۆخی کوردستان لەوپەڕی باشیدا بووە لە هەموو روویەکەوە، هەرکاتێکیش گرفت و پەرتەوازەیی هەبووبێت، بارودۆخەکە لەوپەڕی خراپیدا بووە.
لە هەرێمی کوردستان زۆربەی کات نێوانی حزبەکان، پڕ بووە لە ناکۆکی و جیاوازی. دەکرێت جیاوازییەکە بە قازانج بشکێتەوە، بەمەرجێک جیاوازییەکان لەسەر چۆنێتی باشتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بێت، بەڵام ناکۆکییەکان هەمیشە بە زیان کەوتوونەتەوە. لەنێو ئەو ناکۆکییانەدا، ناکۆکیی نێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین زیان بە مەسەلەی گەلەکەمان و کوردستان و هەرێم دەگەیەنێت.
هەرکاتێکیش تەبابووبن و بەرژەوەندیی گەلی کوردستانیان لەبەرچاو گرتبێت بە قازانجی خەڵک و هەرێمی کوردستان کەوتۆتەوە.
چەند ساڵێکە نێوانی یەکێتی و پارتی، باش نییە، جا هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، ئەم باش نەبوونە زۆر بە روونی لەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێم رەنگی داوەتەوە، هەرلایەکمان خۆمان بە راست دەزانین لە راز و گلەییەکانمان لەیەکتر. راستە دیدوبۆچوونی جیاوازمان هەیە لەزۆر مەسەلەدا، بەڵام لە سەروبەندی دامەزراندنی کابینەی نۆیەمدا، هەردوولا لەسەر زۆر مەسەلەی پەیوەست بە ئیدارەدانی هەرێم و لە بەرژەوەندیی خەڵک رێکەوتن. ئەوەش بەهۆی ساردی و ناکۆکی نێوان هەردوولاوە گرفتی تێکەوت. هەردوولا کەوتنە هێرشی راگەیاندن و پەلاماردانی یەکتریی، ئەمە بارودۆخی هەرێمی ئاڵۆزکرد و خەڵکی خستە دڵەڕاوکێوە. کە مەسەلەی هەڵبژاردنی پێشوەخت هاتە ئاراوە، زۆر کەس بڕوایان وابوو لایەنە کوردستانییەکان ئەگەر لیستی هاوبەشیشیان نەبێت، دەکرێ رێکەوتنێک بۆ پاش هەڵبژاردن بکەن و بە یەک دەنگی بچنە بەغدا.
ئەوە نەکراو هەر پێش هەڵبژاردنیش، چەندین جار هەواڵی ئەوە بڵاوبۆەوە کە پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر و سوننەکان رێکەوتووە.
ئەم هەواڵە پاش راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەروا دەرچوو. بۆیە سەرلەنوێ لە هەرێمی کوردستان قسەوباس لەسەر یەکڕیزیی و یەک دەنگیی کورد دەستی پێکردەوە، پاش بێنەوبەرەی زۆر و چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان یەکێتی و پارتی، بڕیاردرا هەردوولا بەیەک وەفد بچنە بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەسەر چۆنێتی پێکهێنانی حکومەتی عیراق و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان کرد، بەڵام لەپڕ و بێ پێشەکی پارتی هاوپەیمانییەکی لەگەڵ کوتلەی گەورەی سوننەکان و کوتلەی سەدر راگەیاند و ئەوەی لەسەر یەکدەنگیی و یەکهەڵوێستی باس دەکرا و کاری بۆ دەکرا، هەڵوەشایەوە و پارتی لەبری هەڵبژاردنی هاوخەبات و هاوزمان و هاونەتەوە و هاوچارەنووسەکانی، ئەوانەی هەڵبژارد کە بە پێشمەرگە دەڵێن میلیشیا و دژی هەرێمن و بەتەمان لە هەموارکردنەوەی دەستووردا، هەرێم نەهێڵن و مافەکانی گەلەکەمان پێشێل بکەن.
راستە سیاسەت بەرژەوەندییە، بەڵام خۆ دەکرا ئەو بەرژەوەندییانە بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی نێوماڵی کورد بەدەست بێت. ئاوهاش هێشتا هەندێک بڕوایان وابوو کات ماوە بۆ یەکڕیزیی، بەڵام ئەو ئومێدەش پێدەچێت خەونێکی بەدینەهاتوو بێت، کاتێک سەرۆکی پارتی دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ نزیکخستنەوەی لایەنە شیعەکان کە مافی خۆیەتی ئەو رۆڵە بگێڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێک چوونە نەجەف بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی رەوتی سەدر، بە دڵنییاییەوە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتر، کارێکی باش و لەبەرچاوە، ئەی نەدەکرا وەفدێکیش بۆ رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و نێوان یەکێتی و پارتی پاش تێکچوونی بەهۆی هەڵوێستەکانی پارتییەوە و نەهێشتنی نیگەرانییەکان بهاتایەتە سلێمانی ؟ ئەی سلێمانی نزیکتر نەبوو؟