مستەفا محەمەد

ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن

  2022-01-29 18:23      110 جار بینراوە        کۆمێنت

هەڵوێست و بڕیاری دروست و هاوڕایی سەبارەت بە هەر پرسێکی نیشتمانی بۆ رێکەوتن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق، کارێکی باشە و بێگومان پێویستە هەموو کورد بە جیاوازیی تێڕوانینەکانیشیان پێشوازیی لێبکەن. بەڵام ئەو هاوڕاییە دەبێت هێزی لە سەنگی زۆرینەی هاووڵاتیانەوە وەرگرتبێت بۆ پێوانەی هاوئاهەنگی نوێنەرایەتی لە جێگە و پێگەی شایاندا، بەو پێوەرەش نابێت هیچ کات بە خێر و حەسەناتی ماڵ جیایی، چەمکی دیموکراسی و بنەمای شەراکەت و جوگرافیایەک ژێر پێ بخرێت و زۆرینەی ناوچەیەکی دیاریکراو بەسەر تەواوی هەرێمێکی گەورە و تەنانەت عیراقیشدا بسەپێنرێت و تەعمیمی بڕیارەکانیشیان بەیەکسانی هەمووان بگرێتەوە.

ئەمە پێی ناوترێ نەفەسی دیموکراسی، بەڵکو دەشێت لەناو بازنەیەکی داخراوی سیاسەتدا، زۆر ناوی تری هاوشێوەی تاکڕەویی و پێشێلی مافی هاووڵاتیان و هەڵکێشانی خەنجەری ژەهراویی لە جەستەی ناوماڵی کورد و پەرتەوازەیی زاڵکردنی هەژموونی لایەنێکی لێ بنرێت!

بەداخەوە ئەگەرچی هەوڵی زۆرتریش لە رابردوودا هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەم جارە پارتی خوی پێوە گرتووە و گەرەکێتی بە زەقتر لە پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستە سیادییەکان و بەرکەوتەی کورد جێبەجێیان بکات، رێک ئەوەیە کە باسکرا و بە سەفقە و رێکەوتنی کۆنکرێتیی ستراتیژیی چوار ساڵی لەگەڵ «سوننە و بەشێکی شیعە»دا کە ماوەیەکی درێژە کاری بۆ دەکات، گوایە دەیەوێت پێی بگا! لەبەرامبەریشدا ئەگەر ئیرادە و ویستی لیست و قەوارەکانی تر بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و ون نەکردنی بنەمای تەوافوق «چ لە هەرێم و چ لە بەغدا» بێ ئەرزشیش بێت، هیچ بەلای پارتییەوە کێشە نییە، دواجار بەزۆری زۆرداریی دەیەوێت بیانخاتە دەرەوەی پێکهێنەری سەکۆی بەشداریی کابینەی نوێوە تا هەمیشە وەک قەوارەی سەرکز و بێ دەنگ چاو لەدەست و فیکر لەرووی مەرحەمەتی ئەودا بن!

ئەم تێز و تێڕوانینە لە سیاسەت، ئەگەر بارگە و بنەکەی لە پێناوی سەپاندنی هەژمونگەرایی چەند لایەنێکی دیاریکراوەوە سەرچاوەی گرتبێت و ویستی لەدایکبوونی هەبێ، ئەوا بێگومان هەنگاوەکانی زۆر دوور ناڕۆن و سەرپێکەوتنیان ئەستەمە، بێگومان لە نیوەی رێ ئاسان بە قاچی لەرزۆکەوە دەکەونە گۆڕێ، چونکە هەمیشە ئیرادەی جەماوەر و جوگرافیای جیاواز سەنگی مەحەکی بڕیاردانن لە کایەی دیموکراسیدا، کە ئەویش دواجار لەگەڵ یەک ریزییدا تەبا و هاوڕایە، بڕیاری دروستیش بۆ سیاسەتی حزبایەتی ئەوەیە کە لەو ریتم و رێچکەیە هەرگیز لا نەدرێ، بەتایبەتی دروشمی ئەمجارەی شەقام و رێچکەی خۆپیشاندانەکانیش بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەچوونی پێشوەختە، دروست بۆ گۆڕانکاریی جەوهەریی بوو لە کایەی دەوڵەتداریی نەک هەژموونی چەند لایەنێک بسەپێنرێت بەسەر کۆی پڕۆسەکەدا!

ئەوە راستییەکە و نادیدە ناگیرێت، ئەم جارە یەکێتی باش لەوە گەیشتووە کە رێکەوتنەکەی پارتی لەگەڵ سەدر و کوتلەی سوننەکان بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و کارنامەی حکومەتیش یەک وەرەقەی سیاسییە و ئیمکان نییە بۆ پارتی لە پێناوی یەکڕیزیی گەلی کوردستاندا نە بۆ یەکێتی و نە بۆ هیچ قەوارەیەکی تری کوردستانی کە ئەو نیازەی هەیە ، شیرینیەکەی بەجێ بهێڵێت، کەواتە ئەوەی لەگەڵ یەکێتی کردی بەناوی وەفدی هاوبەش و یەکڕیزییەوە، تەنها بۆ غافڵگیریی و کات کوشتن بوو، ئەو بیانووەشی بۆ گۆڕینی کەسێک وەک بەربژێر بە کەسێکی تر، بازاڕی سۆشیال میدیای پێ گەرم کردبوو تەنها نمایشێکی کاتی بوو!

ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە سەپاندنی قسەی خۆیەتی بەسەر هەمواندا، دەنا هەر پرسیارێکی سادە؛ هێنانە پێشەوەی تاکە کەسێک کە پێشتر بەتۆمەتی گەندەڵی متمانەی لێ سەندرابێتەوە لەپای چییە؟ ئەرێ گەلۆ دەبێ ئەزمەی بەربژێر بێت یان تەنها سەپاندنی ئیرادەی کەسێکە؟ ئەوەش پرسیارێکە وەڵامەکەی دیار نییە و دەبێ چاوەڕێ بین وەڵامەکە لە هەموو ئەو هێز و قەوارە سیاسییانە وەربگرینەوە کە دروشمی دژە گەندەڵیان بەرزکردۆتەوە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لەڕۆژی دەنگدان بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار!

وتاری زیاتر












عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      149 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو