به وته‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، ژماره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا به تۆپ و هاوه‌ن و تۆپی تانك كردوویانه‌ته سه‌ر ناوچه‌كانی ره‌زكان و ته‌ل ته‌مر و كۆبانی و عه‌ین عیسا، گه‌یشتۆته 225 هێرش و زیانی زۆریشی گه‌یاندووه، له‌مه‌شدا توركیا سوودی له بێده‌نگیی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه.
ژیانی خه‌ڵكی رۆژئاڤا له مه‌ترسیدایه
دۆخه‌كه زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه، چونكه رووداوی سه‌ره‌كی رۆژانه‌ی رۆژاڤا بریتییه له بۆردومان و تۆپباران، به‌مه‌ش ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه له مه‌ترسیدایه و سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌ڵكه ناچار ده‌بن ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره بن، ره‌نگه ئێستا سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ناوچه‌كه بیر له‌وه بكەنە‌وه له‌و دۆخه رزگاریان بێت و هه‌ڵاتن له دۆخه‌كه به رێگه‌چاره دابنێن، لای كه‌سیش شاراوه نییه كه شانبه‌شانی بۆردومانه‌كان له ناوخۆشدا پڕوپاگه‌نده بڵاو ده‌بێته‌وه و كاتێك بۆ نموونه كۆبانی تۆپباران ده‌كرێت، خه‌ڵكی دێركیش هه‌ڵدێن و خۆیان ده‌شارنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موان له‌وه ده‌ترسن كوت‌وپڕ توركیا بدات به‌سه‌ریانداو داگیریان بكات، به‌به‌رچاوی ئه‌مریكا و روسیاشه‌وه.
له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌دا كه ترس سه‌رتاسه‌ری ئاسمانی ئیداره‌ی خۆجێیی گرتۆته‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگ و مه‌ترسیداره دواكه‌وتنی پڕۆژه ستراتیژییه‌كانه، ئه‌ویش به‌هۆی بارودۆخی خراپی ئابوورییه‌وه، هه‌رچه‌نده زۆر شت كراوه، به‌ڵام به‌هۆی گه‌مارۆ و داخستنی دواهه‌مین ده‌روازه به رووی ده‌ره‌وه‌دا كه ده‌روازه‌ی فیشخابوور- سمێلكا بوو، ئابووری ناوچه‌كه به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت، له‌به‌رئه‌وه راسته ئیداره‌ی خۆجێیی توانای په‌رجووی نییه، به‌ڵام پێویسته لانیكه‌م كاری جدی و به په‌له بكات بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه له ئاستێكدا راگرێت كه كۆچی به‌كۆمه‌ڵ روو نه‌دات، پێویسته ژیانێكی ئارام فه‌راهه‌م بكات و متمانه به داهاتوو بۆ خه‌ڵك بگێڕێته‌وه، هه‌رچه‌نده پێشتریش ئیداره‌ی خۆجێیی له‌ناو ئاگری شه‌ڕداو له سایه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌مارۆیه‌شدا، كه لایه‌نه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانیش به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه، كاری زۆر كردووه و پڕۆژه‌ی گرنگی جێبه‌جێ كردووه.
هه‌وڵی تێكدانی سه‌قامگیریی رۆژئاڤا
گومانی تێدا نییه كه گه‌مارۆی ئابووری و هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی توركیا، ئامانجیان تێكدانی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌یه، رژێمی دیمه‌شقیش پیلانگێڕیی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه و له‌ولایشه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه تیرۆریستیه‌كان و گرتنه‌وه و بڕینی ئاو له به‌نداوی فورات و له‌كار خستنی وێستگه‌ی عه‌لوك و زۆری دیكه‌ش كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ئیداره‌ی خۆجێیی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش لۆژیكی و چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام ئه‌ركێكی زۆریش له‌سه‌ر شانی ئیداره‌ی خۆجێییه و ده‌بێ هه‌وڵه‌كانی چڕتر بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كۆسپه‌كاندا زاڵ بێت، به‌ر له هه‌موو شتێكیش ده‌بێ به توندی ده‌ستی ئه‌و لایه‌نانه بشكێنێت كه قۆرغكاریی ده‌كه‌ن و یاری به بژێویی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و به جددیش به‌ره‌نگاری ئه‌و گه‌نده‌ڵییه ببێته‌وه كه تازه خه‌ریكه سه‌ر هه‌ڵده‌دات، هه‌روه‌ها ده‌بێ به‌رپرسانه‌و به جددی كار بكات بۆ باشتركردنی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی دوای ئه‌و هه‌موو خۆڕاگرییه‌یان شایه‌نی خزمه‌تگوزاریی باشترن.
له سایه‌ی تێڕوانینی ناڕوون و نادیاری نێوده‌وڵه‌تیدا و دوژمنایه‌تی روون و ئاشكرای ئیقلیمی و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و پڕوپاگه‌نده دژی پڕۆژه‌ی ئیداره‌ی خۆجێیی، پێویستمان به هه‌نگاوی بێ‌وچان و لێبڕاوانه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بیابانێكی قاقڕدا ده‌ژین، به‌ڵام هێشتا زیندووین.