ئێستا دۆسێی ئەتۆمیی ئێران بە هەستیارترین قۆناغدا تێدەپەڕێ. وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا جۆزیپ بۆریل ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە كەشوهەوای دانوستان لەگەڵ ئێران لە ڤیەننا، بە بەراورد لەگەڵ لەمەوبەر، لە دۆخێكی باشتردایە و پێشبینی كرد لەماوەی چەند هەفتەیەكی داهاتوودا بگەن بە رێكەوتن. ئەمە بەم مانایە نییە كە رێگای رێكەوتن كراوەیە، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە رێكەوتنێك بێتە ئاراوە و ئەم دۆسێ ئاڵۆزە بەلایەكدا بكەوێ.
پێشبینی دەكرێ هەردوولا بگەن بە رێكەوتنێكی كاتی بۆ ماوەی دوو ساڵ، كە ئەمەش دەبێ بە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەی متمانە. ئێران هەر لە سەرەتاوە لابردنی سزاكانی بە خاڵێكی سەرەكیی رێكەوتنەكە زانیوە. ئاشكراشە كە مەحاڵە هیچ رێكەوتنێك بەبێ لابردنی سزاكان بێتەدی. لەم مەسەلەیەدا ئێرانییەكان لە دانوستانكارەكانی تر بەپەلەترن بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە، بەڵام رەنگە رێكەوتنە چاوەڕوانكراوەكە دەمودەست سزاكان لانەبا، بەڵكو وردە وردە و بەشێنەیی، سزاكان لەماوەی دوو ساڵدا لەسەر ئێران هەڵگرێ. هەروەها دەبێ ئێران پارە بلۆككراوەكانی خۆی لە دەرەوەی وڵات وەربگرێتەوە. دەشێ ئەم خاڵە زووتر دەست بە جێبەجێكردنی بكرێ.
لە دانوستاندا ئێرانییەكان پێیان لەسەر ئەوە داگرت كە پێویستە رێكەوتنەكە گەرەنتی ئەوەیان بكات كە ئەمریكا جارێكی تر، وەك ئەوەی لە ساڵی 2018دا لە سەردەمی ترەمپ-دا كردی، لە رێكەوتنەكە ناكشێتەوە. وروژاندنی ئەم مەسەلەیە ئەگەرچی جددیبوونی ئێران بە پابەندبوون بە رێكەوتنەكە نیشان دەدا، بەڵام لەهەمان كاتدا نیشانی دەدا كە دانوستانكارە ئێرانییەكان ویستوویانە بە دەستكەوتێكی گەورەشەوە لە دانوستانەكە دەرچن، چونكە پێشنیاریان كردووە لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكادا، مافی ئەوەیان هەبێ كە بگەڕێنەوە سەر پەرەپێدانی پڕۆژە ئەتۆمییەكەی خۆیان، بەمەش هەڵپەساردنی پڕۆژە ئەتۆمیەكەیان كردۆتە بارتەقای پابەندبوونی ئەمریكا بە رێكەوتنەكە.
لە رێكەوتنەكەدا ئێران رازی بووە واز لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بهێنێ و بۆ دڵنیابوون لەم مەسەلەیە یۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاستبەرزەكەی ئێران بۆ روسیا دەگوێزرێتەوە. لەڕاستیدا ئەم پێشنیارە پێشنیارێكی كۆنە و مێژووی بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە، كاتێك هەریەك لە ئەمریكا و روسیا و فەرەنسا پێشنیاریان كرد بڕی 1200 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستنزمی ئێران بۆ روسیا بگوێزرێتەوە و لە بەرامبەردا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز بۆ بەگەڕخستنی كوورە ئەتۆمییە پزیشكییەكەی دابینبكرێ. ئەوساش ئێران دژی گواستنەوەی یۆرانیۆمەكەی نەبوو بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام خوازیاربوو یۆرانیۆمەكەی لە توركیا بێ نەك لە روسیا. رازیبوونی ئەم جارەی ئێران بە گوێزانەوەی یۆرانیۆمەكەی بۆ روسیا، هەنگاوێكی پێشكەوتووە، بەتایبەتی كە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، پەیوەندیی ئێران و روسیا (هەروەها لەگەڵ چین) زۆر پەرەیسەندووە و متمانەیان بە یەكتری زیادیكردووە. لەبەرامبەردا، ئێران بڕێكی بەرچاوی یۆرانیۆم و دەزگاكانی سەنتەرفیووجی بۆ دەمێنێتەوە و دەتوانێ بەكاریانبێنێ.
لە سەردەمی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ-دا، واشنتۆن دەیویست بواری دانوستانەكەی ڤیەننا فراوانتر بكرێ بە چەشنێك كە تێیدا دانوستان تەنها كوورە ئەتۆمییەكەی ئێران نەگرێتەوە، بەڵكو مووشەكە بالیستییە دوورهاوێژەكانیشی بگرێتەوە، بەڵام ئێران سەركەوتووبوو لە دوورخستنەوەی مووشەكە دوورهاوێژەكانی لە هەر گفتوگۆیەك. بۆیە، ئێستا ئێران هیچ فشارێكی بۆ نەهێشتنی مووشەكە دوورهاوێژەكانی لەسەر نییە. ئەمەش یەكێ لە سەركەوتنە گەورەكانی ئێرانە لە وتووێژەكانی ڤیەننا. بەمجۆرە ئێران ئەوەی بۆ خۆی دەستەبەركردووە كە وەك خاوەنی گەورەترین هێزی مووشەكیی ناوچەكە دەمێنێتەوە و دەتوانێ لە ستراتیجی بەرپەرچدانەوە و بەڕێوەبردنی ململانێدا لەئاستێكی باڵادا بێ.
بە دڵنیاییەوە، لابردنی سزاكان و وەرگرتنەوەی پارە بلۆككراوەكان كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی ئێران دەبێ و بەهای تمەنی ئێرانی بەرزدەكاتەوە، بەڵام مەسەلەكە هەر بەمە داناكەوێ. ئەگەر لە گۆشەنیگایەكی گەشبینانەوە تەماشای مەسەلەكە بكەین، دەشێ گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ ئێران، نەختێك لە گرژییەكانی ناوچەكە كەمبكاتەوە و سەرەتایەكیش بێ بۆ پێداچوونەوەی ئێران بە سیاسەتەكەی بەرامبەر بە وڵاتانی كەنداو و كەمكردنەوەی دڕدۆنگیی وڵاتانی كەنداو لە سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانی ئێران. قۆناغی دوای گەیشتن بە رێكەوتن، قۆناغی دروستكردنەوەی پردەكان دەبێ لەنێوان ئێران و دراوسێكانی و ئەگەر نەختێكیش زێدەڕۆیی لە گەشبینیدا بكرێ، دەشێ رێكەوتنەكە ببێت بە مایەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەوروپا و كەمبوونەوەی گرژیی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و لەولاشەوە پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ هەریەك لە چین و روسیا.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، دەشێ ئەمە لەبارترین كات بێ بۆ هاتنەئارای جۆرە كرانەوەیەكی سیاسیی سنووردار لە ناوخۆدا و كەمكردنەوەی كۆت و بەندەكانی سەر ئازادییە گشتییەكان.