بڵێسە جەبار فەرمان

جوانکردنی رووخساری تاوانباران ئەڵمانیاو عیراق بەنموونە

  2022-01-22 17:16      190 جار بینراوە        کۆمێنت

لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان، ئەڵمانییەکان لە ھەموو روویەکەوە تێکشکابوون بە تایبەتی لە رووی دەروونییەوە. ئەڵمانیا بە چەندەھا قەیراندا تێدەپەڕی، کە سەختترینیان قەیرانی دارایی بوو. سەرباری ئەوەی دارایی ئەڵمانیا تێکشکابوو، دەبوو قەرەبووی جەنگ و سزاش بدەنەوە بە وڵاتانی براوە.

ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە داڕمابوو، تاکی ئەڵمانی ھەستی بە زوڵمێکی زۆر دەکرد.

لەناو ئەو ھەموو قەیرانەدا، یەکێک پەیدابوو کە دەیووت دەبێت شانازی بە ئەڵمانیبوونی خۆتەوە بکەیت، دەبێت شانازی بە ئاریابوونتەوە بکەیت کە لە ھەموو رەگەزەکان باشترە و لە سەروو ھەموو میللەت و نەژادەکانی ترەوەیە.

باسی لەو زۆڵمە دەکرد کە بەسەر ئەڵمانیادا ھاتووە و لەو سزایانەی وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان بەسەر ئەڵمانیادا بە بێ ھۆ سەپاندوویانە. باسی لە گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ تاکی ئەڵمانی و سیادەی ئەڵمانیا دەکرد.

ئەم پیاوە توانی باسی ئەو تەوەرانە بکات کە بەشێکی زۆری ئەڵمانییەکان سڵیان لە باسکردنی دەکردەوە. ھیتلەر توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایی بێت و بگاتە لووتکەی دەسەڵات.

من لێرەدا نامەوێت زۆر باس لەسەر بارودۆخی ئەوکاتی ئەڵمانیا و شێوازی دەسەڵات گرتنە دەستی ‌هیتلەر بکەم، بەڵکو دەمەوێت باسی ھەوڵەکانی گۆرینی روخساری ھیتلەر بکەم لە دوای مردنی و کۆتاییھاتنی جەنگ.

دوای تێکشکانی ئەڵمانیای نازی (رایخی سێیەم)، ئەڵمانیا بە چەندەھا قەیراندا تێپەڕی. وڵاتەکە وێران کرابوو بەھۆی جەنگەوە، ھەروەھا لەلایەن ھێزە براوەکانەوە داگیرکرابوو. ئەو ئەڵمانیا گەورەیەی کە خەونی ئەڵمانییەکان بوو و خۆی لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێکی چیک و بەشێکی پۆڵونیا و باکووری ئیتالیادا دەبینیەوە، نەک نەھاتە دی، بەڵکو خودی ئەڵمانیا بوو بە چەندین پارچەوە، ھەر پارچەیەکی لەلایەن ھێزێکەوە بەڕێوە دەبرا.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهان، لە دژی ئەو داگیرکارییە و ئەو قەیرانانەی ئەڵمانیا پێیدا تێدەپەڕی، ھەستی نەتەوەیی و خەونی ئەڵمانیای گەورە و بەھێز لەلایەن زۆرینەیەکەوە سەریھەڵدایەوە.

جیھان لەو بڕوایەدا بوون کە ھەموو تاکێکی ئەڵمانی تاوانبارە، جا چ ئەوانەی راستەوخۆ بەشداربوون یان ئەوانەی بێدەنگییان ھەڵبژارد بەرامبەر بە تاوانەکان.

ھیتلەر و رایخی سێیەم وێنەیەکی زۆر ناشیرینیان بە ئەلمانیا و ئەڵمانەکان بەخشی. ھەربۆیە دەستکرا بە ھەوڵدان بۆ گوڕینی وێنەی ھتلەر و بچوککردنەوەی ئەو تاوانانەی کرابوون و ھێنانەوەی بەھانە بۆیان.

چەندین نووسەر و مێژوونووس پەیدابوون کە باسیان لە خەونە گەورەکانی ھیتلەر دەکرد بۆ نەتەوەکەی و «نیازە باشەکانی و کەسایەتی جوان و پڕ شەھامەتی ھیتلەر» بە بۆچوونی خۆیان.

ھیتلەر لە کەسێکی پڕ لە گرفتی دەروونی و مرۆڤکوژ و دیکتاتۆرەوە کرا بە پیاوێکی ئاژەڵدۆست و وێنەکێش و ھونەردۆست و خۆشەویستیی ژینگە و منداڵ و نووسەر و…هتد.

چەندان سەرکردەی نازییەکان دەستیان بە نووسینەوەی ژیاننامەکانیان کرد و خۆیان و ھیتلەریان لە ھەموو تاوانێک بێبەری کرد.

ھیتلەر بوو بە پیاوێکی شۆڕشگێڕی، نەتەوەیی و دەستپاک و میللەت دۆست.

باس لەوە دەکرا کە ھیتلەر ھیچ کات سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بۆ خۆی بەکارنەھێناوە و تەنھا بە داھاتی کتێبەکەی و مووچەکەی ژیاوە.

تا رۆژی ئەمڕۆ سۆشیال میدیا پڕکراوە لە وتەکانی ھیتلەر و وێنەکانی لەگەڵ سەگەکەیدا و چۆن بە چەندین سەعات دەستی داناگرێت لە سڵاوکردنی نازییەکان بۆ ھێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا.

ھیتلەر پێچەوانەی ھەموو ئەم ھەوڵە جوانکارییانە بوو. ھیتلەر سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بەکاردەھێنا بۆ دروستکردنی ڤێلـلای گەورە لە ئۆبێرزالسبێرگ و میونشن و بەرلین ڤێلـلای ھەبوو. ئێڤا براونی دەزگیرانی ژیانێکی شاھانە و گرانبەھا دەژیا.

ھەموو ئەو تاوانانەی دژبە مرۆڤایەتی کران بە فەرمانی ھیتلەر بوون، بەڵام زۆر ژیرانە ئەم کارەی دەکرد، ھیچ فەرمانێکی راستەوخۆی نییە بۆ ئەو تاوانانە، ھەروەھا ھیچ بەڵگەیەکی نووسراو بە ئیمزای ھیتلەر نییە کە فەرمانی ئەو تاوانانەی دابێت.

رژێمی نازی بەدەر لە لەناوبردنی یەھودییەکان و شۆڕشگێڕە ئیتالی و پۆڵۆنی و فەرەنسییەکان، تاوانباریشە بە لەناوبردنی ھەزاران کەمئەندام و ئەو کەسانەی بە بۆچوونی نازییەکان بێسوود و بارگرانین بەسەر کۆمەڵگەوە، کە ئەوەش بێجگە لە کەم ئەندامان، مرۆڤە پیر و پەککەوتەکانیشی دەگرتەوە.

ئەم توێژانە بە سیستم و بە تەدریجی پاڵپشت بە بۆچوونەکانی ھیتلەر بە شێوەیەکی دڕندانە لەناوبران. لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ بەڵگەیەکی نووسرا و و بیستراو نییە بۆ لەناوبردنی ئەمانە بە ئیمزای ھیتلەر.

ھیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە بیسەلمێنێت ھیتلەر ئاگاداری ئەو تاقیگەیانە بووە کە مرۆڤیان وەکو مشکی تاقیگە بەکارھێناوە و ھەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان لەسەر تاقی کردوونەتەوە.

ھیتلەر زۆر بە ئاگاییەوە ئەو فەرمانانەی دەدا، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەک لەدوای خۆی بەجێبھێلێت و لە دوای شکستیان لە جەنگدا و پێش خۆکوشتنی فەرمانیدا کە ھەموو دیکۆمێنتەکان بسووتێنرێن.

ھەوڵەکان بۆ جوانکردنی روخساری ھیتلەر تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، بەشێکی زۆر لەو بڕوایەدان کە شەش ملیۆن یەھودی لە (ئەوسشڤیتس) نەکوژراون و ئەو ژمارەیە ھیچ راستییەکی تێدا نییە و ھیتلەر بێبەرییە لەو تاوانانەی کراون.

ھەمان ئەو شێوازی شێواندنی مێژوو و جوانکردنی روخسارە ئێستا لە عیراق و وڵاتانی عەرەبیدا بەکاردەھێنرێت بۆ سەدام.

سەدام ئەو دیکتاتۆرەی بە درێژایی ساڵانی حکومرانی وڵاتێکی بچوکی وەکو عیراقی لە جەنگێکەوە بەرەو جەنگێکی تر راپێچ دەکرد.

سەدام بیانووی دەستپێکی ھەموو جەنگەکانی بە شێوەیەک نمایش دەکرد کە ئەو لەسەر هەقە و پارێزگاریی لە شکۆی ھەموو تاکێکێ عەرەب دەکات.

ئەو خۆی بە نوێنەری ھەموو وڵاتە عەرەبییەکان دەزانی و خەونی یەکخستنی ھەموو وڵاتە عەرەبییەکانی ھەبوو بە پێشڕەویی خۆی و ھەربۆیە ھەمیشە باسی لە ئوممەی عەرەبی دەکرد.

بێگومان وڵاتێکی بەھێزی یەکگرتووی عەرەبی خەونی ھەموو تاکێکی عەرەبییە، سەدام ئەم خەونەی بۆ مەرامی خۆی بەکاردەھێنا.

سەدام، ھاوشێوەی ھیتلەر خۆی بە کەسێکی منداڵدۆست و ھونەردۆست و وەرزشوان و ژینگەدۆست پیشاندەدا، باسی لە شکۆی عیراق و عیراقییەکان دەکرد، بەڵام پێچەوانەکەی دەکرد.

لە دوای رووخانی ھیچ بەڵگەیەکی نووسرا و بیستراوی نییە کە تێیدا فەرمان بکات بە کوشتنی ھاووڵاتیان و جێنۆساید و تاوانی ئەنفال.

لە سۆشیال میدیا ھەموو کۆنە بەعسی و شۆڤێنییەکان پیاھەڵدانیان بە سەدامدا دەستپێکردووە و ھەوڵی جوانکردنی دەدەن. سەدامێک کە دادگا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد لەسەر تاوانەکانی، ئێستا بە شەھید ناودەھێنرێت.

ھەندێک لە ھەڵسوکەوتە نمایشییەکانی سەدام ئێستا بە شێوەیەکی ئەفسوناوی و قارەمان و دادپەروەر و پارێزەر لە سۆشیال میدیا بەرجەستە دەکرێت.

هەڵبەتە ئەم دۆخە پڕ قەیراناوی و گەندەڵی و نادادپەروەرییەی ئێستا عیراق تێیکەوتووە، زۆر ھەموارە بۆ جوانکردنی روخساری سەدام و شۆردنەوەی مێشکی لاوانی عیراقی و خۆزگە خواستن بەو دیکتاتۆر و رژێمە.

ھەر ئەوەتا وەکو دەبینین کۆنە بەعسییەکان دووبارە لە پێشڕەویدان و ھەندێک لەو نەوە شۆڤێنیانە ئێستا لە پەرلەمانی ئیتیحادیدان.

لەم رووەوە کورد دەبێت زۆر بە ئاگابێت و لە ھەوڵی بەھێزکردن و پاڵپشتیکردنی دەستەی نیشتمانیی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەریدا بێت.

ھەروەھا دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا کەسانی نیشتمانپەروەر و نەوەی خائین و خۆفرۆش نەبن.

وتاری زیاتر







راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      145 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      174 جار بینراوە




کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      145 جار بینراوە















نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-03-08 21:28      260 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو