لەیلا عومەر

لەنێوان زۆرینەو سازانی سیاسییدا

  2022-01-10 16:00      61 جار بینراوە        کۆمێنت

گفتۆگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق چڕبوونەتەوە و شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە بەغدان و لە چەند رۆژی رابردووەوە تا ئێستا ژمارەیەك كۆبوونەوەیان کردووە بە مەبەستی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و لێكتێگەیشتن لەگەڵ لیستە گەورەكانی شیعەدا لەسەروویانەوە موقتەدا سەدر، چوونی ئەو وەفدە باڵایە بۆ بەغدا كارێكی پێویست و ئەرێنییە و گرنگە تا دەگەنە رێكەوتنی باش نەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

ئەوەی زیاتر چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی لێدەكرێت لیستەكەی موقتەدا سەدرە، تائێستا نوری مالیكی لە ركابەریكردنی سەدر نەكشاوەتەوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە ناچن نوری مالیكی چانسی بوونەوەی بە سەرۆك وەزیرانی هەبێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەوڵی بەردەوامدایە و كارەكتەرێكی سیاسی لاوازیش نییە، بەڵكو هێشتا خاوەن هەیمەنەی سیاسییە و ئاسان ناكرێتە دەرەوەی گەمە سیاسییەكان.

موقتەدا سەدر باسی زۆرینەی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكات، ئەمە لای ئەو بووەتە هاوكێشەیەكی نەگۆڕ و بە هەموو شێوەیەك كاری بۆ دەكات، بەڵام حزبەكانی كوردستان زیاتر مەیلیان بە لای سازانی سیاسیدایە بەو پێیەی عیراق و ژینگە سیاسییەكەی هێشتا بەرگەی ئەوە ناگرن یاخود بۆ ئەوە زەمینەساز نین لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە پڕۆسە سیاسییەكەی بنیات بنرێت.

حكومەتی زۆرینەی سیاسی لایەنی باش و خراپی هەیە هەروەك حكومەتی سازانی سیاسیش هەردوو لایەنەكەی هەیە، بیانووەكانیش بۆ هەردوولا هەن و هەر ئاراستەیەكی سیاسی بەرگری لە تێڕوانینە سیاسییەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق دەكات و ئەگەر فشارەكان نەبن ئاسان حكومەت پێكناهێنرێت.

ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییە رێكبكەوێت كە هاوكاری كورد دەبێت لە پاراستنی قەوارەكەی و وەرگرتنەوەی مافەكانی، هەروەها ئەو هێزەی كورد وەكو مرۆڤی پلە دووی عیراق نابینێت، بەڵكو بڕوای بە بوونی كورد وەكو نەتەوەیەكی سەرەكی لە عیراق هەیە و ئامادەشە رێز لە پێگە و بەشداریی كوردستان لە حكومەت و دەسەڵاتە جیاوازەكانی عیراق بگرێت و دژی هەر هەوڵێك بوەستێتەوە بەرانبەر كورد و كوردستان ستەمكار بێت.

خاڵێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كورد حكومەتی زۆرینە یان سازان پێكبهێنرێت پێویستیان بە بەشداریكردنی كورد هەیە و خواستی شیعە و سوننەكانیشە كورد بەشداربێت، بەڵام هەریەك لەو دوو لایەنە خواستی ئەوەیان نییە پێگەی كورد بەهێزبێت، بەڵكو زیاتری بەشدارییەكی شكڵییان دەوێت. ئەركی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە مەرجی بەشداریكردنیان ئەوەبێت مافەكانی گەلی كوردستان بەدەستبهێنرێت و ئەوەش خواستی خەڵكە و گەرەنتی پاراستنی پێگەی كورە لە عیراق.

* جێگری پارێزگاری سلێمانی

وتاری زیاتر


پلانی وردتری دەوێت‬ لەیلا عومەر
2021-12-20 15:45      62 جار بینراوە



فەرەنساو دوو وێنەی جیاواز‬ لەیلا عومەر
2021-11-29 15:58      62 جار بینراوە


کۆچ و گەڕانەوەی ناچاری‬ لەیلا عومەر
2021-11-15 18:25      99 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو