کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە2022 چۆتە ئۆردوگایەکی کۆچبەران لە ناو سوریا، پەیامنێرەکە لە کچێکی منداڵی 10 ساڵە کە ناوی شەهدە، دەپرسێت: ئاواتت چییە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە؟ جارێکی تر لێی دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت: ئاواتت چییە؟ شەهەد بەشەرمێکەوە دەڵێت: خێمەیەک، بەڵێ دەڵێت خێمەیەک، منداڵێک لە سەروبەندی ساڵی نوێدا، هەموو ئاواتێکی لە دەست کەوتنی خێمەیەیەکە تاکو تێیدا تۆزقاڵێک ئارام بگرێت و گەرمی بێتەوە.
شەهد وەک کچێکی ئاوارەی دەستی شەڕ و وێرانکاریی، هیچکام لەو شتانەی ناوێت کە منداڵانی تر حەزیان لێیە، تەنها خێمەیەکی دەوێت تا لە سەرمای زستان بیپارێزێت.
شەهد منداڵێکە لەو سەدان هەزار منداڵەی کە شەڕ و شۆڕی گەورەکان دەربەدەر و ئاوارەی کردوون و لەژێر نایلۆن و خێمەی شڕ و ژێر رەحمەتی گەرما و سەرما و باران و بەفر و برسێتی و نەبوونی و ترسدا دەژین. شەهد بەرهەمی تەماع و دڕندەیی و نابەرپرسیارێتی دەوڵەتە زلهێزەکانە کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، وڵاتەکەی شەهد و چەندین وڵاتی تریان کردۆتە مەیدانی شەڕوشۆڕ و کاولکاری و کوشتن، سەدان هەزار شەهدی تر لە سوریا و لیبیا و یەمەن و عیراقی پاش شەڕی داعش و شوێنانی تر هەن کە شەوان لەژێر خێمەی شڕدا، لە برسان و سەرمادا خەویان لێ ناکەوێت، ئەمە لە کاتێکدایە منداڵانی ئەوانەی ئەو شەڕوشۆڕانەیان هەڵگیرساندوە و لەپاڵیدا بەرژەورندییەکانیان مسۆگەر دەکەن لە ناو کۆشک و ئاپارتمانی چەند نهۆمیدا دەژین و چییان بوێت بۆیان دابین دەکرێت و هەمیشە تێر و بێ کێشەن و نەگەرمایان دەبێت نە سەرما.
بەداخەوە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە ئەو ئاستە لە دڕندەیی و ناهەقی و ناعەدالەتی پاش تێپەربونی 22 ساڵ بەسەر سەدەی بیست و یەکدا، ئەو هەموو منداڵە لە جیهاندا لە نەبوونی خواردن و شوێنێک بۆ حەوانەوە و ئارامیدا بناڵێنن و بەردەوام مەترسی لەناوچوونیان لەسەربێت.
شوورەییە بۆ ئەو وڵاتانەی ئەو هەموو شەڕوشۆڕەیان هەڵگیرساندوە، منداڵێک تەنها ئاواتی لەوەدا پچووک بێتەوە خێمەیەکی بوێت. بەڕاستی شەرمە بۆ مرۆڤایەتی و جیهان.