سڵاوی سەروبەندی بانگەشە ئەو کاریگەرییەی نییە و خەڵکی فیکەی خۆی دەناسێت، کوردیش دەڵێت بۆیە پێت دەڵێم خاڵە، تا چۆلەکەم بۆ بگریت، ئەمەش بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردندا مانای دەبێت.
حزبایەتی ئەم سەردەمە، لەگەڵ ئەوەی شاخ و رێکخستنی نهێنی و ناو زیندانەکان جیاوازە، ئەمڕۆ خەڵک وێڕای ئەو پێشکەوتنەی شێوازی سیاسەتکردن و هەڵکشانی بەررژەوەندییەکان هەنگاو دەنێت، ئیتر ئەو بەبێ سوودمەندبوون لەو حزبە هەنگاوێکی بۆ هەڵناهێنێت و ئاسان نییە کەسێک ببێتە ئەندامی حزبێک ئەگەر لە رێیەوە سوودمەند نەبێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
ئەوانەی لەناو حزبدا ئەندامن دوو جۆرن، یەکێکیان ئەوانەن کە لە یەکێک لە ئۆرگانەکانی ئەو حزبەدا دامەزراون و مانگانەیان هەیە، ئیتر ئەو شوێنە لە هەر بوارێکی کارکردنی حزبایەتییەکەدا بێت، واتا ئەمانە راستەوخۆ بەرژەوەندییەکانیان بەستراوە بە حزبەوە و هەرکات باری ئابووری و سیاسیی و سەربازیی حزبەکە لاواز بێت کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر ئەوانیش.
جۆری دووەمیان ئەوانەن کە لە هیچ ئۆرگانێک کار ناکەن و تەنها ئەندامی حزبن و ئابوونەی مانگانەش دەدەن و لە هەموو ئەو کاتانەی پێویست بێت، دەبنە پاڵپشت بۆی، رەنگە بتوانین بڵێین ئەم جۆرەیان کە زیاترن و زۆرینەی دەنگدەری مسۆگەری ناو حزب پێکدەهێنن، لەوانەن کە لە مێژەوە لەگەڵ ئەو حزبەدا کاریان کردووە و خاوەنی قوربانین و مێژوویەکیان تێیدا هەیە.
بەرژەوەندیی ئەمانە لەدوای ئەوەی کە خۆشەویستییەکی قووڵیان بۆی هەیە و بە هی خۆیانی دەزانن لەوەدایە، لە رووی مەعنەوییەوە هەموو کات ئامانجیان ئەوەیە کە حزبەکەیان باڵا دەست بێت و پێیان وایە ئەوانیش لەژێر سێبەری ئەو باڵادەستییەدا بە ئارامی دەژین، یان لانی کەم لەم رێگەیەوە سوودمەند دەبن لەو ئیمتیازانەی حزبەکە دەیدات بە دۆست و هەوادارنی خۆی لە ناو ئۆرگانە حکومی و بوارەکانی خوێندندا.
دەسەڵاتی حزب لە حکومڕانیدا و هەڵکشانی لە رێگەی دەنگدەرەوە دەبێت، بۆیە تەنها دەنگی ئەندامان و هەوادارانی حزبەکە بەس نییە بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بهێنن و دەسەڵاتیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە دەنگی ئەو کەسانەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە حزبەکەوە نییە و سەر بە هیچ لایەنێکی دیکەش نین و وەک پێیان دەڵێن بێلایەنن.
ئەم خەڵکە بێلایەنە دەبنە هێزی یەکلاکەرەوەی دەنگدان و سەرخستنی لایەنێک و سزادانی ئەوی تر، لەبەر ئەوە دەبێت حزب هیچ کات خەڵک فەرامۆش نەکات و لە بوارە گشتییەکاندا بەسەریان بکاتەوە لە رێگەی فەراهەم کردنی ئەو پێویستییانەی مرۆڤێک لە وڵاتێکدا لە حکومڕانی دەخوازێت.
دابینکردنی هەریەک لە کارەبا و ئاو و دەرمان و سەقامگیریی و ئارامیی و هەلی کار لە هەرە چەمکە گرنگەکانی ژیانن، هەر حزبێک بتوانێت لەم بوارانەدا چالاکانە جێگە دەستی دیار بێت، ئەوا دەتوانێت بێخەم بێت لەوەی کە خەڵکی دەنگی پێدەدەن و جێگەی خۆی کردۆتەوە لەناو دڵیاندا، چونکە ئەگەر هەموان لامان وابێت حزب ئامڕازە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەشارستانی کردنی کۆمەڵگە و گەشەپێکردنی، ئەوا خەڵکیش هەر ئەوەیان دەوێت و دەست بە باڵییەوە دەگرن.