دواجار دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەسندکرد کە لە «10»ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، ئیتر لەمڕۆ بەدواوە بڕیارەکە دەچێتە بەردەم سەرۆک کۆمار، ئەویش پێویستە بە مەرسومێکی کۆماریی کاتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردن دیاری بکات.
بەوپێیەی زۆرینەی ئەو لیستانەی کە کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە «رازی و ناڕازیی» ئەنجامەکانیان قبوڵ کردووە، دەستنیشانکردنی رۆژێک بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتارەوە لەوەیە هێندەی گەرم و گوڕی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەکە گران نەبێ و پێدەچێ دوا وادەش رۆژی «10-1-2022» بێت. بۆ ئەوەی ئەو دانیشتنە ساز بکرێ، چونکە لەدوای راستاندنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، پێویستە لەپانزە رۆژدا ئەم هەنگاوە دەستووریە بنرێت و هەر لەو دانیشتنەشدا سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بەڕێوەبچن، ئینجا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە و دوای هەڵبژاردنیشی، لەلایەن سەرک کۆماری نوێوە کەسێک لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەسپێردرێ.
ئەوەی بەربەستی گەورەیە لەبەردەم پێکهاتە و کارنامەی حکومەتی ئایندە بنەما و شێوەی لەدایکبوونی کابینەکەیە، ئاشکرایە رەوتی سەدر وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن کە بەپێی یاسا هەموارکراوەکەی ئەم جارە بە «٧٣» کورسیەوە گەورەترین قەوارەی سیاسیە و کەسی راسپێردراو لە ئەوان دەبێ، بانگەشەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەکەن، بەڵام ئەوەی سەدر دەیڵێت «کابینەکە بێ بەریی بێت لە تموحاتی خۆرئاواییەکان و دەوڵەتانی ئیقلیمی «تاچەند لە ئەرزی واقیعدا دەتوانرێت زەمینەی بۆ ساز بکرێت؟ پرسیارێکە وڵامدانەوەی وا ئاسان نییە!
گومانی تێدانیە هێشتا فاکتەری دەرەکی و دەوڵەتانی زلهێز و وڵاتانی بەهەژموونی ناوچەکە هێزی بزوێنەری سەرەکی پرۆسەی سیاسی عیراقن، وەک عورفێکی سیاسیش دەبێت پێکهاتەکان لەڕێی تەوافوقاتەوە لەنێو کابینەکە ئیستحقاقی خۆیان وەرگرن، بێگومان ئەمانە و ڕێکارەکانی دەنگدانیش بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی بنەمای «نیوە کۆ یەک»ی ئەندامانی ئەنجومەن، وێنەی حکومەتەکەی سەدر ناتەواو و ئەرکی رازیکردنی هەمووان لەو حکومەتەی ناویان ناوە «زۆرینەی سیاسی» بەجۆرێ لەجۆرەکان ئەستەم دەکەن.
کەواتە هەنگاوی دواتر بۆ هەموو لیست و قەوارەکان بارتەقای چاوەڕوانییەکانی شەقام، دەرخستنی کارنامەی دانوستانی جددیە بەپێی رێکارە دەستورییەکان تا پەلە بکرێ لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بە فۆڕمێکی جیاوازی خزمەتگوزارەوە، ئەمەش تاکە رێگە دەبێت کە هەم پڕۆسەی سیاسی لە داڕمان و هەمیش دۆخی ئەمنی لەمەترسی و هەیەجان رزگار دەکات.
بەنیسبەت کورد وەک دووەم گەورەترین پێکهاتەی عیراق، ئەوەی گرنگە؛ پێش وەرگرتنی هەر ئیمتیاز و چوونەناو هەر هاوپەیمانێتییەک، دیسانەوە ئەولەویەت ئامادەکردنی «وەرەقەیەکی کوردستانی»یە بەهەماهەنگی و کاری هاوبەشی هەموو لایەن و قەوارە براوەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی هەرچی زووە لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانی هەمەلایەنە، بەو کارنامەیە جەخت لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پرسی مادەی «140» و وەرگرتنی گەرەنتی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشه لەسەرەکان و پشکی هەرێم لەپڕۆژەی بودجە و دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز و چەندین پرسی دیکەی نەتەوەیی بکرێتەوە.