هەرچەندە هێشتا مشتومڕی یەكلاییكردنەوەی ئەنجانی هەڵبژاردنە کەی 10/10/2021 دەرنەكەوتووە، بەڵام جموجۆڵ و سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەستیپێكردووە، لەو رووەوە وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەردانی هەولێری كردو كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا كرد.
ئەوەی لە كۆبوونەوەكاندا باسی لێوەكراوە دوا گۆڕانكارییەكان و رووداوەكانی دۆخی سیاسی عیراق و هەڵبژاردنەكان و تانە و تەشەر و ناڕەزایی هەندێك لەلایەنەكان بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، ئەوەی گرنگە لەم سەردانەدا، ئەوەیە هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە بەرپرسیارێتی هاوبەش لە بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەكان هەڵگرن و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات، بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ، كە داخوازییە سەرەتایی و گرنگەكانی هاووڵاتیانی عیراق لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی دابین بكات.
خاڵێكی گرنگی تر كە باسی لێوە كراوە، پێویستی پێداچوونەوە بووە بە چونێتی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی عیراق لەسەر بنەما دەستووری و پرنسیپە هاوبەشەكان و رێكخستنەوە و هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەنەكانی عیراقدا، بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونە تاڵەكانی رابردوو و دۆزینەوەی میكانیزمی نوێ و گونجاو بۆ قۆناغی داهاتووی عیراق، هەروەها لابردنی هەموو كۆسپ و بەربەستەكان لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ لەبەغدا.
داخوازییەكانی كورد
داخوازییەكانی كورد روون و رەوان و ئاشكران، ساڵانێكە لایەنە عیراقییەكان بە تایبەتی هەندێک لە لایەنەکان خۆیانی لێ دەدزنەوە و كاتی پێوە دەكوژن و بەڵێن دەدەن و دواتر كە دێتە وادەی جێبەجێكردن، چەندین بەربەست و لەمپەری بۆ دەخوڵقێنن، بەڵام كوردیش هەر سوورە لەسەر داخوازییە رەواكانی كە ئەمانەن:
1.جێبەجێكردنی دەستووری عیراق بە گشتی.
2.دامەزراندنی دامودەزگاكانی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق، كە گرنگترینیان ئەنجومەنی فیدراڵییە، كە تائێستا دانەمەزراوە و لەپاڵ چەندین دامودەزگای تر.
3.جێیەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.
4.یەكلاییكردنەوەی یاسای نەوت و غاز لە زووترین كاتدا، كە كۆتایی بە زۆر قەیران و كێشە لەنێوان عیراق و هەرێمدا دەهێنێت.
5.ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی.
سەرەڕای ئەوانەش، دەبێت متمانە لەنێوان حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستبكرێتەوە، بابەتی پۆستە سیادییەكانی عیراق، كە وەكو عورفێكی سیاسی و دەستووری لێهاتووە، كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد و سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننەیە یەكلایی بووتەوە كەس نكووڵی لێ ناكات، بۆ گەلی كورد و هەرێمی كوردستانیش مافە دەستوورییەكان لە پێش هەموو پۆست و دەستكەوتی ترەوەن، بۆیە پێداگیری و سووربوون ئەمجارە لەسەر جێبەجێكردنیان، ئەركی لە پێشینەی یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی تری كوردستانە بۆ كۆتاییهێنان بە خوولانەوە لە بازنەیەكی داخراو و كۆتایی هێنان بە بنبەستی سیاسی و كرانەوە، كە یەكێك لە دروشمەكانی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانیش بووە، كە دەخوازێت دانوستانی جدی و چڕوپڕی لەسەر بكرێت.
بابەتێكی تری زۆر گرنگ بۆ وەفدی هەرێم، وەكو لە بەیاننامەی وەفدی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار بووە بۆ عیراق، چونكە دۆخی خزمەتگوزاریی لە عیراقدا زۆر نزمە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی خێرایە و كابینەكانی پێشوو شكستی گەورەیان هێناوە لە دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەدا، دەكرێت هاوپەیمانی باش لەنێو لایەنەكانی تری عیراقدا بدۆزرێتەوە و كاری لەسەر بكرێت، چونكە ئارامی و سەقامگیری باشوور و ناوەڕاستی عیراق زۆر پێویستە بۆ سەقامگیریی هەرێم، بە نموونە دۆخی شڵەژاوی عیراق لە وەختی شەڕی داعش هەموومان لە بیرمانە كە شاڵاوی ئاوارەكان چۆن رووی لە هەرێم كرد.
لە كۆتاییدا حكومەتی سازانی نیشتمانی كە كورد و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پشتیوانی لێدەكەن، لەبەرامبەر زۆرینەی سیاسی كە رەوتی سەدر خوازیارێتی، هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵام حكومەتی سازانی نیشتمانیش بە ستایلە كۆنەكەی جاران شكستی خوارد، بۆیە دەبێت بیر لە حكومەتێكی تەوافوقی بە شێوازێكی جیاواز بكرێتەوە.