خەڵکی شارەزا و پسپۆر زۆرن لەسەر میدیای ئێستا قسەبکەن، بە بینراو و بیستراو و سۆسیال میدیا و هەموو ناوەکانی تر و هەموو لایەنەکانی هەڵبسەنگێنن و لایەنە پۆزەتیڤەکانی دەربخەن و پەنجەش بخەنە سەر دیوە نێگەتیڤەکانی، بێگومان هەردووکیشیان زۆر و زەوەندن، گەرچی دەشێ هەندێک کات تەرازووەکە بەلایەکیاندا لاسەنگ ببێت.
بەندە پسپۆڕ و شارەزا نیم، بەڵام بینەر و خوێنەر و گوێگریشم و زەمانەش شتێ سەلیقەی لە بوارەکەدا پێ بەخشیووم. من لەسەر سێ دیاردەی سەیری بەشێکی بەرچاو لە میدیای ئێستا قسە دەکەم، بەتایبەتیش ئەوەی بینراوە.
کاتێک هەواڵی روداوێکی کوشتن، یاخود خۆکوشتن بڵاودەبێتەوە، جارێ لە سۆشیال میدیا ئەگەر خوێنڕژابێت، رێڕەوی خوێنەکە و تا کوێش گەیشتبێت، پیشان دەدرێت لەگەڵ وێنەی تەواوی تەرمەکە و ناوی سیانی و هەموو زانیارییەکانی تر، لە میدیای بینراوی ئاساییشدا بەشی زۆری ئەوەی وتمان پیشان دەدرێت. ئەگەر رووداوەکە خۆکوشتن بێت، ئەوا هەموویان جگە لە وێنەی قوربانی و ناوی شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکەیان، دەچنە کونی ژووری ماڵەکە و ئەو شوێنەی رووداوەکەی تێدابووە، ئەگەر خۆکوشتنەکەش بە خۆخنکاندن بووبێت، ئەوا پەتەکەش پیشان دەدرێت و لەوانەشە باسی ئەستوورییەکەشی بکەن و تەنانەت لەکوێشەوە هاتووە.
پاشان لە هەموو حاڵەتەکاندا وێنەی مزگەوت و سەرقەبران و ناو قەبر و پرسەکە و کەسوکاری قوربانییەکەش دەگیرێت و هەروەها گفتوگۆش لەگەڵ کەسە هەرە نزیکەکەنی دەکەن بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە حاڵەتی دەروونیی کەسەکان.
حاڵەت و دیاردەیەکی تر، چوونی کامێرای کەناڵەکانە بۆ بەرەکانی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەی ھێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر دوژمن. هەندێک لەو کەناڵانە کە خۆشیان زۆر بە توانا و پرۆفێشناڵ پیشاندەدەن، نەک ناو سەنگەرەکان، بەڵکو وێنەی بەردەم سەنگەرەکانیش دەگرن، دەوروبەری سەنگەرەکان، جۆری چەک و تفاقی پێشمەرگە، فەرماندەکان، تەنانەت وێنەی ئەمبوڵانسەکانیش بڵاودەکەنەوە کە تەرمی شەھید و بریندارەکان دەگوازنەوە، ئەمە جگە لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەکان دەکەن و هەندێک جاریش زانیاریی گرنگ دەدرکێنن.
دیاردەیەکی تری ئازار بەخشیش چوونە پرسەی شەھید و قوربانیی هەندێک رووداوی سروشتییە، لەمەیاندا مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان و حەپەسان دەبێت، کاتێک لەگەڵ دایک و باوک، یان هاوسەر و منداڵی قوربانییەکاندا گفتوگۆ دەکەن و داوای هەست و بۆچوونیان دەکەن، لەو ساتە هەستیار و پر لە حەسرەتەدا.
دوایین رووداوی لەم جۆرەش گفتوگۆی پەیامنێری کەناڵێکی ئاسمانی بوو لەگەڵ باوکی دانەری ساوا کە لافاوەکەی دارەتووی هەولێر بردی و ئەو پرسیارە سەیرانەی کە لێی دەکرد، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە هەستی ئەو باوکە کۆست کەوتووە. بە راستی هەندێک لە میدیاکانی سەدەی بیستویەکەم میدیای پرۆفیشناڵن و کەس لێێان ناباتەوە و خۆیان بە دونیا نادەن!