لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەگەڵ دروستبوونی جەنگی دژبە داعش و قەیرانی دارایی كە وایكرد هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی قورسی دارایدا تێپەڕێت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵك بە سەرجەم چین و توێژەكانییەوە تووشی گرفت ببێت لە ژیانی رۆژانەیاندا، تا كار گەیشتە ئەوەی ئەو دەنگە ناڕازییانە بێنە سەرشەقام و داوای گێڕانەوەی خۆشگوزەرانی بكەن.
بێگومان ئەو خۆپیشاندان و دەنگە ناڕازییانە لە سەرتاپای هەرێمی كوردستان هەیە، كە تا ئێستاش بەردەوامە لە سلێمانی و بەتایبەتی تر ئەو سنوورانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێیدا باڵادەستە، بۆیە بە بڕوای من دەبێت خەڵك و گەل و لایەنگران و كادیرانی حزبی باڵادەست لەم سنوورە كە یەكێتییە شانازیی بە حزبەكەیانەوە بكەن، لە هەمانكاتدا ئەو راستییەمان بۆ دووپات دەكاتەوە كە ئەم حزبە حزبی خەڵك و دەستەبەركردنی ئازادی بووە و مێژووەكەشی ئەوەی بۆ سەلماندووین كە بە هەزاران شەهیدی لەم پێناوەدا داوە تا گەلەكەی بە ئازادی و سەربەستی بژین.
جارێكی دی دەیڵێمەوە ئەوەی جێگەی شانازییە پێش هەموو كەسێك بۆ خەڵكی سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری، رەخساندنی ئەو ژینگە و فەزا ئازادەیە لێرە كە رێگە دەدرێت ئەوانەی پێشەنگایەتی راستەقینەی خواست و داواكارییەكانی خەڵك و چین و توێژە جیاوازەكان دەكەن، دەنگ هەڵبڕن و هاواری باشبوونی ژیانیان بگەیەننە لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە كاتێكیشدا كە هەندێک لە بەرپرسانی حكومەت گوێ ناگرن و خواستی خەڵكییان بەلاوە گرنگ نابێت، ئەویش بە هۆكار و دیدی ناوچەگەرێتی تەسک کە گوایە كێشە و داواكارییەكان تەنها لە سلێمانین و لە ناوچەی ئەوان دوورە.
ئەگەر بڵێین لە شار و شارۆچكەكانی تر خەڵك داواكاریی نییە ئەوا بە هەڵەدا چووین، لەو شوێنانەی تر رێگە بە هاووڵاتیان نادرێت بێنە سەر شەقام و ئازادانە دەنگی خۆیان بە گوێی حكومەتدا بدەن، بەڵام لە سلێمانی ئازادیی بۆ تاك دەستەبەر کراوە، لە هەمانكاتدا هەر لە سلێمانی كەسی یەكەمی حزبی دەسەڵاتدار دێتە گۆ و دەرگای چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكانیان بە روودا دەكاتەوە و خۆپیشاندەران بە كوڕ و كچی خۆی و حزبەكەی ناو دەبات، كێشەكانیان كە لەبنەڕەتدا كێشەی حكومەتە لە گەردنی خۆی و حزبەكەی دەكات و شان دەخاتە بەر بەرپرسیارێتی تا باری قورسی خوێندكاران و كەسوكارەكانیان هەڵگرێت، بۆیە ئەوە بەهەق دەنگی ئازاد و فەزای ئازادی سلێمانییە.
دەنگی ئازادی قوربانیی دەوێت ئەویش لە سلێمانی بە روونی هەیە و لە ژیانی هەموو تاكێكدا رەنگی داوەتەوە، ئەوەتا دەنگی ئازادی خەڵك وایكردووە كەسی یەكەمی حزبی یەكەمی سنوورەكە خۆی بێت و بڵێت منیش لە گەڵتانم، كێشەكانتان كێشەی ئێمەیە، خەمەكانتان خەمی ئێمەیە و حزبەكەشمان حزبی خزمەتكاری راستەقینەی هەمووانە.
بۆیە جارێكی تر دەڵێمەوە بەڵێ سلێمانی ئازادە و دەنگی ئازادییەكەشی لە هەموو كوچە و كۆڵانێكی شاردا هەیە، ئەوەش بەرهەمی یەکێتییە كە توانیوێتی ئازادی لە گوتارەوە بکاتە کردار و بە هانای دەنگە ئازادەكانەوە بچێت.