ئەحمەد رەفیق

بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش پەلامارەكانی لەعیراق چڕ كردەوە؟

  2021-12-07 06:54      129 جار بینراوە        کۆمێنت

دوو مانگ پێش ئێستا لەكەناڵی گەلی كوردستان بەڕاشكاوی ئاماژەم بەهەڕەشەو مەترسییەكانی داعش كرد كە رۆژ دوای رۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت و وتم؛ لەچەند هەفتەی داهاتوودا، هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆ سەر ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان، زیاترو چڕتر دەبنەوە!
بەداخەوە پێشبینییەكانمان راست دەرچوون، هیج لایەك وەكو پێویست گرینگیان بەبانگەوازەكەی ئێمە نەداو هەتا دێ هەڕەشەو مەترسییەكانی داعش دەبنە جددیی و هیچ لایەنێكی حكومی و حزبی هەتا ئێستا لەو مەترسییانە نەگەیشتوون كە داعش لەناخی خۆیدا هەڵیگرتوون!
بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش پەلامارەكانی لە عیراق چڕ كردەوە؟
لەساڵی 2008وە رێككەوتنێكی ستراتیژی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەنێوان عیراق و ئەمریكا واژۆ كراوە، لەكۆتایی 2011دا تەواوی سەربازە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەعیراق كشانەوە، بەڵام دواترو لە ساڵی 2014و لەگەڵ دەركەوتنی داعش، دووبارە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بەقۆناخ گەڕانەوە عیراق.
لەدوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەساڵی 2017، دووبارە لەناو هێزو لایەنە شیعییەكاندا دەنگی ناڕەزایی دژ بەمانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاو هاوپەیمان لە عیراق بەرزبووەوە. بەڵام لەدوای كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەسەرەتای مانگی یەكی 2020 لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، بەتەواوەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كەوتنە بەر هەڕەشەو مەترسی هێزو لایەنە شیعییەكان و پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمان چووە قۆناخی كردەیی.
لەو چوارچێوەیەدا شیعەكانی عیراق بە بێ ئامادەیی كورد و سوننە، لە تۆڵەی كوشتنی سولەیمانیی پڕۆژە یاسایەكیان دژ بە ئەمریكاو هاوپەیمانان لە پەرلەمانی عیراق دەركرد كە تێیدا جەخت لە دەرچوونی تەواوی هێزە بیانی و ئەمریكییەكان دەكردەوە لە عیراق!
لەو چوارچێوەیەدا (گفتوگۆی ستراتیژی) لەنێوان بەغداو واشنتۆن هاتە ئاراوە بۆ كشانەوەی یەكجاری هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەسەر خاكی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەیش دوا وادە كە بۆ مانەوەی هێزە بیانییەكان دیاریكرا 31ی كانونی یەكەمی 2021 بوو!؟ ئیتر دەكرێ لێرەوە لەو راستییە تێبگەین؛ بۆچی لەم تەوقیتەدا داعش بەم شێوە چڕو خێرایە لە عیراق بەتایبەت لەناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان سەریهەڵدایەوە؟!

 

وتاری زیاتر


قسە ناچێتە گیرفانەوە!‬ ئەحمەد رەفیق
2020-11-15 18:23      161 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو