ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له 30/11/2021 له پرێس كۆنفرانسێكدا له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌وه راگه‌یه‌نرا، به‌وه‌ش كۆتایی به ماراسۆنی تانه و سکاڵاكان هێنرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌رگای بۆ قۆناغێكی نوێ كرده‌وه كه ئه‌ویش راستاندنی ئه‌و ئه‌نجامانه‌یه له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵی عیراقه‌وه.
وا پێشبینی ده‌كرا كه بابه‌تی راستاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كاتێكی زۆر و ململانێی ئاڵۆزی لێبكه‌وێته‌وه، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌ی 2/12/2021ی نێوان سه‌ید موقته‌دا سه‌در و لایه‌نه ناڕازییه‌كانی چۆراچێوهی هه‌ماهه‌نگی له ماڵی (ئه‌بو حه‌سه‌ن) هادی عامری سه‌رۆكی لیستی فه‌تح به ئاماده‌بوونی مالیكی و خه‌زعه‌لی و عه‌مار حه‌كیم و ئه‌وانی تریش، پێده‌چێت ئه‌م ململانێیانه به ئاراسته‌یه‌كی تردا بروات.
هه‌رچه‌نده پێشتر لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سكاڵایان تۆمار كردبوو له داداگای فیدراڵی عیراق و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ههڵبژاردنهكەیان كردبوو، پێش ئه‌وه‌ی راستاندنی بۆ بكرێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌شیان له‌كاتێكدا هاویشتبوو ئه‌نجامی زۆری تانه‌كان گۆڕانكارییه‌كی كه‌م تێدا رووی‌دابوو، پێشتریش شاندی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (جنین بلاسخارت) كۆبۆوه‌و شكستیان هێنا له‌وه‌ی بگه‌نه جۆرێك له رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئاكامی ههڵبژاردنهکە، چونكه ئه‌و هێزانه‌ی دۆڕاون به ئاكامه‌كه رازی نین، ئه‌مه‌ش دیمەنی سیاسی عیراق به‌ره‌و شڵه‌ژان و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌بات و ئه‌گه‌ر پێداگیری زیاتر بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 2/12/2021 له نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی شیعه‌ی ناكۆك و دژبه‌یه‌ك ئومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت سه‌ره‌تای كرانه‌وه و سازش بێت بۆ یەکتریی.
ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه مه‌ترسی لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه له په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كه چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له لاوازكردنی رۆڵ و پێگه‌یان له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، چونكه ئه‌م شكسته گه‌وره‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ شكستی سیاسی و ئاڵنگاری تریان بۆ ده‌خوڵقێنێت. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و كۆده‌نگی و پشتیوانییه زۆره نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمیه‌ی كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌یه‌تی، چوارچێوه‌ی هه‌مانگی ده‌كاته لایه‌نێكی لاواز كه كارتی به‌هێزی به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت .
له‌لایه‌كی تره‌وه، سه‌در له به‌رامبه‌ر داخوازیی نه‌یاره‌كانیدا به‌نیازه حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێك بهێنێت، ئه‌وانیش ده‌خوازن به سازان حكومه‌ت پێكبهێنن، ئه‌مه‌ش خاڵی سه‌ره‌كی و ناكۆكی زه‌قی نێوانیانه، كه ده‌بێت به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌و ئۆپۆزسیۆن بوون بڕوات، كه ئه‌مه‌ش قورسه بۆیان، چونكه میلیشیا و هێزی چه‌كدارییان هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش یاسا و ده‌ستووری عیراق رێگه‌ی پێ نادات.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی و كێماسییهكی زۆره بۆ دیموكراسیی ساوا و راگوزه‌ر له عیراقدا، كه تائێستا ئۆپۆزسیۆنی كارا‌و چالاكی نه‌بووه، هه‌موو لایه‌نه‌كان خوازیاری ده‌سه‌ڵات و تام و لهزهتاكانین و ناچنه ژێر باری به‌رپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆن بوون كه قورسترین به‌رپرسیارێتییه، كه ئه‌ویش چاودێریكردنی كهمووكورتییهكانی حكومه‌ته.
ده‌بێت باسی پێكهاته‌كانی تری عیراقیش بكه‌ین له كورد و سوننه كه دوو پێكهاته‌ی گرنگن و تا ئێستا چاوه‌ڕوانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ن، وه‌كو باس ده‌كرێت ئێرانییه‌كان داوای ئه‌وه‌یان لێ كردوون كه په‌له نه‌كه‌ن تاوه‌كو شیعه‌كان كێشه‌كانیان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، ئینجا بچنه پێشه‌وه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی په‌رله‌مان و كۆمار، هه‌رچه‌نده پێشتر سه‌در له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی لیستی ته‌قه‌دومی سوننه‌كان (كه خاوه‌نی 37 كورسیه) و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی خولی پێشوو بووە، كۆبۆتەوه .
له كۆتاییدا :
1- سه‌در ناتوانێت ئه‌م لایه‌نانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا كۆبوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر شانۆی سیاسی عیراق بسڕێته‌وه.
2- به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگیش ناتوانن باز به‌سه‌ر شایسته یاساییەکان و ئه‌نجامی ههڵبژاردنهكەدا بده‌ن كه سه‌درییه‌كان (73) كورسیان
به‌ده‌ستهێناوه.
3- به‌ریه‌كه‌وتنی چه‌كداری و توندوتیژی له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه ئه‌گه‌رێكی دووره، چونكه رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌رجه‌عی سیستانی له نه‌جه‌ف و ئێرانییه‌كانیش به‌شی خۆیان كاریگه‌رییان ده‌بێت.