پێدەچێت جامی توڕەیی خەڵکی تورکیا پڕ بوو بێت و دەست بە لێڕشتن بکات، نرخی لیرەی تورکیا تا دێت لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووری تورکیا دەبێت و تاکی ئەو وڵاتەی خستۆتە گێژاوەوە.
کەسێکی کارمەندی شارەوانی ئەو مووچەیەی کە هەیەتی 2000 لیرە بووە و لەبەرامبەر دۆلار لەساڵی پار دەیکردە نزیکی 300 دۆلار، بەڵام بەنرخی ئەمڕۆ دەکاتە 150 دۆلار. بەوپێیەش کە تورکیا وڵاتێکی گەشتیارییە، ئەوا راستەوخۆ کاریگەریی دابەزینی نرخی لیرە لەسەر بازاڕو داهاتی خەڵک هەیە، هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتەو حزبەکەیەتی کە بەردەوام و لەچەند لاوە خەریکی دەستوەردانە لەکێشەی وڵاتان.
راستە کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییەو دابەشکراوی چەند وڵاتێکە، بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە بەدرێژایی مێژوو نەحەواونەوە و لە دۆخێکی باشدا نەبوون بەهۆی بوونی کێشەیانەوە لەگەڵ کورد، هەر هیچیان نەکردبێت، خەریک بوونیان بە سەرکوتکردنی کورد و شۆڕشەکانی وای لێکردوون ئابوورییەکەیان لاواز بێت بەهۆی کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ لێدانی کورد.
سەدام و رژێمەکانی پێشتری عیراق سەدان ملیار دۆلاریان لە تەقەمەنی و چەکی قورس و فرۆکەو سوپاو جاش و بەکرێگیراو خەرج کرد بۆ لێدانی شۆڕشەکانی کورد، ئەگەر ئەوەیان نەکردایە رەنگ بوو عیراقی ئێستا زۆر لە پێش هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە بوایە.
تورکیا بە هەمان شێوە خەرجێکی زۆری لەسەرە بۆ سوپاکەی و ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە دژی کورد بەکاریان دەهێنێت، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو پارەیەی دەیداتە سیخوڕ و کرێگرتەکانی دیکە تا زانیارییان لەسەر شۆڕشی کورد لێوە بەدەست بهێنێت.
ئەگەر تورکیا کێشەی کوردی نەبوایە، ئێستا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەبوو، بەمەش زۆرێک لە ئیمتیازاتی دیکە دەیگرتەوە و ئەگەر تووشی شکستی ئابوورییش ببوایە ئەوەا لەو یەکێتییەدا فریای دەکەوتن وەک ئەوەی بۆ یۆنانیان کرد.
رەنگە سەدان هەزار سەرباز و هێزی چەکداری دیکەی تورکیا سەرقاڵی گەڕان و رووبەڕووبوونەوە بن لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە، ئەمەش خەرجێکی زۆری دەوێت، بەتایبەت بۆ ئەو هێزانەی کە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوادان.
تورکیا هەرچی چەک دەکڕێت بۆ لێدانی کوردە، دەنا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کێشەی نییە و بیر لەوە ناکاتەوە کە یۆنانیش تەشقەڵەی پێبکات ئەگەر ئەمان خۆیان نەیکەن، کەوابوو هەموو خۆ پڕچەک کردنەکانی بۆ رێگرییە لە سەرکەوتنی شۆڕشی کورد و سەرهەڵنەدانیان.
ئەگەر تورکیا چارەسەری کێشەی کورد بکات و بە ئاشتییانە لەگەڵیان رێکبکەوێت، ئەوا هەر دوو گەلی تورک و کوردیش لەو وڵاتە دەحەسێنەوە و ئارامی و ئاشتی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە و ئەوەشی لەو شەڕانەدا خەرجی دەکەن، دەتوانن بۆ خۆیان و پێشخستنی ئابووری وڵاتەکەیان بەکاریبهێنن و چیدی تاکی ئەو وڵاتە بە کوشت نەدەن، کوردیش وەک ئەوان مرۆڤێکی ئاساییە و ژیانێکی خۆش و ئارامی و ئاشتی دەوێت، هیچ کەس بە ئاواتەوە نییە لە شاخ بژی و هەمیشە مەرگی لەسەر دەستی بێت، سەدانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش لەدەرەوەی زیندان بن بۆ گەلانی تورکیا باشە نەک تواناکانیان دەستی بەسەردا بگیرێت.
دەبێت تورکیا باش بزانێت کە هیچ کام لە وڵاتانی زلهێز لەگەڵ ئەوەدا نین کە کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا چارەسەر ببێت، چونکە ئەگەر وابێت، ئەوان بازاڕی ساغکردنەوەی چەکەکانیان لەدەست دەدەن.
ئەگەر ئەردۆغان و حزبەکەی کۆڵ نەدەن و رێگە چارەیەک بۆ کێشەی کورد بە ئاشتییانە نەدۆزنەوە، ئەوا کۆدەتا یان دۆڕان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە چاوەڕوانییانە، چونکە ئەوان جگە لەگەڵ کورد کێشەی ئەوتۆی ناوخۆییان هەیە.