پێشكەشكردنی تانە و بەڵگەی یاسایی و سەلمێنەر سەبارەت بە بوونی پێشێلكاریی لە یاساو رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 10/10/2021 مافی بۆ خاوەن ماف گێڕایەوە.
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەلایەن هاوپەیمانیی كوردستانەوە تانە لە ئەنجامەكانی دوو بازنە لە هەولێر و بازنەیەكی نەینەوا دراو ئەو تانەیەش كە پشت ئەستوور بوو بە بەڵگەی یاسایی، توانی ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە و دوو كورسی كە بە ناڕەوا لە دوو كاندیدی یەكێتی لەناو هاوپەیمانیی كوردستان زەوت كرابوو و درابووە دوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر و نەینەوا، گەڕێنرایەوە بۆ دوو كاندیدە یەكێتییەكەی لیستی هاوپەیمانی، بە پێی دوا ئەنجامی پەسەندكراو پاش هەژماركردنەوەی دەستیی ئەو سندوق و وێستگانەی كە سكاڵایان لەسەر بوو.
لێرەدا قسەمان لەسەر ئەوە نییە كە ئەو مافە وەرگیرایەوە یان نا، چونكە وەك یەكێتی و لیستی هاوپەیمانی رەنگە لەزۆر شوێنی تر دەنگەكانمان بە فیڕۆ رۆیشتبێت چ بەهۆی كەمتەرخەمیی دەنگدەرەكانمانەوە بووبێت لە نەشارەزایی لە میكانیزمی دەنگدانەكە كە تا رادەیەك نوێ بوو، چ لە شێوازی دابەشكردنی كاندیدەكانەوە بووبێت لەلایەن سەركردایەتی هاوبەشی ی.ن.ك و بزووتنەوەی گۆڕان كە هەموویان كەسانی شایستە و تێكۆشەر و خۆشەویستی ناو جەماوەری یەكێتی و گۆڕان بوون و بەجۆرێك لە جۆرەكان دەنگەكان پەرت بوون، كە دەكرا ژمارەی كاندیدەكان لە هەندێك ناوچە و بازنە بەگوێرەی داتا سەرەتایی و راپرسییە بەراییەكانی ناو جەماوەری هەردوو حزب تەتەڵە بكرایە و بە باشترین شێواز كاندیدەكان دابەشبكرانایە بەسەر بازنەكاندا و رەنگە ئەگەر دەنگدەرەكان بە باشی ئاراستە بكرانایە و ئەو رێوشوێنە تەكنیكییانەی دابەشكردنی ژمارەی كاندیدەكان پێداچوونەوەیان پێدا بكرابایە، ژمارەی دەنگەكان و كورسییەكان زیاتریش بوونایە، بەڵام ئەوەیان هەڵەی یەكێتی و گۆڕان و دەنگدەرانی ئەو دوو حزبە بووە و ناكرێت پەنجەی تۆمەت ئاراستەی كەس و لایەنی دیكە بكەین.
ئەوەی دەكرێت دەرس و پەندی لێ هەڵبهێنرێت لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە كە:
*یەكێتی بەرلە گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكە وەك وەرگرتنی تێبینی و سەرنج و رەخنەی چاودێرەكانی لە وێستگە و بنكە و بازنەكانی دەنگدان و دەرچوونی ئەنجامە بەراییەكان هەڵڵای میدیایی دروست نەكرد كە ساختەكاریی لێ كراوە یان ئەنجامەكان رەت بكاتەوە.
*یەكێتی لەدوای كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردنی تانە و سكاڵا، بە گوێرەی یاساكانی كۆمسیۆن و لە چوارچێوەی رێكارە یاساییەكاندا بەڵگە و دیكۆمێنتی پێویستی پێشكەش بە كۆمسیۆن كرد و بەبێ دەنگی و بەبێ هەڵڵانانەوەی میدیایی چاوەڕوانی كرد تا ئەنجامی كۆتایی پەسەندكراوی لیژنەی دادوەریی كۆمسیۆن بڵاو دەكرێتەوە.
*یەكێتی لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی كۆتاییش نایكاتە هەڵڵا و نایكاتە ریكلام و هاشوهوشی میدیایی، چونكە بڕوای بەوەیە كە بەبێ ئەوەش بە پەنابردن بۆ یاسا دەتوانێت مافە زەوتكراو و دەنگە دزراوەكەی دەنگدەرەكانی و كاندیدەكانی بەدەست بهێنێتەوە، لەكاتێكدا زۆرجار لێرە و لەوێ خودی یەكێتی لەلایەن هەندێك لیست و لایەنەوە بە ساختەكاریی تۆمەتباركراوە، بەڵام لەدوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی و ئەنجامە كۆتاییەكانیش نەیانتوانیوە ئەوە بسەلمێنن، بەڵكو زیاتر هەوڵێكی ئەو لایەنانە بووە بۆ خۆڵكردنە چاوی لایەنگرانی خۆیان بە پلەی یەكەم و رای گشتی بە پلەی دووەم تا پاشەكشە و هەڵەی پێشبینی و ئیدیعاكانی پێش هەڵبژاردنی پێ دابپۆشن و دواجاریش هەندێكیان تەنها هەوڵێك بووە بۆ لەكەداركردنی یەكێتی، تەنانەت لە رێگەی هەندێك میدیا و سایت و پەیجەوە كە ئەو میدیا و پەیج و سایتانە زۆربەیان خۆیان بە بێلایەن و راستگۆ و پیشەییبوون بە هاووڵاتیی ئاسایی ناساندووە، بەڵام لەپشتی پەردەوە لەلایەن نەیارانی یەكێتییەوە باربۆ و دەستگیرۆیی كراون.