گومانی تێدا نییە، کەم تا زۆر خۆرئاوا، بەتایبەتیش بەشێک لە سیاسەتمەدارەکانی پشتگیرییان لە خەباتی رەوای گەلەکەمان کردووە تا ئاستی ئەوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە دڵگران نەبن و بەرژەوەندیی هەردوولا نەکەوێتە مەترسییەوە.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی دوای راپەڕین و جەنگی یەکەمی کەنداو، هەڵوێستێکی دیار و روونی باشی نواند بەرامبەر بە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرکردایەتی کوردەوە کرد و ھاتنی بێرنارد کۆشنێر بۆ کوردستان بۆ لای سەرۆک مام جەلال و پاشان رۆڵی فەرەنسا لەپاڵ بەریتانیا لە دەرکردنی بڕیاری ناوچەی دژەفڕین و نەوای ئارام، باشترین نموونەن. هەروەها رۆڵی گەورەی سەرۆک فرانسوا میتیران و خاتوو دانیال میتیران، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە پشتگیریی ئەو سەردەمەی ئەو وڵاتە لە کێشەی گەلەکەمان، بۆ سەلماندن و چەسپاندنی ئەو هەڵوێستەش ئامادەبوونی خاتوو میتیران بوو لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و ساڵانی دواتریش لە بۆنەی جیاوازدا چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە.
لەم چەند ساڵەشدا، هەم فرانسوا ھۆلاند، هەم ئێمانوێل ماکرۆن چەند جارێک سەردانی کوردستانیان کردووە و لە سەردانەکانیاندا جەختیان لەسەر هاوکاریی گەلەکەمان لە چوارچێوەی عیراقدا کردۆتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، زۆربەی زۆری سەرکردەکانی خۆرئاوا، چاویان لەسەر ئازایەتی و قوربانییەکانی پێشمەرگەیە کە گومانی تێدا نییە، چەندە باسی ئازایەتی و گەورەیی قوربانییەکانی پێشمەرگە لە رابردوو و ئێستادا بکرێت هەر کەمە، بەڵام زۆر بەدەگمەن ئاماژە بەوە دەدەن کە پێشمەرگە رۆڵەی گەلێکە مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و هەقە چیتر ئەو مافە پشتگوێ نەخرێت.
لە هەموو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیاندا هەر پێمان دەڵێن شەڕکەری چاکن، ناڵێن ئێوەی شەڕکەری ئازا، سەر بە نەتەوەیەکن مافی خۆتانە ببنە خاوەنی خۆتان، ئەمەش بەھۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانیانە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشبووە.
نابێت بیرمان بچێت، لایەکی رێکەوتنی سایکس- پیکۆ کە غەدری گەورەی تێدا لە کورد کراوە، فەرەنسا بوو، لاکەی تریش بەریتانیا.
لەدوا هەڵوێستی خۆرئاواشدا لەبارەی کوردەوە، خستنەڕووی پێشنیازێکە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتاری خەڵکی کوردستان لەسەر دەستی رژێمی رووخاوی بەعس لە پەرلەمانی فەرەنسا.
پەرلەمانی فەرەنسا لەساڵی 1789 وە دامەزراوە، ئێستا لە 925 ئەندام پێکدێت کە 577 یان لە ئەنجومەنی نیشتمانیدان، 348 ئەندامیشیان سەربە ئەنجومەنی پیرانن.
بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازە، لە 577 ئەندام، 27 ئەندام ئامادەبوون و لەو ژمارەیەش 19 کەسیان دژی پێشنیازەکە بوون و تەنها 9 کەسیان لەگەڵیدا بوون.
فەرەنسا بە حکومەت و پەرلەمان و خەڵکەکەشییەوە ئازادن چۆن بڕیار دەدەن، پشتگیریی کێ دەکەن یان نایکەن و چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵام هەقە ئێمەی کورد لەوە تێبگەین بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرژەوەندیی تایبەتە هەڵوێستی سیاسیی ئەو وڵاتانەی خۆرئاوا دیاری دەکات، لەبەرئەوە دەبێت لای ئێمە وەک راستی بچەسپێت، هەر هیچ نەبێت ئێستا ئێمە لە چاوی خۆرئاوادا تەنها شەڕکەری چاکین، نەک مییللەتێک کە شایستەی ئەوەبین مافی چارەی خۆنووسینمان هەبێت.