جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاری داوه رۆژانی 9 و 10ی مانگی دیسه‌مبه‌ری 2021، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لووتكه‌ی گریمانه‌یی له‌پێناوی دیموكراسیدا ببه‌ستێت، به شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ڕێگه‌ی تۆڕی ئه‌نته‌رنێته‌وه.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌یەکی كۆشكی سپی لەوبارەیەوە، سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌نیازه 110 سه‌رۆكی وڵاتانی دیموكراسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و بزنسمانه‌كانیش كۆبكاته‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی دیموكراسی یه‌كه‌م ئه‌زموونی له‌و شێوه‌یه‌یه له جیهاندا تاقیبكرێته‌وه، به تایبه‌تی دوای ده‌سبه‌كاربوونی بایدن وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مریكا، كه له مانگی شوباتی 2021 له یه‌كه‌م وتاریدا سەبارەت بە سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه واشنتۆن دووبارە سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی دیموكراسی ده‌كات و رووبه‌ڕووی وڵاته خۆسه‌پێن و ده‌سه‌ڵاخوازه‌كانی وه‌كو چین و روسیا دەبێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیکەشەوە وه‌كو باس ده‌كرێت، بایدن به نیازه دوای ساڵێك له‌م كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یه، جارێكی تر به‌جیا و به شێوه‌ی تاكه كه‌سی له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی لووتكه‌كه كۆببێته‌وه، له‌سه‌ر سێ بابه‌تی گرنگ، كه ئه‌وانیش (به‌رنگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م، به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، بڵاوكردنه‌وه‌ی پرەنسیپی رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ)ن.
لیستی ئاماده‌كراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ بانگهێشتكردنی میوانه‌كان پێكهاتووه له كه‌سایه‌تی نێو (110) وڵات، كه ئاماده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌بن لە رۆژانی 9و10 دیسه‌مبه‌ری داهاتوو.
ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه
كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی دیموكراسی مه‌به‌ستێتی كۆمه‌ك و هاریكاریی وڵاتان بكات، بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و پاشه‌كشه گه‌وره‌یه‌ی كه پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به خۆیه‌وه بینیووه، هەر‌وه‌ها به‌رگرتن له پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه دیموكراسییه‌كان له هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكی جیهان.
كێن ئه‌و وڵاتانه‌ی بانگهێشتكراون و ئه‌وانه‌ی بانگ نه‌كراون؟
ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌ره‌تا بیڵێم، ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا تایوانی بانگهێشت كردووه، كه ئه‌مه‌ش واتای تووڕه‌یی و نیگه‌رانیی زۆری چینییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت كه تائێستاش تایوان به به‌شێك له خاكی خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام چین کە ركابه‌ره‌ی گه‌وره‌ی ئه‌مریكایه و خۆی به خاوه‌نی تایوان ده‌زانێت، تا ئێستا بانگ نه‌كراوه، پێده‌چێت به كرده‌وه یه‌كێك بێت له‌وانه‌ی كه لەوێ نابێت.
له هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نها ئیسرائیل و عیراق بانگهێشت كراون، ئه‌و هه‌موو هاوپه‌یمانه ته‌قلیدیی و له مێژینه‌یەی ئه‌مریكای وه‌ك سعودیه و میسر و ئوردن و قه‌ته‌ر و ئیماراتی عه‌ره‌بی و مه‌غریبیش بانگهێشت نه‌كراون.
له‌پاڵ هاوپه‌یمانه خۆرئاواییه‌كانیدا، لیسته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه له 23/11/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌ردوو وڵاتی ئاسیایی گرنگ هیندستان و پاكستانیش له‌خۆده‌گرێت، به‌ڵام توركیای ئه‌ندامی له‌مێژینه و یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)ی تێدا نییه و پێشتریش بایدن سه‌رۆكی توركیای به دیكتاتۆر ناوبردبوو!
له ئه‌مریكای لاتینیشدا سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین وڵاتی كیشوه‌ره‌كه به‌رازیل (جاییر بۆلسونارو) بانگهێشت كراوه، هه‌رچه‌نده كه‌سایه‌تییه‌كی راستڕه‌و و توندڕه‌و و جێ سه‌رسووڕمانه!
له ئه‌وروپاش لیسته‌كه ناوی وڵاتی پۆڵه‌نداشی تێدایه كه له‌لایه‌ن وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه تۆمه‌تباركراوه به رێزنه‌گرتن له یاسا نێوده‌وڵه‌تییەکان، له‌به‌رامبه‌ردا هەنگاریا بانگهێشت نه‌كراوه . له ئەفریقای ئه‌سمه‌ریش لیسته‌كه ناوی ئه‌م وڵاتانه له‌خۆده‌گرێت بۆ ئاماده‌بوون له لووتكه‌ی گریمانه‌یی دیموكراسی كه ئه‌وانیش (باشووری ئه‌فریقا، كۆماری كۆنگۆی دیموكراسی، نه‌یجیریا، نه‌یجه‌ر)ن.
روسیاش بانگهێشت نه‌كراوه بۆ ئه‌م لووتكه گریمانه‌ییه و (دیمیتری بیسكوڤ)ی وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی روسیاش هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به نیگه‌تیڤ وه‌سفكرد له هه‌مبه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه و وتی: (ئه‌مه هه‌وڵێكی تری ئه‌مریكایه بۆ دروستكردنی هێڵێكی دابه‌شكردنی نوێ و هه‌ڵوێستی روسیا نیگه‌تیڤه به‌رامبه‌ری). ئه‌و به‌رپرسه روونكردنه‌وه‌ی زیاتری دا‌و وتی: ئه‌مه دابه‌شكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی جیهانه و ئێمه له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه له هه‌وڵی ئه‌ودا بووین، ئه‌و دابه‌شبوون و جه‌مسه‌ربه‌ندیی و ململانێیانه خاوبكه‌یه‌نه‌وه و نه‌یهێڵین، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌مریكا سه‌رله‌نوێ له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه زیندوویان بكاته‌وه و په‌ره‌ی پێبدات و وڵاتان پۆلین و ریزبه‌ند بكات، به باش و خراپ به دید و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، بۆیه ئێمه ئه‌م كۆبوونه‌وانه به باش نازانین.
له كۆتاییدا ده‌ڵێین بانگهێشتكردنی عیراق بۆ ئه‌م لوتكه‌یه، گرنگی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تی كه ته‌نها وڵاتی عه‌ره‌بییه بانگهێشتكرابێت، پێشتریش لێدوانه‌كانی برێت مه‌كگۆرك له مه‌نامه به‌وه‌ی عیراق بەجێناهێڵن، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه پێناچێت ئه‌مریكا وا زوو عیراق به‌جێبهێڵێت، هه‌رچه‌نده بڕیاره كۆتایی ئه‌مساڵ سوپاكه‌ی پاشه‌كشه له خاكی عیراقیش بکات.