لەیلا عومەر

فەرەنساو دوو وێنەی جیاواز

  2021-11-29 15:58      62 جار بینراوە        کۆمێنت

فەرەنسا یەكێكە لەدەوڵەتە گەورەو كاریگەرەكانی ئەوروپا و جیهان و كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ئاراستە و هاوسەنگییە سیاسییەكان هەیە، بەتایبەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خاوەن دەنگی ڤیتۆیە و زۆر هاوكێشە سەرەوخوار دەكاتەوە، ئێمەی كورد لە چەندین رووەوە وێنەی جیاوازی فەرەنسا دەبینین، بەڵام بەراوردكردن لە نێوان وێنەكاندا دەرەنجامێكی باشی دەبێت سەرەڕای بوونی تێبینی و رەخنەی جدی و خستنەڕووی سەرنجی دۆستانە، ساڵی 1991 خەڵكی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە دژی رژێمی بەعس و سیستمە 30 ساڵییەكەی سەدام حسێن راپەڕین، سەرەتا سەركەوتنی گەورە تۆماركرا، دوایی بۆ ماوەیەكی كاتی هاوكێشەكان پێچەوانە بوونەوە و هێزەكانی بەعس زۆرینەی شارە رزگاركراوەكانیان داگیركردەوە، خەڵكی كوردستان ئاوارەی هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باكووری كوردستان بوون و تووشی دەردەسەری زۆر هاتن، بەرەی كوردستانی داوای هاوكاری نێودەوڵەتی كرد، خۆشبەختانە فەرەنسا یەكێك بوو لەو دەوڵەتانەی بەدەنگ داوای خەڵكی كوردستانەوە هاتن و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری «بفڕیت دەمریت»ی ژمارە 688 یان دەركرد كە چالاكیی ئاسمانی دژی پێشمەرگە قەدەغەكرد لە ناوچەكانی 34 و 36 و بەوەش دووبارە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێكی زۆری كوردستانیان رزگاركردەوە، ئەو هەنگاوەی فەرەنسا بووە هۆی زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وردە وردە بنیاتنانەوەی كوردستانی وێرانكراوی دوای جینۆسایدی ئەنفال، چەندین رێكخراوی جیهانی روویان لە كوردستان كرد و رۆڵی باشیان هەبوو لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و دەستگیرۆیی خەڵكی هەژار و نەداری كوردستانی دوای راپەڕین، لەو كاتەوە تا ئێستا فەرەنسا لە زۆر روو و كاتەوە پشتیوان و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەتایبەت لە شەڕی رووبەڕووبونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كەیسی ئاوارەكان، هەروەها هاتنی سەرۆك هۆڵاند و سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا خاڵی بەهێزیان بەخشییە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا. لەگەڵ ئەوانەشدا وێنەی دیكەی فەرەنسا هەیە لای خەڵكی كوردستان بەتایبەت دابەشكردنی كوردستان بەپێی رێككەوتننامەی سایكس- پیكۆ لەلایەن فەرەنسا و دەوڵەتە ئەوروپییەكانی دیكەوە تا ئێستاش كورد باجەكەی دەدات، هەوڵی چەند رۆژی رابردووی چەند پەرلەمانتارێكی فەرەنسی بۆ ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانەكەیانەوە جینۆسایدی باشووری كوردستان بە رەسمی بناسێنن، هەوڵی ناوازە و كارێكی جدی بوو بە ئاراستەی قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی فەرەنسا و هەرێمی كوردستان، راستە پەرلەمان ئەو پرۆژە پێشنیازكراوەی بە زۆرینەی دەنگ رەتكردەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەچێتە ئەرشیفی پەرلەمانی فەرەنساوە و پێویستە كوردستان لە رێگەی بەگەڕخستنی لۆبییەكی كاریگەرەوە كار بۆ ناساندنی جینۆسایدی باشووری كوردستان بكات، دۆستایەتیی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، راستوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جدی بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە بكات و رەوەندی كوردی لە فەرەنسا تۆكمە و كۆبكاتەوە.

* جێگری پارێزگاری سلێمانی

وتاری زیاتر



پلانی وردتری دەوێت‬ لەیلا عومەر
2021-12-20 15:45      62 جار بینراوە




کۆچ و گەڕانەوەی ناچاری‬ لەیلا عومەر
2021-11-15 18:25      99 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو