هەموو دەزانین حزب ئامڕازی بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەیە کە بە دیاریکراوی خەباتی بۆ دەکات و خەڵکەکە لە خۆی کۆدەکاتەوە تا بە هەرچی زیاتری هێز و دەنگە بگات بەو دەسەڵاتەی کە لێیەوە دەتوانێت ئەو ئامانجانە بهێنێتەدی، ئیتر لێرەوە هەرچەندی کاری باش بکات، زیاتر بناغەی خۆی لەناو خەڵکدا بەتین دەکات.
ئەوەی زۆر جار دێتە بەر باس لەناو خەڵکدا، ئەوەیە کە بە کەسێک دەوترێت تۆ حزبییت، بەو مانایەی چونکە ئەو سەر بەو حزبی دەسەڵاتەیە ئیتر وێڕای سیاسەتی حزبەکە، دەبێت بچێتە ژێر باری هەموو هەڵەکانەوە کە حکومەتەکە دەیکات بەوپێیەی کە حزبەکەی ئەویش بەشدارە لەو حکومەتەدا.
ئەندامانی حزبێک کە هەموو ئیدارەی وڵات یان بەشێکی بەدەستە، دەبێت لە خەڵکانی دەرەوەی حزبەکە زیاتر لە رێگە حزبییکەی خۆیانەوە لە مشووری چارەسەری هەموو ئەو کەموکووڕییانەدا بن کە هی خەڵکن، ئەندامی حزب دەبێت کۆڵ نەدات تا دەنگی خۆی دەگەیەنێتە باڵاترین دەسەڵاتی حزب لەپێناوی داکۆکی لە داواکانی خەڵک.
ئەگەر خەڵک گرفتی بێکاریی هەبێت ئەوە ئەندامان و دۆستانی حزبیش بەشێکن لەو خەڵکە، نابێت ئەندامێک بڵێت ئەی وایە راست دەکەیت حکومەت هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم کێشەیە نانێت، لەبری ئەمە دەبێت بە دواداچوون بکات و هۆکارەکەی بدۆزێتەوە و ئەگەر قەناعەتی پێی کرد بۆ خەڵکیشی روون بکاتەوە.
کارەبا نەبێت خەتای حکومەتە، ئەمە راستییە و تۆمەت خستنە پاڵ حکومەت نییە، ماڵی ئەندامانی حزبیش هەر بەر ئەو بێ کارەباییە دەکەون، جادەی گوندێک خراپ بێت، بۆ ئەندامانی حزبیش زیانی هەیە، بۆ نموونە گوندی کانی دڕکەی شارباژێڕ کە لەساڵانی شۆڕش هەمیشە جێگەی بنکەی حزبەکان بووە و خزمەتی گەورەیان بە شۆڕش کردووە، تەنانەت ئەو حزبانەش کە لە دەسەڵاتدا نین، بەڵام تا ئێستاش جادەی گوندەکەیان قیرتاو نەکراوە و زۆر خراپە، ئەگەرچی چەندین خێزانی تێدا دەژی و ئەندامی ئەو حزبەشن کە لە دەسەڵاتدایە.
رێکخستنە حزبییەکان دابەشکراون لەسەرەوە بۆ خوارەوە، واتا هەر ئەندامێک دەتوانێت لە رێگەی پەیوەندییە حزبییەکانییەوە ئەو گرفتە گەورانە بخاتە روو تا دەگات بەسەرەوە، لەوێشەوە بدرێت بە وەزیری پەیوەندیدار (ئەگەر پێویستی بە لای وەزیر بوو) لەوانەی سەربە حزبەکەی خۆیانن، دواتریش هێندە لێی بکۆڵنەوە تا ئەو کاتەی یان بۆیان چارەسەر دەکەن یان هۆکاری نەکردنی دەدەنە بەرامبەر بە روونکردنەوەی گونجاوەوە.
بۆ ئەندامی حزب خۆش نییە لەهەمان گونددا بژی و کێشەکەش چارەسەرەکەی لای حزبەکەی ئەو بێت و نەیکات، هەر لەبەر ئەمە دەبێت ئەندامەکە خۆی هەوڵی بۆ بدات و بە بیری بەرپرسانی دیکەی بهێنێتەوە کە کێشەی چارەسەر نەکراویان هەیە.
ئەندامی حزب دەبێت لەو ئەندامانەی سەربە ئۆپۆزسیونن زیاتر هەوڵی دەرخستنی کەموکووڕییەکان بدات، بەڵام نەک بە لە دەهۆڵدان، بەڵکو لە رێگە حزبییەکەی خۆیەوە.
هەرکات ئەندام هەستی کرد بیرۆکەکەی یان سەرنج و گلەییەکەی بەهەند وەرناگیرێت، دەتوانێت لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا بیکاتە بیرۆکەی دەستەیەک لە ئەندامان و بەرپرسی باڵای خۆیان ببینن، ئەویش دەتوانێت بە هاوکاریی چەند سەرکردەیەکی تر لەگەڵ بەرپرسی یەکەم یان باڵاترین دەستە باسی بکات.
دەستەی باڵاش دەبێت گوێ لە سەرنج و خواستەکانی ئەندامان و ئەو بەشانە بگرن کە کاری حزبییان پێ سپێردراوە، دەنا هیچ پەیوەندییەک ناتوانێت حزبەکە رابگرێت و هەتا بێت لاوازتر دەبێت و کێشە کەڵەکەبووەکانی خەڵک دەبنە هۆی زیاتر بوونی دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر خۆیان و نوێنەرەکانیان لە حکومەتدا.