ئێمە ئەگەر پێمان وابێت لە رێگەی شۆڕشێکی چەکدارییەوە بە رووی دوژمانماندا وەستاوین و بەرگریمان کردووە تا سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبێت گرنگترین هۆکاری سەرکەوتنەکانمان بگەڕێنینەوە بۆ خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لەو شەڕانەدا رژاون یان لەو رێبازەدا لە سێدارە دراون یان شوێن ونکراون.
شەهید ئەو کەسەیە سەرەڕای ئەوەش دەیزانی شەهید دەبێت، بەڵام سوور بوو لەسەر روبەڕوبوونەوەی دوژمن و سەنگەرەکانی تۆکمە تر دەکرد، زۆرێک لە داستان لای شەهیدە زیندووەکانی ئێستا(پێشمەرگەکان) تۆمارکراون و باس لە پاڵەوانێتیی ئەوان دەکەن تا ئەو ساتەی گیانیان لەدەست داوە، وتە و ورە بەرزیی ئەو شەهیدانە کە لە دواساتەکانی ژیانیاندا دەریان بڕیوە و پیشانیان داوە، گوزارشت لەوە دەکەن کە وتوویەتی ئەگەر ئەم جارەش شەهید نەبم و بگەڕێمەوە سەنگەرەکان، ئەوا بە هەمان گوڕوتین لە رووی دوژمندا دەوەستمەوە.
کەوابوو دەبێت ئاواتی شەهیدەکە لە بیر نەکرێت، ئەوەی تا دوێنێ هاوسەنگەرمان بوو، خوێنی رژاو ئێمەی پێگەیشتینە ئەمڕۆ لە یاد نەکرێت، دەبێت بیر بکەینەوە ئایا ئەو چۆنی دەویست؟ چی دەووت لە کۆبوونەوەکاندا؟ ئامانجی چی بوو؟ کۆمەڵگەیەکی چۆنی دەویست؟ حکومڕانییەکی چۆنی دەویست؟ دواتر ئایا ئەوەی ئەمڕۆ پەیڕەوی دەکەین وەڵامی هیوای شەهیدەکان دەداتەوە و لە شان و ویقاری ئەواندایە؟
هەموو کەموکووڕییەکانی کە ئێستا لە ئەدای حزبی و حکومیدا دەکرێت وەستانەوەیە لە دژی خواستەکانی شەهیدان، هەموو هەنگاوێکی باشیش لە خزمەت کۆمەڵگە و حزبەکەش، رۆحی شەهیدەکانی پێ ئارام دەبێت.
بەواتایەکی تر، وەفای ئێمە وەک هاوبیروباوەڕی ئەو شەهیدانە، لەبیرنەکردنیانە و دەستپاکیمانە لە کارکردندا و وەبیرهێنانەوەی وتەکانی ئەوانە کە چییان دەویست.
وەبیرهێنانەوەی ئەو دیمەنانەیە کە لە ساتی شەهیدبوونیاندا دیتمان، ئەو جلوبەرگە سادەیەی بەریان، تاقمی تفەنگ و شەیالە و جەمەدانی و پووزەوانە و پێڵاوە لاستیکەکەی پێیان، ریشە ئاڵۆزەکەی و ملە چڵکن و ئێخە پڕ لە ئەسپێکەی، ئەمە ئەو کەسایەتییە بوو کە خۆشەویسترین شتی بەخشی بۆ هێنانەدی ئامانجەکانمان ئەویش ژیانی خۆی بوو.
زۆرێک لەو شەهیدانە کەسانی گەنج بوون لە دانشگاکان سەرقاڵی خوێندن بوون، دەیان ساڵ تەمەنیان لەبەر دەمدا مابوو، دەکرا ببنە زانایەک، دانایەک، دادوەرێک، بیرمەندێک، نووسەرێک، پسپۆڕێک لە بوارێک، پزیشکێک، بەڵام سووربوونیان لەسەر وەستانەوە لە دژی زۆرداریی دوژمن، ژیانی لێ سەندنەوە و نەیهێشت بەشداریی پێشخستنەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بن.
بۆ ئەوەی هەریەک لەو شەهیدانە هەمیشە لە یادمان و لەبەر چاومان بن، هەر شەقامێک و کۆڵانێک و قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک و مزگەوتێک و باخچەیەک بە ناوی یەکێکیانەوە بێت، تا هەمیشە لەسەر زاری خەڵک بن.
ئێمە بەردەوامین لە خەبات، پێشمەرگە لە روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەکانی لە دوژمنان بەردەوامە، کەواتە گرنگیدان بە خێزانی ئەوان کە لێیان بەجێ دەمێنێت، ئەرکی ئەندامانی ئەو حزب و حکومەتەیە کە ئەمان لە رێگەیدا شەهید دەبن، ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە کە قەدردانییان لێبکات، تەنها بە وتار و شیعر و پەخشان نا، هەموو ئەمانە بە فەردە بیخەیتە بەردەستی خێزانی شەهیدەکان سوودی نییە، بەڵکو دەبێت هاوشانی ئەم پیاداهەڵدان و رێزلێنانە، حزب جێگەکەی پڕ بکاتەوە کە لەو خێزانە رۆیشتووە، لە رووی داراییەوە لە ئاستی بەرزدا بن، لە ئیمتیازاتی خوێندن، نەخۆشی، شوێنی نیشتەجێبوون، هەموو ئەمانە بۆ ژن و منداڵیان دابین بکرێت، یان بۆ دایک و باوک و خوشک و برایان.
دەبوا خێزانی شەهید لەم وڵاتەدا لە هەموو ئەو رسوماتانە ببەخشرێت کە هەن، تەنانەت ئاو و کارەبا و هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بەبێ بەرامبەر پێیان بدرێت، دەبوا تێچووی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەرییەکان و چوونە خوێندنگە و زانکۆکان، بۆ ئەوان بە خۆڕایی بێت.
گەشتیان پێ بکارابایە و تێچووی گەشتەکانیان پێبدرایە، نەک کوڕ و کچی شەهید لە رێگەی قاچاخ بدات و بکەوێتە دەریاوە.
ئەگەر ئەو شەهیدە خۆی بمابایە ئێستا لە پلەی سەرکردە دەبوو، خێزانەکەی بەختیار دەکرد و بۆ شوێنە خۆشەکانی جیهانی دەبردن. ئەو سەروەتەی لەبەر دەستی حزبدا هەیە، هی خوێنی ئەو شەهیدانەیە، ئەمە راستییە و نکوڵی لێناکرێت، دەبێت خێزانی شەهید لەپێش هەموانەوە بێت و رێز و خزمەترگوزارییان لە هەموان زیاتر بێت تا رۆڵەکانمان خۆزگە بە
شەهیدبوون بخوازن.