هەر بەڕاستی ئەوانە نامرن، ئەوانە هاوڕێ و هاوخەبات و برا و خوشك و كەسوكارمان بوون، ناو و بیرەوەرییان هەمیشە لە هزرماندا دەمێنن، دڵمان هەردەم لایانە، هەردەم قسە و گوفتار و هەڵسوكەوتەكانیانمان لەیادە، سیما و وێنەكانیان هەمیشە لەبەرچاومانن، ئەوان گیانی خۆیان بەختكرد، بێ ئەوەی بۆ یەك چركەش دوودڵبن، لای ئەوان كوردستان و بیروباوەڕەكەیان لەپێش هەموو شتێكەوە بوو، ئەوانە شەهیدەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانن، بە پێشمەرگە و كادیر و رێكخستن و سەركردە و لایەنگر و هەوادارەوە، بە ژن و پیاو و كوڕ و كچ و پیر و گەنجەوە، یەكێك لە سیما هەرە دیارەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، زۆریی ژمارەی شەهیدەكانێتی هەر لە دامەزراندنییەوە تا ئەم ساتەوەختەش.
یەكێتی لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا، كە ئامانج و خواستی گەلی كوردستان بوون و لە شەڕی درێژخایەنی بەرەنگاربوونەوەی تەعریب و تەبعیس و تەهجیردا و لە شەڕی چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادیدا و لە شەڕی شەمشەمەكوێرەكانی تاریكی و جەهالەتدا، دەیان هەزار شەهیدی بەخشیوە، كەم زیندان و قەسابخانەی بەعس هەبوو، قارەمانێكی یەكێتی تیادا لەسێدارەنەدرابێت، یان گوللەباران نەكرابێت، شوێن و جێگایەك نییە لە كوردستاندا خوێنی تێكۆشەرێكی ئەم حزبەی تیا نەڕژابێت، دێیەك، گوندێك، شارۆچكەیەك، شارێك نییە لە كوردستاندا چەندین شەهیدی یەكێتی تیانەبێت.
لە هەر رۆژێك لە 365 رۆژەكەی ساڵدا، دەكرێت یادی چەندین شەهید بكرێنەوە. هەموو ئەو شەهیدانە كاتێك رێگای سەختی خەبات و تێكۆشان و پێشمەرگایەتییان گرتەبەر، باش دەیانزانی رۆژێك دەبێت گیان بەخت دەكەن و دەگەنە كاروانی شەهیدان، بەڵام بێ پەروا بوون. لە گەرمەی رۆژانی ئازادی و سەرفرازیشدا و لەپێناوی پارێزگاری لە كوردستان و سەروەریی هەرێم، بە سەدان رۆڵەی یەكێتی گیانی خۆیان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بەختكرد.
یەكێتی حزبی هەڵبژاردن و جادەی تەخت و كۆشك و تەلار نەبووە، حزبی لەخۆڕا دروستبوو نەبووە، یەكێتی؛ حزبی خەباتی سەخت و قوربانیدان هاوڕێی سەنگەر و زەحمەت و مەینەتییەكان بووە، حزبی بەرنامە و ئامانجی دوور و نزیكی كوردایەتی و دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسینە، ناكرێت ئێستا هەندێك كەس یەكێتیی تەمەن 46 ساڵ و خاوەنی زیاتر لە 20 هەزار شەهید، لە چەند كەسێكی كەمتەرخەمی نامەسئول، كە بەرژەوەندیی خۆیان خستۆتە سەروو بەرژەوەندیی خەڵكەوە، كورتبكەنەوە. ئەم حزبی شەهیدانە، كە ئێستا كەوتۆتە بەر هێرش و پەلاماری چەندین گروپ و لایەن و میدیا، بەهۆی ژمارەیەك ئەندامی بەرژەوەندیی خۆخواز، هەر دەبێتەوە بە حزبەكەی شەهیدان و رێگای هاوڕێ و هەڤاڵە نەمرەكانی ون ناكات. بەدڵنیاییشەوە خەڵكی بەئەمەك و دڵسۆزی كوردستانیش، گەرچی گلەیی زۆریان لە یەكێتی هەیە و لێشی زوویرن، بەڵام باش دەزانن كێ داكۆكیكاری راستەقینەیە لە مافەكانیان و كێش، كە سەنگەرەكان پێویستیان بە رۆڵەی ئازا و قارەمان بوو، سەنگەرەكان پڕدەكاتەوە و كامە حزبیشە ترس و بیمی لە گیانفیدایی نییە.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.
هەر بەڕاستی ئەوانە نامرن، هەمیشە لە دڵی میللەتدا دەژین.