مەلا بەختیار

ساڵ رۆژی شەهیدی یەكێتی، ئاكارە یان یادگارە؟

  2021-11-21 15:33      75 جار بینراوە        کۆمێنت

(٤٥) ساڵ لەمەوبەر، وەكو رووداوەكانی ئەمڕۆ، وردەكاریم لەبیرە، شەوی ٢١/١١/١٩٧٦-٢٠ چۆن بروسكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی گەیشتە شێخ جەناب، بۆ دوا دیدار، سەردانی شیهابی برای بكات. هەر ئەو شەوە، بەشێكی شار لەناخەوە بەرگی رەشی پۆشی. نیوەڕۆكەی كە تەرمی شەهید شیهاب گەیشت، ماتەمینی سلێمانی داگرتبوو. ئەو رۆژەو شەوەكەشی لەمزگەوتی بن تەبەق هێشتمانەوە. هەتا بەیانی كەمال مەزهەرو روشدی و فاروق مەلا مستەفاو خزمانی شەهید ئارام و شیهاب و دەیان هاوڕێی كۆمەڵە ئێشكی تەرمەكەمان دەگرت، دلێری سەید مەجیدو لەتیف شێخ عومەرو بەندە سەرپەرشتیمان دەكرد. شەوێكی هەتا بڵی سامناك و دەردەناك بوو. مەفەرزەی پاراستنی تەرمەكەو تا رادەیەك ئاگادارییان لەبەندە، سپێردرایە شەهید (یاسین رەش) ئەم مەفرەزەیەش، تا بەیانی پڵنگ ئاسا، ئاگایان لیمان بوو. دوو دەمانچەو نارنجۆكێكیان پێ‌ بوو. تا بەیانی كەسمان نەخەوتین. بەیانیەكەی شكۆمەندانە، كەژاوەی تەرمی شیهاب برایە گردی سەیوان. بیستمان لەكۆیەش، خەڵكەكە، بێ‌ سڵەمینەوە، تەرمی شەهید جەعفەریان بەدەم سرودەوە سپاردبووە خاك. خالید دلێر بەدەستی خۆی خستبویە گۆڕی نەمری. تەنها شەهید ئەنوەر بێ‌ نازو بێ‌ كەس، نێژرابوو. كەركوك لەدۆخێكدا بوو، نەدەكرا، وەكو سلێمانی و كۆیە، مەراسیم بۆ تەرمی ئەنوەر زۆراب بكرێ‌. هەندێكیش لەهاوڕی و كەسوكاری، خۆپارێز بوون!
سەرەڕای ئەوەی دەكرا شیهاب و هاوڕێكانی نەكەونە داوی رژێمی شای ئێران و رادەستی عیراق نەكرێن، بەڵام شیهاب، بەڕاستی رابەرێكی چەپی كەم هاوتا بوو. ئەگەر نەیتوانیبێ‌ لەخەباتی خۆشاردنەوەو شاخدا، ببێتە سومبولی چەپەكان، بەڵام لەدامەزراندنی كۆمەڵەو زینداندا، نەك سمبولی رابەرێكی بێ‌ وینەبوو، بەڵكو بەكاریگەری خۆی توانی زۆرێك لەهاوڕێیانی كۆمەڵە لەهەرەسی دەرونی– جەستەیی بپارێزی و چەندین كەسیشی لەكەوتنە داوای جەلادەكان پاشگەز كردبوەوە.. بەئەندامانی حیزبی شیوعیشەوە. بڕیاری لەسێدارە دان و جێ‌ بەجێ كردنیشی ترسێكی گەورەی رژێم بوو، لەم كەڵە رابەرە ، كە بەهەق شەهید جەعفەریش هاوتای شەهید شیهاب بوو، لەخۆ راگری و بەرزی ورەو دەم بەبپێكەنین، روەو پیری مەرگ، هەروەها ئەنوەر زۆرابیش.
پێشم وایە، كۆمەڵە، دوای داستانی شەهید كردنی شیهاب و هاوڕێكانی، هاوزەمانی بەرپابوونی شۆڕشی نوێ‌ ( كە هەبوون دژی بەرپاكردنەكەی بوون بەپاساوی لەرزۆك لەرزۆك) هەردوو رووداوەكە كۆمەڵەو یەكێتی و شۆڕشی نوێیان، لەو زەمان و زەمینەدا، بردە قۆناغی باڵای متمانەی جەماوەرو قوڵكردنی گیانی شۆڕشگێڕانە. بۆیە، نەك رۆژی شەهید كردنی شیهاب و هاوڕێكانی كە كراوەتە رۆژی شەهیدی یەكێتی، شایەنیانە، بەڵكو هێشتا داستانی شیهاب و هاوڕێ‌ زیندانەكانی زۆر زۆریان بەبەرەوە ماوە، بۆ مێژوو تۆمار بكرێن. 
هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، جەزرەبەیەكی كوشندە بوو، لەبزاڤی چەپ و دیموكراسی درا. كاریگەرە نالەبارەكانی هەتا دێت دەردەكەوێ. دۆخی گەندەڵی و هەلپەرستی ناو یەكێتی، هۆكارە سەرەكیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی پەیوەندی حیزبایەتی و رێبازی دادپەروەری و مۆراڵی چەپگەرایی، كەلە كۆمەڵە رابەرایەتی دەكرد.
لەكۆتاییشدا دەڵێین: رۆژی شەهیدی یەكێتی كە رۆژی شیهاب و هاوڕێكانێتی، تەنها یاد نییە.. بەڵكو ئەركە. بەڵێ‌..
ئەركە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە خراپەی یەكێتی خراوەتە ناو بازنەیەكی داخراو، بازنەكە متمانە لاوازو جەماوەر بێزار دەكات. هەر تێكۆشەرێكیش دەركی ئەركی دەربازكردی یەكێتی لەناو ئەو بازنە داخراوە بكات.. خاوەن كەرامەتی سیاسییە. ئەوەی دەركیشی پی نەكات.. با خوێنەر پێناسەی بكات!!

 

وتاری زیاتر









كۆچی شیهاب عوسمان.. خەمێكی تر‬ مەلا بەختیار
2021-01-04 17:39      163 جار بینراوە


مام عەبدولخالق.. مێژووت هەیە ‬ مەلا بەختیار
2020-11-15 12:13      162 جار بینراوە



مام.. ئازادیت باش‬ مەلا بەختیار
2020-10-03 13:57      217 جار بینراوە


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      176 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      224 جار بینراوە














نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو