مەحمود سەنگاوی

بەرزو پیرۆزە رۆژی شەھیدی یەکێتی

  2021-11-20 21:07      80 جار بینراوە        کۆمێنت

مێژووی پڕ سەروەریی گەلەکەمان و قوتابخانە پیرۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پڕاوپڕن لەدیرۆکی خۆبەختکردن و خۆنەزرکردنی رۆڵە چاونەترس و گیانبازەکانی گەلەکەمان لەپێناو رزگاری و ئازادیی خاکی پیرۆزی کوردستاندا. داستان و نەبەردییەکانی ئەو کەڵەمێردو رێبوارانەی دەیانویست قەڵەمڕەوێک بۆ ئازادی چێ بکەن و لەو پێناوەدا گیانیان بەکوردو کوردستان بەخشی فرەن و لەژماردن نایەن، بۆ قەڵەمی کول و کۆڵەواری ئێمەیەکی پێشمەرگەش گەلێک سەخت و دژوارە باسی گەورەیی و خەبات و شۆڕشگێڕێ هەموو ئەو گوڵە ئەستێرەو جوامێرانەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بکات. 
ئەو شەهیدە نەمرو سەربەرزانەی مۆمی سەرفرازی دواڕۆژیان بەخوێنی خۆیان داگیرساندو وانەی " كەم ژیان، كەڵ ژیان "یان داهێناو جەلادەكانی بەعسیان تووشی شۆك و زیندانەكانیشیان كردە سەنگەرێكی تری بەرگری كردن لەگەلی كوردستان خاوەنی دەستکەوتەکانی رابردوو و ئێستاو داهاتووشمانن.
ئەو دەمەی شۆڕشی ئەیلول کڵوکۆی دامرکایەوە، زۆر کەس چەکی خەباتیان فڕێداو تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵە بوون کەڕێکەوتننامەی جەزائیرو دوژمنانی کورد بەدیاری پێشکەشی گەلە ستەمدیدەکامانیان کرد، لەودەمەدا مێردەزمەی نائومێدی کرۆکی گیانی هەموو کوردێکی ئەکرۆژی، به‌ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی بڕوایان به‌هه‌ڵسانه‌وه‌ هه‌بوو ئا لەو دەمەدا یەكێتی، وەك هێزێكی رچەشكێنی كوردایەتی جاڕی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ‌ داو لە ٤٦ ساڵ خەباتدا، زیاتر لە ٢٠ هەزار رۆڵەی قارەمان و جوامێری لەسەنگەرو زیندانەكاندا گیانیان كردە قوربانی رزگاری‌و ئازادی كوردو كوردستان، لەڕۆژژمێری ساڵدا، رۆژنییە یادی شەهیدبوون و سەروەری و ئازایەتی رۆڵەیەكی یەكێتی تیانەبێت، گۆڕستان نییە بەدەیان كێلی بەرزو پیرۆزی پێشمەرگەو تێكۆشەری یەكێتی تیانەبێت. 
یەکێتی هێزی راپەراندنی ئەركە سەختەكان بووە، هێزی رۆژی تەنگانەیە، بۆیە هەمیشە رۆڵەكانی لەپێشەوەی سەنگەری قوربانیدان بوونە بۆ كوردستان، لەهەر دۆخێكدا، كوردستان پێویستی بەقوربانیدان بووبێت، سەركردەو پێشمەرگەو كادیرو تێكۆشەرانی یەكێتی گیانیان لەسەر دەستیان بووەو پێشكەشی كوردستانیان كردووە، بۆیە بەپیرۆزییەوە لەیادو بیرەوەری شەهیدانی یەكێتی و هەموو شەهیدانی كوردستان دەڕوانین، لەئاست كێلی بەرزی گۆڕەكانیاندا سەری رێزو وەفا دادەنەوێنین.
وەفاداری بۆ شەهیدان، درێژەپێدانی خەباتەكەیانە، پابەندبوونە بەڕێبازی ڕابەری کۆچکردوومان خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال و پەرۆشبوونە بۆ ئایندەی یەكێتی، تا وەك هێزێكی رچەشكێن و قاڵبووی خەباتی كوردایەتی، تۆكمەترو بەهێزتر، خۆی بۆ راپەراندنی ئەركەكانی ئێستاو داهاتوو ئامادەبكات و لەئاستی داخوازی و چاوەڕوانی گەلی خۆڕاگری كوردستاندا بێت.
لەم رۆژە پیرۆزەدا، سڵاوی ئەمەك و وەفا دەنێرین بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە، رێبازەكەیان بەرنەدەین و هەمیشە كێلی بەرزی گۆڕەكانیان دوورنمای خەباتمان بێت.

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو