مەریوان مەسعود

یەكڕیزیی نیشتمانیی لەڕەوشە ئاڵۆزەكەی بەغدا

  2021-11-20 16:59      50 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەو رەوش و كەشە سیاسییەی ئێستا لە عیراق دەگوزەرێ‌ بەتایبەت دوای ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن و هێرشی درۆنەكان بۆ سەر ماڵی سەرۆك وەزیران، وەك مەتەڵ وایە و كەس ناتوانێت پێشبینی ورد و دروست بۆ داهاتووی رەوشەكە بکات، چونكە زۆر حزبی گەورەی عیراقی بەتایبەت لە ناو شیعەكان لەم هەڵبژاردنە كەوتن و هەرچەندە سوننەكانیش ئەوەندە حاڵیان لە شیعەكان باشتر نەبوو، بەڵام بەو پێیەی حكومەت و دەوڵەت بەدەست شیعەكانەوەیە بۆیە فۆكەس زیاتر لەسەر ئەوانە.

لەم نێوەندەشدا، كورد وەكو هەموو جارەكانی تر (چارەسەرەكە)یەو چ هێزە شیعەكان و چ سوننەكان و چ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش چاویان لەسەر هەڵوێستەكانی سەركردایەتی سیاسیی كوردە بەتایبەت هەردوو هێزی سەرەكی كورستان یەكێتی و پارتی. بۆیە چ بە ئاشكراو چ بە نهێنیی داوا لە سەركردایەتی كورد دەكرێت پەلە نەكەن لە هەڵوێستەكانیان لەو رەوشە ناسكەی عیراق، لەم كاتەشدا كۆبوونەوەیەكی لووتكەی نێوان تاڵەبانی و بارزانی زۆر جێگای خۆی بوو، لەمانەش گرنگتر تەوەرەكانی دیدارەكەش گرنگ بووە چونكە راستەوخۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان كردوە و جەختیان لەسەر یەكڕیزیی نیشتمانی كورد و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كردۆتەوە.

ئەمە لە لایەك لەلایەكی تر قۆناغی نوێی عێراق دوای هەڵبژاردنەكان هەڵوەستەی لەسەر كراوە و جەختیان لەسەر یەك وتاریی كورد لە بەغدا كردۆتەوە و هەردوولاشیان واتە بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پەرۆشیان بۆ ئەم یەكڕیزی و تەباییەی ماڵی كورد دووپاتكردۆتەوە و ئەمەش بێگومان سەرەتای یەك بەرنامەیی و یەك هەڵوێستی كورد دەبێت رووە و بەغدا بۆ وەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەمان.

دوای دیداری لووتكەی تاڵەبانی و بارزانی، شتەكان دەگۆڕێن و ئاراستەی تر وەردەگرن، واتە بۆ گفتوگۆ و بۆ مافەكانی گەلەكەمان، كورد دەبێتەوە بە یەك تیم و بە یەك ئاراستە و بەرژەوەندیی كارنامەیان دەبێت، ئەمەش هەم پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەم لەسەر ئاستی دەرەوە بەهێز دەكات و جارێكی تر هەرێمی كوردستان خۆی دەكاتەوە بە مەرجەع و گفتوگۆكان لەجیاتی ئەوەی لە بەغدا بە چەقبستوویی بمێنێتەوە، دێتە (هەولێر و سلێمانی) و گەرموگوڕتر و باشتر بەڕێوەدەچێت.

بۆیە پێویستە ئەم هەنگاوەی تاڵەبانی و بارزانی ناویانە، فراوانتر بكرێت و هەموو هێزە كوردستانییەكان بە ئۆپۆزسیۆنەكانیشەوە بێنە ژێر یەك چەترو دروشمیان بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بێت بۆ هاووڵاتیان و ئەمەش پێویستی بە دەستپێشخەری خێرای ئەم دوو هێزە سیاسییەی كوردستان هەیە و دەبێت واز لەوە بێنن هەریەكە و بە جیا روو لە بەغدا و روو لە حزبە كوردستانییەكان بنێن، بەڵكو دەبێت یەك وتار و یەك هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئەوەی دواجار خێر بداتەوە بۆ میللەتەكەمان و یەكڕیزیی نیشتمانیی لە هەموو ئاستەكان بەدی بێت.

وتاری زیاتر



یەكێتی و دەستووری گەلپەسەند‬ مەریوان مەسعود
2021-10-31 18:56      57 جار بینراوە


نامە ناودارەكەی دۆستۆیڤسكی‬ مەریوان مەسعود
2021-10-16 17:07      62 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو