لە هەموو رووداوێک لە قۆناغەکانی رابردووی مێژووی کوردستان هەوێنێک هەبووە کە بەکارهاتووە بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان، هیچیشیان خواستی کورد خۆی نەبووە بەڵکو بۆی دروستکراوە و پێی کراوە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا رووی سەتەلایتەکە بۆ سەر یەکێتی سوڕێندراوە، هەرچی هەوڵی نەیارانییەتی، دەرەکی و ناوخۆیی، چڕ بۆتەوە لەسەر کارکردن بۆ تێکدانی یەکێتی، دەمێک کەرتی دەکەن و کۆمەڵێک لێی جیادەبنەوە، دەمێک هەوڵی ژەهرخواردنی کەسایەتییەکانیان دەدەن، یان دروستکردنی شانەی حزبی لەدەرەوەی خودی حزبی یەکێتی و باڵباڵێن.
ئەمانە هەموویان لەسەرەتاوە دەستێکیان لە پشتە، ئەگەر خواستیشی لەسەر نەبێت، لەکاتی ئەوپەڕی ئارامیی و پێکەوە کارکردندا لەپڕ هەوڵی شێواندنی دەدرێت.
نەیارانی ئەم حزبە ئەم شێوازەیان کردۆتە وەسیلەیەک بۆ رێگریی لە بەهێز بوونی یەکێتی.
دیتیان مام جەلال بووە سەرۆک کۆماری عیراق و چەتری هەموو عیراقییەکان، پێیان وابوو ئەم چەترە دەبێتە هۆی پووچەڵ کردنەوەی مەرامەکانیان لەسەر عیراق کە هەریەکە و بە هۆکارێک دەیویست تۆڵەی خۆی لێبکاتەوە، ئەوان دەیانزانی هەژموونی ئەم رەوتی راگرتنی سەقامگیرییە و بەرەو چارەسەر چوونی هەموو کێشە گەورەکان و زیاتر لەیەک نزیک بوونەوەی هێز و لایەنە ناکۆکەکان، تەنها مام جەلالە کە سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەر بۆیە کەوتنە دانانی پلانی یەک لەدوای یەک بۆ کەرتکردنی یەکێتی و لاوازکردنی، تا هەوڵەکان لە مام جەلال تێک بدەن.
ئەوان دەزانن ئەم حزبە بەم کەرت بوونانە کۆڵنادات و پێگەی خۆی لە رووی رێکخستن و هێزەوە لەدەست نادات، هەر لەبەر ئەمەیە پەنا بۆ شتی دیکەی ژێر بەژێر دەبەن.
ئەم حزبە بناغەی حزبێتی خۆی بایی ئەوەندە بەهێز داناوە کە ئەم شتانە نەیلەقێنێت، ئەگەرچی زیانی لێدەدات بەڵام نایخات، دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی پتەوی ئەندامانی دڵسۆزی حزب و بە هەموو شێوەیەک دەیپارێزن.
بۆ زیاتر پتەوکردنی یەکێتی، دەبێت چڕکردنەوەی کۆبوونەوە حزبییەکان و درێژە پێدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بگیرێتەبەر، پێویستە کۆبوونەوەکان بگەڕێنەوە نێو ماڵەکان و کۆڵان و گەڕەکەکان، دەبێت یەکێتی بناغەکەی خۆی هێندە پتەو بکات کە ئەم جۆرە رووداوانە کاری تێنەکان، دەبێت یەکێتی لەشکرێکی نووستووی سێبەر بۆ خۆی بنیات بنێت کە لەکاتی پێویستدا پاڵپشتی ئاسنینی ئەم هێزە ئاشکراو ناسراوانە بن کە هەیەتی، ئەوەش ئەو ئەندام و لایەنگرانە دەبێت کە تا ئێستاش زۆر بە دڵسۆزیی لەناو یەکێتیدا ماونەتەوە و کار بۆ سەرخستنی دەکەن و لە هیچ وێستگەیەکی شەمەندەفەرەکە دانەبەزیون و بە هەموو گرفتەکانییەوە هەر داکۆکیکاریی سەرسەختن لەم حزبە.
بەهێزکردنەوەی رێکخستنەکان و چڕبوونەوەی کۆبوونەوەکان دەبێتە هەوێنی بەگژدا چوونەوەی ئەو هەوێنە خراپانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ریزەکانی یەکێتی، دەبێت رێکخستنەکان لەرێگەی کۆبوونەوەکانیانەوە هەمیشە ئاگاداری دۆخی حزبەکەیان بن نەک لەملاو ئەولا یان لە سۆشیال میدیا بەکرێگیراوەکانەوە هەواڵی چەواشەکارییان بە گوێدا بدرێت.
با ئەندامەکانی یەکێتی لەکۆبوونەوەکاندا پلانرێژیی بکەن بۆ کاتی پێویست و ئامادەبن بۆ ئەوکاتەی حزب پێیان رادەگەیەنێت. حزبایەتی سیاسەتە، سیاسەتیش زۆر تاکتیک لەخۆدەگرێت و تاکتیکی جیاوازی تێدا بەکاردێت بۆ وەستانەوە بە رووی نەیاران، کەوابوو ئاساییە لەناو حزبدا کەسێک یان چەند کەسێک ببنە هەوێنی تێکدانی حزبەکە، بەڵام لە رێگەی بەهێزیی رێکخستنەکانەوە ئەمانە هەموویان پووچەڵ دەبنەوە. ئەندامی حزب با ئەندامی یەکێتی و پەیڕەو و پرۆگرامەکەی بن، ئەندامی یەکێتی با شوێنکەوتەی رێبازی مام جەلال بێت، ئەگەر وایکرد ئەوا بە دوای هیچ کەسایەتییەکی ناو حزبدا وێڵ نابێت و حزبی ئەو تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.