شرۆڤه‌كارانی سیاسی به زه‌حمه‌ت سه‌ر له هاوكێشه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی سوریا ده‌رده‌كه‌ن، كه ئێستا له دوای نزیكه‌ی 11 ساڵ له جه‌نگ و پێكدادان، بۆته پێگه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی یار و نه‌یار و سنووره زه‌مینی و ئاسمانییه‌كانی به‌ڕووی زۆربه‌ی لایه‌نه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كراوه‌یه و دیمه‌شقیش لای خۆیه‌وه هێشتا باس له سیاده و سه‌روه‌ریی خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ی ده‌كات.
له نوێترین هه‌واڵ و زانیاری‌دا كه به‌ره‌به‌یانی دوێنی له‌لایه‌ن میدیاكانی دیمه‌شقه‌وه بڵاوكرایه‌وه، هاتووه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل بۆردومانی چه‌ند بنكه و پێگه‌یه‌كی سه‌ربازیی سوریا و ئێرانیان له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته كردووه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ناو هه‌واڵه‌كه‌ش هێرشه‌كه له سنووری ئاسمانیی جۆلان-ه‌وه كراوه، ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه كه بۆردومانه‌كه هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه.
له ماوه‌ی ئه‌و 10 بۆ 11 ساڵه‌ی به‌سه‌ر دۆخی سوریادا رابوردووه، به‌وته‌ی میدیاكانی ئه‌و وڵاته، ئه‌مه ده‌یان و بگره سه‌دان هێرشی له‌و جۆره‌یه كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه ده‌كرێته سه‌ر خاكی سوریا، به‌ڵام چه‌ند جارێكی كه‌م نه‌بێت، ئیسرائیل به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌و هێرشانه رانه‌گه‌یاندووه، بگره به‌گوێره‌ی بۆچوونی زۆرێك له شرۆڤه‌كارانی سیاسی و ستراتیژیی سه‌ربازیی ئیسرائیل و خۆرئاواش، تا دۆخی سوریا خراپتر بێت، مه‌ترسیی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل زیاتر ده‌بێت، بۆیه یان هه‌موو هێرشه‌كان ئیسرائیل نییه، یاخود ئه‌گه‌ری هه‌یه ئامانج له هێرشه‌كان ته‌نیا لێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بێت له‌ناو خاكی سوریادا.
ئاڵۆزیی هاوكێشه‌ی سه‌ر زه‌ویی و ئاسمانی سوریا له‌وه‌دایه كه جگه له حكومه‌تی دیمه‌شق خۆی، هه‌موو هێزه نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌كانی یار و نه‌یار له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پێگه و بنكه و باره‌گایان هه‌یه و هه‌ندێكیان له ده‌ره‌وه‌ی سوریا هاوپه‌یمانن و له‌ناو سوریادا ململانێی ناوچه‌ی نفوز ده‌كه‌ن، به‌شێكیشیان له ده‌ره‌وه دژی یه‌كترین و له‌ناو سوریادا ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیش نه‌بن، ئه‌وا هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان و دیاریكردنی نه‌یاره‌كه‌یان له‌سه‌ر خاكی سوریا ده‌یانكاته هاوپه‌یمانی تاكتیكی، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای هه‌ژموونی وڵاتانی زلهێزی جیهان كه ده‌یانه‌وێت چ له‌ڕێی هێزه‌كانیانه‌وه له‌و وڵاته یان له‌ڕێی وه‌كیله‌كانیانه‌وه به‌شێوه‌ی سه‌ربازیی و له رووه سیاسییه‌كه‌شه‌وه هه‌وڵدانی زلهێزه‌كان بۆ رێكخستنی خوله‌كانی دانوستاندنی نێوان لایه‌نه سورییه‌كان له ئاستانه و سوچی و جنێڤ و قاهیره و پاریس و به‌رلین، كه به‌هۆی تێكچڕژاویی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ئاراسته‌كان له‌لایه‌ك و بڕوانه‌بوونی سیستمی حوكمڕانیی دیمه‌شقیش بە ده‌ستبه‌رداربوونی شێوازی حوكمڕانیی شمولیی و تاك حزبی لەلایەکی دیکەوە، هیچ كام له‌و دانوستاندنانه تائێستا ئه‌نجامی ئه‌وتۆیان لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه.
ئێستا ئه‌وه‌ی له كۆی تابلۆكه‌ی سوریادا به‌دی ده‌كرێت، ئێران و توركیا هه‌ردووكیان دژی هه‌بوونی هێزی ئه‌مریكان له‌سه‌ر خاكی سوریا، هاوكات له هاوكێشه مه‌زهه‌بییه‌كه‌دا دژی هه‌بوونی یه‌كتریشن، روسیا و ئه‌مریكا هه‌ردوولایان دژی هه‌ژموونی یه‌كترین و هه‌ردووكیشیان له هه‌وڵی چاره‌سه‌ری سیاسیی كێشه‌ی ئه‌و وڵاته‌دان، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه روسیا له‌گه‌ڵ سوریا و ئێران و ئیسرائیلیش-دا له په‌یوه‌ندیی باشدایه، به‌ڵام سوریا و ئێران له‌به‌رامبه‌ر ئیسرائیل‌دا شیر و تیر له‌یه‌كتریی ده‌سوون، ئه‌مریكا دژی هێزه سوننه مه‌زهه‌به‌كانی سه‌ربه توركیایه، به‌ڵام تائێستا چاوپۆشیی له توركیاش كردووه كه پێشڕه‌ویی بكاته ناو خاكی سوریاوه به هاوكاریی ئه‌و هێزانه، روسیا به‌هه‌مان شێوه دژی ئه‌و هێزه ئیسلامییه رادیكاڵانه‌ی سه‌ربه توركیایه كه به‌شێكیان ئه‌ندامانی گروپه جیهادییه‌كانی پێشووی چیچانن و له مۆسكۆ داواكراون، به‌ڵام چاوپۆشیش له داگیركردنی عه‌فرین و سه‌رێ كانی و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كورد نشین ده‌كه‌ن له رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و گروپانه‌ی سه‌ربه توركیاوه!
نموونه‌ی دیكه زۆرن له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی دژه‌كان و نه‌یاریی هاوپه‌یمانه‌كان له‌ناو سنووره‌كانی سوریادا، به‌ڵام له هه‌مووی نوێتر، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیماراتی عه‌ره‌بی بوو بۆ دیمه‌شق له‌دوای 10 ساڵ له بچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی سوریا له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای كێشه‌ی سوریاوه ده‌ستگیرۆیی دارایی و لۆجستیی گروپه نه‌یاره‌كانی ئه‌سه‌دیان كردووە، كه هاوكات ئیماراتی عه‌ره‌بی به‌م دواییانه په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیشدا به‌ستووه. بۆیه ئێستا ئه‌وه‌ی به‌رجه‌سته‌یه له‌و هاوكێشه ئاڵۆزه‌دا، هه‌وڵدانه به ئاراسته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریا بۆ پێش به‌هاری عه‌ره‌بی به‌و مه‌رجه‌ی دیمه‌شق ره‌چاوی خواستی ئه‌و هه‌موو وڵاته بكات كه ئێستا شوێنپێیان له‌و وڵاته‌دا به راسته‌وخۆ یان نا راسته‌وخۆ هه‌یه.