لەیلا عومەر

کۆچ و گەڕانەوەی ناچاری

  2021-11-15 18:25      99 جار بینراوە        کۆمێنت

ئاشكرایه‌ لای هەموان کۆچ دیاردەیەکی ئاسایی و نێودەوڵەتییە و خەڵکی بە مەبەست و هۆکاری جیاواز کۆچ دەکەن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، بەخۆشحاڵییەوە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و جۆرێک لە کرانەوەی کوردستان بە رووی وڵاتان و بەتایبەت لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ كۆتاییەكانی 2013 كۆچی پێچه‌وانه‌ی كورد له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ به‌ره‌و كوردستان ده‌ستی پێكرد، زۆرێك لە كوردی دەرەوەی وڵات گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزموون و شارەزایی چەند ساڵەی خۆیان لێرە خستەگەڕ و چەندین پڕۆژەی بچووكی سوودبەخشیان پێشكه‌شكرد، به‌ڵام له‌ دوای هێرشەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاشان دروستبوونی قەیرانی دارایی و بڕینی به‌شه‌ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆچكردنی گەنجان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رله‌نوێ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر بۆ هه‌نده‌ران ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ئەو كۆچكردنە ناچارییە دەبوو وەرچەرخانێكی لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دروستبكردایە و رێگه‌ و میكانیزمی فره‌جۆر بگیرانایەتە بەر.

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ماوه‌یه‌كه‌ قه‌یرانی كۆچه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنووره‌كانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵه‌نده‌ دروست بووه‌. بیلاڕوسیا ئەو وڵاتەیه‌ کە ئێستا بەشێكی زۆر له‌ كۆچەرانی عیراق و كوردستان و وڵاتانی دیكەیش وەكو دەرەوازەیەك بەكاریدەهێنن بۆ گەیشتن بە قووڵایی وڵاتانی ئەوروپا، به‌هۆی خراپیی بارودۆخی كۆچه‌رانی بیلاڕوسیاوه‌، زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان داوای مامەڵەیەكی مرۆییانه‌ لەگەڵ كۆچەران ده‌كه‌ن، یەكێتیی ئەوروپا ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی مینسك ده‌گرێت، چونكه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م كه‌یسه‌ وه‌ك كارتێكی فشار دژی یه‌كێتییه‌كه‌ به‌كاریبهێنێت، سەركۆنەی ئەو دەرگا كردنەوەیەی بیلاڕوسیا دەكەن، به‌ كارێكی نایاسایی ده‌یناسێنن و وەكو تۆڵەكردنەوەیەك لە یەكێتیی ئەوروپا وێنای دەكەن.

له‌ڕاستیدا، له‌ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی رێگە لە كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی نیشتمانەکەمان بگیرێت پێویسته‌ گرنگی و بایه‌خی زیاتر به‌ هاووڵاتیان و به‌تایبه‌ت توێژی گه‌نجان بدرێت لە رێگەی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دادپەروەرانە و رەخساندنی هەلی كار و گرنگیدان بە كردنەوەی پڕۆژەی تایبەت، نموونەی زۆر هەیە گەنجانی كورد لە وڵاتانی جیهان سەرمەشقن و كاری جیاواز پێشكەش دەكەن، زۆر بوار هەیە گەنجانی كورد تیایدا پێشەنگن و توانای خۆیان سەلماندووە، بوونەتە نموونەیەكی جوان كە جێگەی شانازییە بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان.

كه‌واته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانێت به‌ به‌رنامه‌ی تۆكمه‌تر، پشتیوانی له‌ گه‌نجان بكات له‌ رێگه‌ی خستنه‌گه‌ڕی تواناكانیانەوە، گرنگیدان به‌ خولیاكانیان، وه‌ك ده‌زانرێت هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، ناوچه‌ی گه‌شتیاری، زه‌وی كشتوكاڵی به‌پیت، خاكی كوردستان پیت و فەڕی زۆری هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی كە دەرفەت بۆ گەنجانی كورد دەڕەخسێنێ‌ لە وڵاتەكەی خۆیان خزمەت بكەن نه‌وه‌ك جێیبهێڵن. دواجار، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرنگه‌، سیستمی بەڕێوەبردن گۆڕانكاریی ریشه‌یی پێویستە بۆ نوێبوونەوە و پێشخستنی كەرتە جۆراوجۆرەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان.

له‌م رووه‌وه‌، پێشنیازی كاری پێكەوەیی بۆ بەڕێوەبردنێكی تەندروست ده‌خەمەڕوو، ئەزموونی حوكمڕانی لە هەموو شت زیاتر پێویستی بە كەڵك وەرگرتنە لە توانای گەنجەكانی، لەڕاستیدا حكومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە كار بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتیان و گەنجانی كورد بكات بە بەشداریپێكردنیان لە بەڕێوەبردنی كەرتی گشتی و تایبەت ئه‌گه‌رچی له‌ ئاست خواسته‌كانی گه‌نجانیشدا نه‌بووبێتن، ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستە کاری لە پێشینەی حکومەت دەستگیرۆیی گەنجان و هاندانیان بێت بەجۆرێک سوود لە پێشنیاز و پڕۆژە بەسوودەکان ببینرێت.

كه‌واته‌، جێبەجێكردنی پڕۆژەی هه‌مه‌جۆر و بەرەوپێشبردنی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار لەبری ئەوەی كۆچكردن بكاتە ناچاری، ئه‌وكات گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان پێچەوانەوە دەكاتەوە، ئەمە كارە راستەقینه‌كه‌یه‌ كە پێویستە به‌هه‌موولایه‌كمان بیکه‌ین.

* جێگری پارێزگاری سلێمانی

وتاری زیاتر



پلانی وردتری دەوێت‬ لەیلا عومەر
2021-12-20 15:45      62 جار بینراوە



فەرەنساو دوو وێنەی جیاواز‬ لەیلا عومەر
2021-11-29 15:58      61 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو