لوبنان ئەو وڵاتەیە سنووری لەگەڵ سوریا و ئیسرائیلدا ھەیە و ساڵانێکی زۆر شەڕی ناوخۆی بە خۆیەوە بینیوە. لەساڵی 1975 تا ساڵی 1990 دووچاری شەڕی ناوخۆ بوو، بەھۆیەوە تووشی داگیرکاری بوو لە لایەن سوریاوە. لە ساڵی 1976 و ساڵێک دوای دەستپێکی شەڕ، سوپای سوریا ھاتە ناو خاکی لوبنانەوە لە ژێر ناوی ناوبژیوانی و دەرکردنی سوپای ئیسرائیل، ئەو وڵاتەی داگیرکرد و سیاسەت و ئابووری ئەو وڵاتەی خستە ژێر رکێڤی خۆیەوە. ئەم چوونە ناوەوەی سوپای سوری لە لایەن بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان و خەڵک بە داگیرکاریی و لە لایەن ھەندێکی دیکەوە بە ھاوکار دەبینران، لەگەڵ ئەوەی سوپای سوریا دژێکی زۆری ھەبوو، بەڵام ساڵانێکی زۆر لە لوبنان مایەوە و سیاسەتی ئەو وڵاتەی بە تەواوی کۆنترۆل کردبوو، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی وڵات ئێمیل لەحود بە یەکێک لە نزیکەکانی رژێمی سوریا دادەنرا. ئێمیل لەحود پلەی جەنەڕاڵی ھەبوو لە سوپای لوبنانی. بەپێی دەستووری ئەو کات کەسانی سەربازی بۆیان نەبوو خۆیان بۆ سەرۆکایەتی وڵات کاندید بکەن.
گۆڕانکاری لە دەستووری لوبناندا
لە ساڵی 1998 دەستووری لوبنان لە ژێر فشاری سوریا گۆڕانکاری بەسەردا ھات و بە شێوەیەک گۆڕا کە رێگا درا بەکەسانی پلەدار لە سوپای لوبنانی خۆیان بۆ سەرۆکی وڵات بپاڵێون. بەو ھۆیەوە ئێمیل لەحود بوو بە سەرۆک کۆمار.
سەرۆکی وڵات لە دەستووری لوبناندا بۆ ماوەی 3 ساڵ لە لایەن پەرلەمانەوە ھەڵدابژێردرێت و بۆی ھەیە دوو خول لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
لە ماوەی مانەوەی سوپاسی سوریا لە لوبنان چەندەھا حزب دروست بوون کە دژ بە مانەوەی ئەوان و دەستوەردانیان بوون لە کاروباری وڵات.
رەفیق حەریری یەکێک بوو لە دژە سەرسەختەکان و جەماوەرێکی زۆری ھەبوو.
سیاسەتە میانڕەوەکەی رەفیق حەریری
سیاسەتە میانڕەوەکەی و کردنەوەی وڵاتەکەی بەڕووی وەبەرھێنانی سعودی و بیانی بووە ھۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری لبنان.
حەریری چەندەھا جار لە لایەن سوریاوە ھەڕەشەی لێکراوە، بەڵام لەسەر سیاسەت و رەوتی کرانەوەی بەڕووی سعودیە بەردەوام بوو.
سوریا فشارێکی زۆری دەکرد بۆ سێیەم بارە کاندید کردنەوەی ئێمل لەحود کە پێچەوانەی دەستووری ئەو وڵاتە بوو.
رەفیق حەریری دژ بە پێشێلکردنی دەستوور وەستایەوە و دژ بە سێیەم جار کاندید کردنەوەی ئێمل لحود بوو. ھەموو ئەو فشارانەی لەسەر حەریری بوو لە لایەن سوریاوە ئەویان پاشگەز نەکردەوە لەو سیاسەتەی گرتبوویەبەر دژ بە داگیرکاری سوریا و دەستوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە کاروباری ناوخۆی لوبنان.
ئەم سیاسەتەی حەریری دژ بە خواستی سوریا و ئەو لایەنانەش بوو کە نزیک بوون لەو وڵاتەوە.
رەفیق حەریری لە ئوکتۆبەری 2004 دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی 29/5/2005 ئامادە دەکرد.
بەھۆی نەھجی سیاسەتی دژ بە سوریای چەند مانگێک بەر لە ھەڵبژاردنەکان و لە 14/2/2005 لە رێگای بۆمبی چێندراوەوە رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی دەست لە کار کێشراوەی لوبنان تیرۆر کرا.
دوا بەدوای کوژرانی رەفیق حەریری خۆپیشاندان دژ بە داگیرکاری سوریا دەستی پێکرد. ئەو خۆپیشاندانە بە شۆڕشی (ئەلئەرز) ناونراو بەھۆیەوە لە 27/4/2005 دوای زیاتر لە 30 ساڵ داگیرکاری سوریا، سوپای سوریا لوبنانی بەجێھێشت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی ھەڵبژێردراو لە 2005 نەیتوانی دژ بەخواستی سوریا بوەستێتەوە و لە دەرەوەی دەستوور ئێمیل لەحود بۆ خولی سێیەم ھەڵبژێردراو تا 30/11/2007.
حزبوڵڵای لوبنانی بە تیرۆرکردنی رفیق حەریری و کوشتنی 200 کەسی تر تۆمەتبار کراو لە 18/8/2020 ئەندامێکی ئەو حزبە بە غیابی لەسەر ئەو تاوانە لە دادگای دانھاغ حوکم درا.
عیراق لە زۆر رووە ھاوشێوەی لوبنانە
عیراقیش وەکو لوبنان فرە مەزھەب و فرە کیانە، ساڵانێکی زۆر جەنگی بەخۆیەوە دیوە، خاوەنی ئابووریەکی داڕماوە و زیاتر داگیرکاری و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ بەسەریدا زاڵە.
لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە چەندەھا حزب و سەرکردە دروست بوون کە وەلائی خۆیان بۆ وڵاتانی دراوسێ نەشاردۆتەوە.
لەدوای ئاشکرابوونی دەرئەنجامی کۆتا ھەڵبژاردنەکان و کەمبوونەوەی دەنگی ھەندێک لایەنی نزیک لە وڵاتانی دراوسێ بە ئاشکرا تەھدیدی تێکدان و روخانی حکومەت و تیرۆرکردنی ئەندامانی کۆمیسیونی ھەڵبژردن و ئەو سەرکردانە دەکەن کە کار بۆ سەروەری عیراق دەکەن.
بە ئاشکرا قەیس خەزعەلی و … تەھدیدی سەرۆکوەزیرانیان کرد و دووپاتیان کردەوە کە دان بە دەرئەنجامی ھەلبژادندا نانێن و قبووڵی ناکەن.
ھەرچەندە ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی شکستی ھێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرھاویشتەکانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق زۆر بەرجەستەیە.
کازمی لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانە لە ھەمان کاتدا قائیدی ھێزە چەکدارەکانی عیراقە.
من باس لەوە ناکەم کە ئەم ھێرشە لاوازی سوپای عیراق و دەزگا ھەواڵگرییەکانی دەرخست، بەڵکو روونی کردەوە کە جیاوازی لە بۆچوونی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئێستا بە دواوە بەشێوازێکی تر چارەسەر دەکرێت دوور لە گفتوگۆ و حیوار.
لایەنە ناڕازییەکان هەوڵی گۆڕینی ھاوکێشەکە دەدەن
ئەو لایەنانەی رازی نین بە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، بۆ گۆڕینی ھاوکێشەکە بە لای خۆیاندا دەست بۆ سەرەوەی ھەرەمی دەسەڵات دەبەن و لەڕێگای ھەرەشە و تیرۆرەوە خواستی خۆیان و پاڵپشتەکانیان دەچەسپێنن.
ئەمە لە ھەموو کات زیاتر روونی دەکاتەوە کە ھەڵبژاردن لە عیراقدا بێجگە لە بانگەشەکردنی دیموکراسی ھیچی تر نییە.
دابەشکاری دەسەڵات و کورسی پەرلەمان لە ژوورە تاریکەکان و لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا دەکرێت.
ئەم ھەوڵە تیرۆریستییە خامۆشکردنی کۆتا تروسکایی باوەڕبوون بوو بەدیموکراسی لە عیراقدا و خاپورکردنی ئەو ھەنگاوانەی نراون بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری عیراق.
لەگەل کرانەوەی عیراق بە رووی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداودا، ھەوڵی تێکشکاندن و لەناوبردنی ئەو کەس و لایەنانە ھاتە ئاراوە کە ئەو ھەوڵە دەدن.
عیراق ھاوشێوەی لوبنان بەرەو چارەنووسێکی نادیار و داڕمانی ئابووری زیاتر ھەنگاودەنێ و سیستمی دیموکراسی تێیدا شکست خواردووە.