ئۆتۆمبیلەکان بە موزیکەوە هەریەک لە ئاوازێک رۆژانە 10 جار بە کۆڵانەکاندا دەهاتن و لەبەر دەرگای هەر ماڵێکیش شکیان هەبوایە کە دەمێکە کڕیاری غاز نییە، هێواشیان دەکردەوە و تا گوێیان پڕ دەبوو موزیکی بۆ لێدەدان. ماوەیەکە لەگەڵ دەنگۆی گرانبوونی نرخی غاز نە دەنگی موزیک ماوە نە تەقە و رەقەی بوتڵی غاز.
دەڵێن ئەمە سیاسەتی ئیستیعمارە کە شوێنێک داگیردەکات کارێک دەکات خەڵکەکەی هەمیشە چاوەڕوانی لەتە نانێک بێت و بپاڕێتەوە، چونکە لەو روانگەیەوە برسێتی شای لاوازییەکانی مرۆڤە، دەبێت کارێک بکەن کە مرۆڤەکانی ئەو شوێنە سەریان نەپەرژێتە سەر ئەوەی باسی خواستە سیاسییەکان بکەن یان ئەوانی دیکەی پەیوەستە بە باری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
ئیستیعمار کاتێک ئەوە دەکات، ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، ئەو داگیرکەرە و سەربە وڵات و نەتەوەیەکی دیکەیە و باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، بەڵام ئەوەی سەیرە لە وڵاتی خۆتدا لەژێر حکومڕانیی خۆییدا، لەپاڵ ئەو هەموو سامانە نەوتییەدا کە رۆژانە لە هەناوی ئەم خاکە دەردەهێندرێت و بە بەرمیل و تەنکەر و بۆری دەفرۆشرێت، کەچی خەڵکی ئێرە دەبێت هەمیشە لە بیری مووچە، نەوتی سپی، بەنزین، غازی ماڵاندا بن.
ئاخر نازانم بۆچی هێندە لە دەرگای پشتگوێخستن بدەین و بەها بۆ هەستی خەڵک دانەنێین؟ ئەرێ خۆ هێندەی نەماوە بچینە هەڵبژاردنێکی دیکەوە و وەک دەڵێن تەمەن پێچی مێزەرێکە، بۆچی تەنها لەسەروبەندی هەڵبژاردندا بیر لە هەندێک کار ئاسانی و چاکسازیی بکەینەوە؟
بۆ هەر قەیرانێک کە دێتە پێشەوە دەبێت حکومەت پارەی خەزنکراوی خۆی بخاتە سەر تا کەموکووڕییەکان داپۆشێت، نەک ئەویش وێڕای خەڵک تەماشاچی بێت.
خەڵک وای لێهاتووە دەبێت بچێتە ژێر باری هەرچی نەهامەتییەوە کە رۆژانە رووی تێدەکات، وشکە ساڵی دێتك دەبێت خەڵک باجەکەی بدات، کارەبا نابێت پێیان دەڵێن هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت، ئارد گران دەبێت، دەڵێن خەتای گومرگە و نرخەکەشی بەرز بۆتەوە، بەنزین دوو بەرامبەر لە دوو مانگدا زیاد دەکات، دەڵێن هێندە لەسەر خۆمان دەکەوێت.
وای لێهاتووە حکومەت تەنها هۆکارەکان بۆ خەڵک رووندەکاتەوە هەر وەک هەواڵنێرێک نەک وەک حکومەتێک کە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت و رێگەچارە بدۆزێتەوە.
ئەگەر غازی ماڵان زیادی کردووە با رایبگەیەنن و بڵێن دەبێتە ئەوەندە و وێڕای بەنزینەکە با ئەویش بە کۆڵاناندا بگەڕێت و نرخێکی دیکەی بۆ دابنێن، بەڵام ناکرێت زۆرێک لە غاز فرۆشەکان ئوتۆمبێلەکەیان کردووە بە هی بار گواستەوە و وازیان لە فرۆشتنی غازەکە هێناوە و کەسیش لێیان ناپرسێتەوە، بەڵام بە تەلەفۆن و ژێر بە ژێر بە گران دەفرۆشرێت.
ئەگەر بە هەریەک لەو بریکارانە بڵێیت بۆچی وای لێهاتووە؟ پێت دەڵێن خەتای حکومەتە.
بەرپرسێکی حکومی دوو هەفتە لەمەوبەر وتی: ناهێڵین غاز بە گران بفرۆشن و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی غازیش پاسەوانێک تەرخان دەکەین کە لەگەڵیدا بگەڕێت. ئەمە بەو مانایە دێت غاز فرۆشەکان سوورن لەسەر گرانکردنی غازەکە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی راستە، ئەوە نابێت حکومەت پشت بەم چەواشەکارییە ببەستێت و خەڵک بخاتە ژێر ئەم دۆخە خراپەوە.
ئەگەر تاکی ئەم هەرێمە خۆی راکە راکە بەدوای هەموو ئەو شتانەدا بکات، ئەی چی مانایەک بۆ حکومەت و حکومڕانی دەمێنێتەوە؟
ئێمە نەتوانین رێگە لە فڕۆکە جۆراوجۆرەکان بگرین کە بە ئاسمانماندا دێن و دەچن و بۆردومان دەکەن، نەتوانین رێگە لە دەربڕینی سیاسەتێکی دژی وڵاتێکی ئیقلیمی بگرین، نەتوانین بەغدا ناچار بکەین بودجەمان لە کاتی خۆیدا بۆ دابین بکات، نرخی هەرچی شتە بچێتە سەر و مووچەش بەو پچڕ پچڕییە بێت و نەیەت، دامەزراندنە حکومییەکان وەستا بن، هەموو ئەمانەش هەر تاکی خۆمان هەوڵی خۆ دەربازکردن لێی بدات و قەیرانیش بەردەوام بێت، ئیدی کەوابێ تۆ حکومەتی چیت؟
75 جار بینراوە