هۆکارو پاڵنەری سەرەکی کۆچی بەلێشاوی لاوان ئابورییە، ئابووری لێرەدا بەمانای ئاسایشی بژێوی، لەگەڵ ئابووری گشتیدا، بەڵام ئەم هۆکارە ئابورییە، پاڵنەری سەرەکی لەکوردستان سیاسییە، ئەوە سیاسەتە دەبێت بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئابووری بگۆڕێت، نەک سیستەمی ئابووری بەتەنها.
سیستەمی ئابووری هەرێم چەند ساڵێکە گەشتوەتە بنبەست، ئەم سیستەمە ئابوورییە کرۆکەکەی لەسەر بنەمای ئەوە دامەزرابوو کە کەرتی گشتی یان حکومەت بەکاربەری سەرەکیی دەستی کاربێت لەکۆمەڵگادا، ئەم سیاستە ئابوورییە حکومەت لەپێناو گەشەو وەبەرهێنان و بوژانەوەو کەڵەکردن و داهێناندا نەبوو، بەڵکو پاڵنەری سەرەکی کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بوو لەلایەن نوخبەی سیاسییەوە.
فەرمانبەر کەسێکی کۆنترۆڵکراوە، کەسێکە کە جوڵەو بیرو تواناو بژێوی لەدەستی لایەنی سیاسیدایەو دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەنە هەڵسوکەوت بکات، فەلسەفەی سیستەمەکە، گەرچی رانەگەیەنراوە، بەڵام بەڕوونیی بریتییە لەنان بەرامبەر ملکەچی.
بەڵام ئەم سیستەم گەشتووەتە بنبەست لەچەند لایەکەوە، یەکەم، بوارنییە بۆ هەڵاوسانی زیاتری کەرتی گشتی، دووەم، داهات بەشی ئەوە ناکات کە هەمووان ببنە بەشێک لەکەرتی گشتی، سێیەم، کەرتی گشتی تەنها یەک ئامرازە لەئامرازەکان حوکمداری لەکوردستان. چونکە شەڕێکی ناکۆتای ناوخۆ لەهەناو سیستەمەکەدا هەیە، ئەوا قۆرغکردن و مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داهات بەشێکی هەرە سەرەکی بەڕێوەبردنی ئەم جەنگەیە، گەندەڵی و قۆرخکردن رێگری لە ە سیستەمبوونی ئابووری هەرێم و رێگەنەدان بەگەشەی کەرتی سەربەخۆ هەمووی بەشێکە لەم سیستەمە.
ئەم سیستەمە هەر ئەوە نییە گەشتووەتە بنبەست، بەڵکو جۆرێک لەمرۆڤی لەگەڵ خۆیدا بەرهەمهێناوە، مرۆڤێک کە بریندارو شەڕانی و بێ هیواو دەستەپاچەیە، خەڵک بڕوانامەی هەیە، بەڵام شارەزایی نییە، بیرۆکەی کاری هەیە، بەڵام دەستی ناگاتە سەرمایە، خەڵکانی تر بەئاسانی دەوڵەمەندبوون، ئەویش وەها خەیاڵ دەکات.
چارەسەری ئەم دۆخە دروستکردنی ئابوورییە، ئازادکردنی سەرمایەیە، کرۆکی سەرمایەداری flow یە، کە یانی نەبوونی هیچ بەرگرییەک لەبەردەم رۆشتندا، بەڵام دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەئەنجامدا ئابووری ئێمە پڕیەتی لەبەربەست، نەبوونی سیستەمێکی بانکیی، ترسی نوخبەی دەسەڵات لەگەشەی ئابووری لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، ئازادکردنی بازاڕ، ئەمانە بنەمای چارەسەرن، بەڵام وردکردنەوەو پیادەکردنی کاری زۆری دەوێت، بەتایبەتی ئەم نەوەیە کەئێستا هەیە، پڕ دەکرێت لەتووڕەیی لەپێناوی ئاراستەکردنی سیاسی، لەئەنجامدا لەوە دەکەوێت مرۆڤێکی ئابوورییانە بێت.