مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د

ئایا په‌لاماردانی ماڵی كازمی چاوه‌ڕوانكراو بوو؟

  2021-11-13 19:41      100 جار بینراوە        کۆمێنت

له‌دوای هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی سه‌رماڵی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌ تائێستاش نازانرێت ناوبراو له‌كاتی په‌لاماردانه‌كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بوو یاخود نا، له‌وتارێكیدا وتی: زانیاری ته‌واومان لایه‌ كێ و چ لایه‌نێك ده‌ستی له‌په‌لاماردانه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌خودی سه‌رۆك وه‌زیران، نه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش نه‌یانوێراوه‌ خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئاشكراكردنی بكه‌ری كرده‌وه‌كه‌ بده‌ن بۆ رای گشتی.
مسته‌فا كازمیی وه‌ك یاریكه‌رێكی سیاسیی شاره‌زا ده‌زانێت دركاندنی سه‌رچاوه‌ی په‌لامارده‌ره‌كه‌ نه‌ وه‌زعه‌ شڵه‌ژاوه‌كه‌ پێش ده‌خات نه‌ پاشیشی ده‌خات، چونكه‌ جوڵێنه‌ری په‌لامارده‌ره‌كه‌ وه‌ك ئه‌داتێكی بچووكی گوێڕایه‌ڵ ته‌نیا فەرمانی گه‌وره‌كانی جێبه‌جێكردووەو گه‌وره‌كانیش له‌ودیو سنووره‌كانه‌وه‌ن، بۆیه‌ كازمی ده‌یه‌وێت له‌پانتایی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌مڕۆی عیراقدا كه‌ توله‌ڕێیه‌كی باریكی  بۆماوه‌ته‌وه‌، میتۆدو رێكاری به‌رده‌ستی وا په‌یوه‌ست و ناچاری ده‌كات له‌پێناو ئاینده‌ی سیاسیی خۆیدا، خۆی  به‌دووربگرێت له‌پرسی ئاشكراكردنی ناسنامه‌ی په‌لامارده‌ره‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ گله‌یی و باسی نێو دانیشتنه‌كانی ماڵی شیعه‌و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی  دووباره‌بوونی به‌سه‌رۆك وه‌زیران به‌كراوه‌یی بهێڵێته‌وه‌و هه‌میشه‌ یه‌كێك بێت له‌ئه‌گه‌ره‌كان.
له‌لایه‌كی دیكه‌ مسته‌فا كازمی دركی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ گرۆی په‌لامارده‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستگیرۆیی ده‌ره‌كیی هه‌یه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌ش حه‌سانه‌ی مه‌رجه‌عیی ناوخۆیی هه‌یه‌و هه‌روه‌ك ده‌شزانێت بكه‌ره‌كه‌ هێزگه‌لێكی وه‌لائیین  و له‌گه‌ڵ بێمنه‌تیان له‌كاردانه‌وه‌كانی حكومه‌ت و سوپا، شانازیش به‌ ئینعزالیی خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و چه‌ك و مووچه‌ له‌ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن و له‌هه‌مانكاتیشدا ته‌وه‌جوهاته‌كانیان پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌و سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تن، ته‌عاموڵكردنی گروپێكی بچووكی چه‌كداریی مه‌زهه‌بیی نێوخۆیی له‌چوارچێوه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی موته‌كامیلی پڕچه‌ك كه‌ ناوی حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت، خۆی له‌خۆیدا له‌گۆڕنانی وه‌همی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ ته‌قدیسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌كه‌ن، چونكه‌ حكومه‌ت به‌سوپا نیزامییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌نێو خاكی عیراقدا بۆیان نییه‌ سنووری  سه‌ربازیی هێزه‌كانی حه‌شدی شیعه‌ ببه‌زێنن و حه‌شدیش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌میوانیش ناچێته‌ ئه‌و سنووره‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ سوپای تیدا نیشته‌جێیه‌، چونكه‌ ده‌زانن له‌نێو سوپادا نه‌خوازراون، له‌ولاشه‌وه‌ هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی سونه‌ ئاسووده‌و پارێزراونین، له‌و ناوچه‌و شارانه‌دا نیشته‌جێ ببن كه‌شیعه‌نشینن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی شیعه‌ ناتوانن به‌ئاسووده‌یی له‌ناوچه‌و شاره‌ سونه‌نشینه‌كاندا نیشته‌جێ ببن، بۆیه‌ به‌واقعی حاڵ ئه‌گه‌ر نه‌خوازراویش بێ، ژیانی هیچ لایه‌كیان له‌نێو ئه‌وی دی پارێزراونییه‌، نه‌ سوننه‌كان به‌شداری تقوس و مه‌راسیمی شیعه‌كان ده‌كه‌ن، نه‌ شیعه‌كانیش  جه‌ژنیان له‌گه‌ڵ جه‌ژنی سونه‌كاندا هاوكات ده‌كه‌ن، ئه‌م واقیعه‌ گوزه‌ران و ژیانه‌ له‌كۆی پێناسه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكدا شوێنی ده‌بێته‌وه‌؟ 
به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێك  له‌كۆكراوه‌ی ده‌روون و ناخی پێكهاته‌ی جیاوازی له‌و جۆره‌ له‌نێو سنووری پاشماوه‌ و جێپه‌نجه‌ نامرۆیی و ناشرینیه‌كانی به‌عس به‌دناودا، جۆره‌ كه‌شێكی به‌ میرات هێشتۆته‌وه‌ به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌مه‌ودوا جڵه‌وی حكوم له‌ عیراقدا له‌ده‌ستبگرێ له‌وانه‌ی پێشتر له‌عه‌لاوی و جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدی باشترو سه‌ركه‌وتووتر نابێت، كوردیش له‌مدیو  سنووره‌كانی ئه‌ودوو لایه‌نه‌شه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌پریشكی ئاگری یه‌كێكیان سووتاوه‌و له‌كۆتایشدا له‌ناكۆكییه‌كانی نیوانیاندا هه‌ر كورد باجه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌دۆخی وه‌های  سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی عیرقدا، هه‌م رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانی رابردوو چاوه‌ڕوانكرابوو هه‌م له‌مه‌ودواش چاوه‌ڕوانكراوه‌ ده‌بێت به‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوی ماڵه‌كه‌ی كازمیشه‌وه‌.

وتاری زیاتر








خائین و خیانەت‬ مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د
2020-10-17 15:25      184 جار بینراوە


سەدساڵەی سیڤەر‬ مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د
2020-08-08 15:28      239 جار بینراوە











نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو